ده‌قی نامه‌‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان

ماڵپەری قەڵادزێ:

بەهۆی هەڵوێستی چەند ئەندام پارلمانێکی فراکسیۆنی گۆڕان، کە لە ماوەی ڕابردوودا واژۆیان لەسەر تاپۆکردنی شوقەکانی پارلمان کردبوو، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان نامەیەکی ئاراستەی فراکسیۆنی گۆران کرد. ئەمەش دەقی نامەکەیە:

"به‌ڕێزان: ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان

له‌ پاش رێز و سڵاو

به‌نده‌ وه‌كو كه‌سێ‌ كه‌ له‌ دروستكردنی‌ لیستی‌ گۆڕان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا به‌شداریم كردوه‌ هه‌روه‌ها وه‌كوو هاوڵاتیه‌كی‌ كوردستان ئه‌و هه‌قه‌ به‌ خۆم ئه‌ده‌م ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاراسته‌ بكه‌م:

دو ساڵ زیاتره‌، وه‌ك نوێنه‌ری‌ سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سوێندتان خواردوه‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ ببنه‌ په‌رله‌مانتار له‌ به‌رده‌م رای‌ گشتی‌ دا سوێندتان خوارد كه‌ پابه‌ند بن به‌ په‌یام و كارنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌، خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ سه‌ر ئه‌ساسی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌نگی‌ به‌ ئێوه‌ و ئێمه‌شدا.

من و هاوڕێكانم به‌ شانازیه‌وه‌ ناوی‌ خۆمان خسته‌ پاڵ ناوی‌ ئێوه‌ تا پێكه‌وه‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ ده‌ستبهێنن. له‌ حه‌مله‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی‌ به‌ ئومێدێكی‌ زۆره‌وه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ هۆی‌ پشتیوانی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ چوار هه‌زار هاوڵاتی‌ نانبڕاو كران و سزادران و هه‌زاران هه‌ڵسوڕاو و دۆستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رووبه‌ڕووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن و حه‌پس و لێدان بوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئازایانه‌ به‌رده‌وام بوون‌و خۆبه‌خشانه‌ پشتیوانتان بوون، هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی‌ كۆن، سه‌دان چاودێری‌ خۆبه‌خشی‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان، سه‌دان رۆژنامه‌نوس، نوسه‌ر، هونه‌رمه‌ند و كه‌سانی‌ چالاك پشتگیرتان بوون، هاوڕێكانتان له‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن، رادیۆی‌ گۆڕان، سایتی‌ سبه‌ی‌، كه‌ناڵه‌كانی‌ كومپانیای‌ وشه‌.... گه‌وره‌ترین كامپه‌ینی‌ راگه‌یاندنیان بۆ هه‌ڵبژاردن سازدا. چه‌ندین داهێنانی‌ نوێیان پێشكه‌ش كرد، وره‌ و ئازایه‌تیان به‌خشیه‌ سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئازایانه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ئازادانه‌ ده‌نگ بده‌ن.

ئه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ تا ئێستاش ئومێدمان پێتان قایمه‌ و ئه‌زانین پابه‌ندن به‌ خه‌ته‌گشتیه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك چۆن پێمان خۆش بوو بچنه‌ په‌رله‌مان هه‌رواش ئومێد ئه‌كه‌ین له‌ ئێستا و له‌ ئاینده‌دا وه‌ك كه‌سایه‌تی‌ به‌ڕێز له‌ ناو خه‌ڵكا بمێننه‌وه‌، ئه‌وه‌شتان لا رۆشن بێت، كه‌ نه‌ ئێمه‌ و نه‌ هاوڕێكانتان، نه‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان حه‌سودیتان پێ‌ نابه‌ن، چاویان له‌ ئیمتیازاتی‌ ئێوه‌ نیه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجار ده‌ستخۆشیمان لێكردوون، شانازیمان به‌ هاوڕێیه‌تیتانه‌وه‌ كردوه‌، چه‌ندین جار له‌ چه‌ندین موناسه‌به‌تا، ستایشمان كردوون و ئێوه‌مان به‌ ره‌عیلی‌ یه‌كه‌می‌ خه‌باتی‌ په‌رله‌مان زانیوه‌، به‌ڵام دوای‌ زیاتر له‌ دو ساڵ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ چه‌ند وشه‌یه‌كتان به‌ راشكاوی‌ پێبڵێم:

من له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تیمه‌وه‌ تا ئێستا، شێره‌ ژنه‌كان و پیاوه‌ جوامێره‌كانم به‌وه‌ تاقی‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رده‌م فریوی‌ پاره‌ و پۆستا خۆڕاگر بن و چۆك دانه‌ده‌ن، كاتێك خه‌ڵك پێیان هه‌ڵ ئه‌دا له‌ خۆیان نه‌گۆڕێن و خه‌ڵك له‌ خوار خۆیانه‌وه‌ نه‌بینن، نایشارمه‌وه‌ هه‌ندێكتان له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌دا لاوازده‌رچوون، له‌ به‌رده‌م فریوی‌ شوقه‌ و ڤێلا و ئوتۆمبێل و حه‌ره‌س و ئیمتیازا خۆڕاگر نه‌بوون، به‌ڵام تا ئێستا نه‌ من نه‌ هیچ ئۆرگانێكی‌ ره‌سمی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ ره‌سمی‌ سه‌رزه‌نشتمان نه‌كردون، من له‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سیاسیا حه‌زم له‌ نه‌سیحه‌ت و وه‌عز نیه‌.

حه‌زم له‌وه‌ش نییه‌ كه‌س له‌ ترسی من یان له‌ ترسی دیسپلینی‌ حیزبی خراپه‌ نه‌كا، به‌ڵكو ئه‌مه‌وێ له‌ ترسی لێپێچینه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان و له‌ ترسی موحاسه‌به‌ی‌ ویژدانی‌ خۆی‌ كاری‌ نه‌شیاو نه‌كا، بڕوام به‌و په‌نده‌ی‌ هیندییه‌ سووره‌كان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵێ: له‌ كاتی‌ به‌خێوكردنی‌ مناڵا لێگه‌ڕێ با خۆی‌ چه‌ند جارێك هه‌ڵه‌ بكا و باجی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ بدا، ئه‌وسا ده‌ستی‌ بگره‌و چه‌ند قسه‌یه‌كی‌ بۆ بكه‌.

ئێستا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك به‌سه‌رتانا تێپه‌ڕی‌، خۆشتان به‌ر له‌هه‌ر كه‌س باجه‌كه‌تان دا، ئه‌مه‌وێ لای‌ هه‌مووتان رۆشن بێت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماده‌ نییه‌ باجی‌ هه‌ڵه‌و ته‌ماحی‌ هیچ كه‌سێك بدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نوری‌ چاویشم بێت، چونكه‌ گه‌ر بمانخه‌نه‌ گۆشه‌یه‌ك و موخه‌یه‌رمان بكه‌ن له‌ نێوان سومعه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و له‌ ده‌ستدانی‌ متمانه‌ی‌ سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی‌ له‌ پاڵ ده‌ركردنی‌ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، ئه‌وه‌ بێ دودڵی‌ دووه‌میان هه‌ڵئه‌بژێرین، به‌ڵام هێشتا نه‌چوه‌و بچێ و ئه‌كرێ له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی‌ كه‌ ماوتانه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌خۆتانا بچنه‌وه‌ ئه‌م كارانه‌ بكه‌ن:

1- ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی‌ گۆڕان كه‌ داوای‌ كڕین و تاپۆكردنی‌ شوقه‌و ڤێلاكانی‌ په‌رله‌مانیان كردوه‌، ئاگادارمان كردبونه‌وه‌ كه‌ با به‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی‌ داوای‌ لێبووردن له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و ده‌نگده‌ره‌كانیان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ڵێنیان داوه‌ به‌رگری‌ له‌ مافی‌ گشتی‌ خه‌ڵك بكه‌ن نه‌ك له‌ ئیمتیازاتی‌ خۆیان، به‌ڵام نه‌یان كرد، بۆیه‌ ده‌بێ، ئیستیقاله‌ له‌ په‌رله‌مان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر نا ئه‌وه‌ خۆمان بۆ رای گشتی‌ بڵاو ئه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان چیتر ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ گۆڕان نین و پابه‌ند نه‌بون به‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

2- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی‌ وه‌ك ئۆتۆمۆبێل و شوقه‌و ڤێلا ئه‌درێت ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌نیسبه‌تێك كه‌ موچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نزیكبكه‌وێته‌وه‌ له‌ به‌رزترین ئاستی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومی‌، مه‌به‌ستم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ حكومه‌ت نییه‌ كه‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌.

3- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ر له‌ ته‌مه‌نی‌ تقاعدی‌ خدمه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ خانه‌نشین ئه‌كا، پرۆژه‌ یاساكه‌ زه‌مانه‌تی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان بكا بۆ وه‌زیفه‌ی‌ به‌ر له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی‌، ئه‌وه‌شی كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ نه‌بو بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك موچه‌ی‌ بدرێتێ وه‌ك زه‌مانه‌تێك تا كارێك ئه‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكه‌، چونكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان هان ئه‌دا كاری‌ باش بكا بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر متمانه‌ی‌ خه‌ڵك وه‌رگرێته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان.

4. فراكسیۆنه‌كه‌تان به‌سه‌ر چه‌ند گروپێكا دابه‌ش بكه‌ن (بۆ نمونه‌ پێنج گروپ) هه‌فتانه‌ هه‌ر پێنج گروپه‌كه‌ سه‌ردانی‌ پێنج ناوچه‌ی‌ جیاوازی‌ كوردستان بكه‌ن، له‌ نزیكه‌وه‌ گوێ‌ له‌ داواكاری‌‌و پێشنیازی‌ خه‌ڵگ بگرن‌و داواكاری‌‌و پێشنیازه‌كانیان به‌ نوسراو ببه‌نه‌ به‌رده‌م به‌رپرسان‌و ره‌ئیسی‌ وه‌حده‌ ئیداریه‌كان‌و وه‌زیره‌كان، به‌ یاداشتیش نوسخه‌ی‌ لێ‌ بده‌ن به‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و له‌ لیجه‌نه‌كانیش موتابه‌عه‌ی‌ بكه‌ن. هه‌ر گروپێك راپۆرتی‌ هه‌فتانه‌ی‌ خۆی‌ بدا به‌ (سه‌ید عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌) كه‌ كۆكاری‌ فراكسیۆنه‌كانه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش تۆمار كه‌ن كێ‌ ئاماده‌ نه‌بوه‌‌و ئه‌ركه‌كه‌ی‌ راپه‌ڕێنێ‌‌و عوزره‌كه‌ی‌ چی‌ بووه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك له‌ پرۆژه‌ ده‌ستوری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دا هاتوه‌، كه‌ بۆ هه‌ر ئه‌نجومه‌نی شارێك ئه‌ندام په‌رله‌مان دابنرێ‌ بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ش جێ‌ به‌ جێ‌ بكرێ‌.

5. به‌ تاك و ته‌را پرۆژ پێشكه‌ش مه‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ كۆكار و ژوری‌ قانونی‌ و ژوری‌ ئابوری‌ و ژوری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ پرۆژه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن، بزانن گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ كارنامه‌ی‌ گۆڕان یان نا، هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش ته‌وقیتی‌ خۆی‌ هه‌یه‌.

6. سایتی‌ ره‌سمی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و راگه‌یاندنی‌ خۆمان رائه‌سپێرم به‌پێی‌ ئه‌همیه‌تی‌ چالاكی‌‌و پرۆژه‌كانی‌ فراكسیۆنه‌كه‌تان بایه‌ختان پێ بدرێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شتان له‌لا رۆشن بێ‌ كه‌ ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ چونه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ له‌خه‌ڵكه‌وه‌ نزیك بن‌ نه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ئیعلاما ده‌ركه‌ون. ئێمه‌ش وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جگه‌ له‌ ئێوه‌ دو فراكسیۆنی‌ ترمان هه‌یه‌، له‌پاڵ نزیكه‌ی‌ ده‌ ژور و نزیكه‌ی‌ چل ئه‌نجومه‌ن له‌ كوردستان‌و چل ئه‌نجومه‌نی‌ جالییه‌ی‌ كوردی‌، كه‌ هه‌مویان داوامان لێ ئه‌كه‌ن چالاكیه‌كانیان ته‌غته‌ییه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر فریای‌ چالاكییه‌ گرنگه‌كان ئه‌كه‌وین، متمانه‌شمان به‌ كارمه‌ندانی‌ راگه‌یاندنی‌ خۆمان هه‌یه‌ به‌ دڵسوزییه‌وه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و به‌رژه‌نده‌ی‌ خه‌ڵك كار ئه‌كه‌ن.

 

له‌كۆتاییا ... ئومێده‌وارم له‌ به‌ر روناكی‌ ئه‌م نامه‌یه‌، لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ ژیانی‌ خۆتان‌و له‌ ژیانی‌ خه‌باتی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵ به‌نه‌وه‌، سه‌ربه‌رزانه‌ بچنه‌ ناو خه‌ڵك‌و ده‌نگده‌ره‌كانتان، خۆم و هاوڕێكانیشم پشتیوانتان ئه‌بین، ئومێدی‌ هه‌مو باشییه‌كتان بۆ ئه‌خوازم‌و هه‌ر بژین.

 

له‌جیاتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

هاوڕێتان

نه‌وشیروان مسته‌فا

23/1/2012"

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه