ئه‌گه‌ر هاتی په‌له‌مه‌که‌، بادڵم هێشووی تۆ بگریت ؟؟... که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

١

هه‌میشه‌ له‌دره‌ختێکی وه‌نه‌وشه‌یی ده‌چی

قژت جوانه‌ شانه‌ی ناوێ

هه‌میشه‌ له‌میوانی ناوه‌خت ده‌چی

جگه‌ له‌تریفه‌ی بارانی چاوم

جه‌سته‌ت ئاوی تری ناوێ

هه‌میشه‌ له‌کۆترێکی غه‌مگین ده‌چی

کانیاوی رۆحی من نه‌بێ

گه‌روت ئاوی تری ناوێ

هه‌ندێک جار ده‌نکه‌ گه‌نمێکی و

په‌رژینی بایه‌ک ئه‌تڕوێنێ

هه‌ندی جار چڵی نێرگزێکی پڕ له‌شووشه‌ی

ده‌ریایه‌کی پڕله‌ته‌رمی

به‌خۆڕ دێت و که‌س ناتبینێ

به‌لاَم ئه‌وه‌ی بۆمن گرنگه‌

میوه‌ی هێشوه‌کانی لێوته‌

هه‌ربۆمنه‌ و بۆکه‌س نابێ

٢

به‌قه‌د دارسێوه‌ لا سوره‌ى لادێ

سێوی دڵم خوَشه‌ویستی بوَت گرتوه‌

به‌قه‌د ده‌نکی لارو له‌نجه‌ی

دارهه‌ناره‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌

فرمێسکم بوَتوَ ڕشتوه‌

٣

که‌ شوره‌ی چاوه‌کانت گریا

فرمێسکی خه‌یاڵه‌کانم بوون به‌باران

که‌ڕه‌شه‌بای گۆڕستانێکی سه‌رخۆش قژتی داپۆشی

تاڵه‌کانی بوونه‌ شۆسته‌ی جووڵه‌و سه‌ما

که‌لێوه‌کانت شه‌پۆلی بزه‌و خه‌نده‌ گرتی

ده‌ریای دڵم بوو به‌قاقا

که‌چاوه‌گه‌شه‌کانی ئه‌وینت کرده‌وه‌

تیشکی خۆربوو خۆی شارده‌وه‌؟؟

٤

کراسێکی ره‌نگاڵه‌یت بۆ دووری بووم

تاکوو سێبه‌ری مردن له‌به‌رم کرد

له‌باخچه‌ی چۆڵی ته‌نهایمدا

ماچێکی سه‌رلێوت کردم

ده‌ست و په‌نجه‌ی ناسکت گوشیم

تائه‌به‌د رووگه‌ی سورکردم

هه‌رگیزگوناحم پێ نه‌کرد؟؟

٥

ئه‌گه‌رهاتیه‌ که‌ناری دڵمه‌وه‌

زۆر له‌سه‌ر خۆ وه‌ره‌و په‌له‌مه‌که‌

نه‌کا قاچه‌کانت له‌به‌رد که‌وێ

ئه‌گه‌ر هاتی په‌له‌ بکه‌

ئاگرێک له‌ده‌رونما خۆی حه‌شارداوه‌

خه‌رمانی دڵ ده‌سوتێنێ

خوَت ده‌زانى دره‌نگ که‌وى

چاوى چاوه‌ڕوانیم ده‌فڕێ

٦

ئه‌وه‌ى گوڵی سه‌وزی باخچه‌که‌م

بۆدڵی تۆی کردووه‌

هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ عاشقێک

بوَ رۆحی کوژراوی تۆی کردووه‌

ئه‌وه‌ى توَ به‌خه‌یاڵێکی پڕ له‌ئه‌سرین

بۆ مه‌غریبی منت کردووه‌

هه‌ر ئه‌وه‌یه‌

ده‌روێشێکی پڕ له‌ته‌ریقه‌ت بوَ ژنێکی کردووه‌

٧

که‌ خوَری نائومێدی له‌جه‌سته‌ی ژنێک هه‌ڵدێ

چاوه‌کانم بۆ ئه‌وینت خوڵقاوه‌و هیچ نابینن

جگه‌ له‌ سێبه‌ری چاوه‌کانى تۆ

که‌ خۆریش زه‌رده‌په‌ری ئێوارانی

پاڵتۆکه‌ی ده‌پێچیته‌وه‌و ئاواده‌بێ

خه‌ونه‌کانم هیچ نابین جگه‌ له‌ توَ

٨

ئه‌گه‌ر ڕوَژێ وشه‌یه‌کم بوونه‌ گوناح و

له‌سه‌فه‌رێکدا نه‌غرۆی کردیت

ئازاری دایت،، زوو پێم بڵێ

دڵنیابه‌ و چاوه‌ڕێبه‌

ده‌یسڕمه‌وه‌ له‌بیره‌وه‌ری و ناخمدا

بۆئه‌وه‌ی دڵت هیچ نه‌ڵێ

٩

چه‌ندین ساڵه‌ پیته‌کانی ناوت

له‌گولاَڵه‌ی مێشکمدایه‌

بوونه‌ته‌ ئاوێنه‌ی رووناکی و

هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه‌

ته‌نیاپیاوێک له‌چاومدا

ئاره‌زووی سه‌فه‌رێک ده‌کاوو

قه‌ت پیرنابێ

بۆیه‌دڵم بڕیاریدا

باوه‌ش بۆکه‌س نه‌کاته‌وه‌

هه‌ر بوَ خوَشه‌ویستى ئه‌ونه‌بێ

١٠

که‌ڕه‌ش ده‌چیه‌وه‌ له‌پیاوێکی نائومێد ده‌چی

ته‌نهایی خه‌مت لێ ده‌بارێ

که‌ره‌نگت وه‌ک گوڵ سپی ده‌چێته‌وه‌

بزه‌و خه‌نده‌م لی ده‌بارێ

تۆپڕی له‌تریفه‌ی مانگه‌شه‌و

من به‌ هه‌ردوکیان ڕاهاتوم

هه‌ر بوَیه‌شه‌ که‌ ئه‌تبینم

له‌ ڕقێکى پیرۆز ده‌چم

١١

حه‌زده‌که‌م بتکه‌م

به‌کۆلاره‌یه‌ک و به‌ئاسانی

له‌ئاسمانا بێت و بچی

ئه‌وکاته‌ هه‌ر به‌ده‌ستی خۆمه‌

نزمت که‌مه‌وه‌ لای خۆم و

یاله‌ئاسماندا به‌رزبفڕی

١٢

سه‌رده‌مێکه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌ژیم و

ته‌مه‌ن ناڕواو وه‌ک خۆی ماوه‌

سه‌رده‌مێکه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا

پیاسه‌ ده‌که‌م

قاچه‌کانم گڕوتینی جارانیان هه‌رماوه‌

سه‌رده‌مێکه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا پێده‌که‌نم

تووڕه‌بوونیش لێم تۆراوه‌

١٣

پێان ووتم بوویته‌ شاعیرێ

ئاگاداربه‌ خۆت دووباره‌ نه‌که‌یته‌وه‌

منیش ووتم

مادام ووشه‌و رسته‌و شعر

هه‌رتۆیت و تۆیت

که‌س تاقه‌تی لێمان ناچێ

١٤

شه‌وێک شعریکم بۆنوسیویت

باران به‌لێزمه‌ ده‌باری

به‌یانی خه‌به‌رم بۆوه‌

باران هه‌موو ووشه‌کانی سڕی بۆوه‌

هه‌ربه‌ته‌نیا ووشه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بێ

١٥

ئه‌ڵقه‌یه‌کت بۆناردبووم

روخسه‌تم له‌په‌نچه‌م وه‌رکرت

بۆم هه‌ڵگرێ

زۆ دڵخۆش بووم به‌ئه‌سپایی

پێان ووتم "به‌خته‌وه‌رم

ئه‌وتاکه‌،، خۆشه‌ویستیت بێ؟

١٦

زستان هات و

به‌فرباری و، به‌به‌فراوی لێوه‌کانت داتپۆشیم

ره‌نگم سپی سپی بوو له‌به‌فر

هاوین هات و تیشکی خۆر ره‌ش ره‌شی کردم

دڵم ترسا ئاخۆ سیمام نه‌شێواوه‌

رۆحت جوانه‌

هه‌قم نیه‌ سیمات چۆنه‌و چۆن گۆراوه‌

١٧

ماوه‌یه‌که‌ عه‌شق بۆته‌

روبارێک وله‌ناویدا مه‌له‌ بکه‌م

ماوه‌یه‌که‌ چاوت بۆته‌ روبارێک و

له‌ناویدا خۆم وون ده‌که‌م

ماوه‌یه‌که‌ لێوت بۆته‌ گۆرانیه‌ک

له‌گه‌ڵیدا سه‌ما ده‌که‌م

بۆیه‌ نه‌که‌ی قه‌ت لێم دووربی

من ده‌مه‌ویت بۆهه‌میشه‌ بۆنت بکه‌م

١٨

ئازادییان کرده‌ تفه‌نگ

چی باڵنده‌ی رووناکی بوو

هه‌موویان کوشت

ژنیان کرده‌ بووکه‌ شووشه‌و

له‌سه‌ر خوانی مێزه‌کاندا سه‌مایان کرد

نیشتیمانیان کرد به‌خه‌م و

شنه‌ی ئازاری دایپۆشین

وه‌رزێکی پرخۆڵه‌میشی بوو

جوانی خاکی لێ سه‌ندین

١٩

من نه‌مزانی له‌چاوتروکانێکدا

ته‌مه‌ن ده‌ڕواو

خۆشه‌ویستی هه‌رده‌مێنێ

ژیان بێ تۆ ته‌نیاییه‌و

پایز به‌هار ناوه‌رینێ

٢٠

تۆهه‌ندێک جار

په‌پوله‌یت و به‌سه‌رجه‌سته‌ی

خۆزگه‌کانی هه‌ستمدا ده‌فڕی

هه‌ندێ جاریش هه‌نگێکی تاک وته‌نیای

بێده‌نگی زه‌مه‌ن ده‌شکێنی و

شیله‌ی هه‌موو جه‌سته‌م ده‌مژی

٢١

ئه‌وه‌ی زۆر دڵخۆشم ده‌کا

تۆله‌مینای یاقووتی مندا ده‌ژی

ئه‌و شه‌وه‌ی له‌خه‌زانێکدا بۆتۆت ده‌نوسم

پڕاوپڕی ژووره‌که‌م ده‌بێته‌ تریفه‌و

مۆمه‌کان ده‌توێنه‌وه‌

ئه‌و رۆژه‌ی بۆبێده‌نگی نیشتیمان

ده‌نوسم

ده‌رگای هه‌موو زیندانه‌کان ده‌کرێنه‌وه‌

٢٢

هه‌رچی روبار هه‌یه‌،، جوانه‌

به‌لاَم هیچیان

وه‌کوو ملوانکه‌ی چاوت مه‌ستم ناکه‌ن

هه‌رچی ره‌زو شینایی و باخه‌،، جوانه‌

به‌لاَم هیچیان وه‌کوو

بزه‌و خه‌نده‌ی لێوت

شادم ناکه‌ن

هه‌رچی ناوی پیرۆز هه‌یه‌

بوونه‌ته‌ سه‌رابێکی ناوه‌خت

بوونه‌ته‌ نۆته‌و مۆسیقا

بوونه‌ته‌ شه‌ونمی سه‌ردره‌خت

به‌سێبه‌ری بالاَت ناگه‌ن

٢٣

تنۆک تنۆک له‌زه‌تی ماچه‌کانت

ڕژانه‌ سه‌ر لێوه‌کانم

تا ئه‌به‌د بیرم نه‌چۆوه‌

هه‌ناسه‌ی شنه‌بای تاڵه‌کانت

به‌ر سه‌مای شێواوی قژم که‌وت

تۆزێک له‌ فرمێسکى چاوت

ڕژایه‌ ناو له‌پی ده‌ستمه‌وه‌

هه‌رگیز ختووکه‌ی ووشک نه‌بۆوه‌

٢٤

سه‌رم به‌ر مرواری سنگت که‌وت و

دوو دڵوَپ فرمێسکی گه‌شت و

په‌نجه‌ره‌یه‌ک له‌نائومێدی و

خه‌نده‌یه‌کى پڕ له‌ سوَزم

لێ ده‌که‌وێته‌ خوارێ،

پێش دۆزه‌خی ماڵئاوای

ده‌ستم به‌ر ده‌ستت که‌وت و

ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستم به‌ربوَوه‌

په‌نجه‌کانم هه‌پرون بوون به‌جارێ

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه