یەکگرتوو وەڵامی ڕاپۆرتی لیژنەکە دەداتەوە

ماڵپەری قەڵادزێ:

دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی ڵێکۆڵینەوەی ڕووداوەکانی زاخۆ و بادینان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی وەک بەرپەرچ بەرانبەر ڕاپۆرتی لیژنەکە بڵاو کردەوەو ئەمەش دەقەکەیەتی:

" رونكردنەوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بە راگەیەنراوی لیژنەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی پارێزگای دهۆك ,

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەداخەوە پاش تێپەربوونی زیاتر لە سێ‌ هەفتە بەسەر پێكهێنانی ئەم لیژنەیەدا راگەیەنراوێكی كورتی بڵاوكردەوە هەر چەند لەسەرەتاوە ئێمە لەسەر زمانی بەرێز ئەمینداری گشتی قسەمان هەبوو لەسەر لیژنەكە, ئیستەش وادەبینین دەرەنجامی لیژنەكە دووبارەوتنەوەی هەمان گوتار و راگەیانراوی بەرپرسانی حزبی و حكومییە كەهەر لەسەرەتای رووداوەكانەوە راگەیەنرا بوو .. بۆیە ئەم سەرنجانەمان لەسەر راگەیەنراوی لیژنەكە بۆ ڕای گشتی دەخەینە روو :

1) لیژنەكە ویستویەتی دارشتنێكی ئینشائی بكا بۆ تێكەڵ كردنی دوو مەسەلەی زۆرجیاواز لە سروشت و پاڵنەرەكانیدا, مەسەلەی هەڵكوتانە سەر مەساج و مەیخانە و ئوتێلەكان لەگەڵ مەسەلەی هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و سوتاندیان ..

2) لیژنەكە راستەوخۆ یەكگرتوو تۆمەتباردەكا بە (هاندان) لە ژێر ناوی هەندێ‌ سایت و كەناڵی راگەیاندن و هەندێ كەسی سەر بە یەكگرتوو لە ناوچەكە، سەرچاوەی ئەم حوكمە نارەوایە هەندێ‌ زانیاری یە كەلە دەزگاكانی سەر بە حزب و دەسەڵاتی ئەو شوێنە دەستیان كەوتووە كە بەرپرسن لە روداوەكاندا..بێ‌ گومان حوكمی وا پێویستی بە بەڵگە هەیە و ناكرێ‌ بەو سادەیی یە سایتێك یا كەناڵێكی راگەیاندن یا بانگخوازێك بە هاندان تۆمەتبار بكرێ‌, چونكە ئەم شتانە بەشێكە لە ئەركی دەزگایەكی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و سروشتیە كە كەم و كوڕی و هەڵە و پەڵەكان باس بكا, لەبەر ئەوە ناكرێ‌ گوتاری رەخنەیی ئۆپۆزسیۆن بە هاندان لە قەڵەم بدرێت كە تۆمەتێكی یاسایی و سیاسیە ..

3) لیژنەكە دەستەواژەی (كاردانەوەی) بەكارهێناوە كە ماوەیەكە لەسەر زمانی بەرپرسان و كاربەدەستانی پارتی و ڕاگەیاندنەكانی بەكاردەهێنرێت بەمەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلایەن لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی لادانیان لە بەرپرسیاریەتی پەلاماردان و سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو لەو دەڤەرە ..

ئاشكرایە ئەوانەی پەلاماری مەساج و مەیخانە و ئوتێلەكانیان داوە و سوتاندویانە خەڵكێكی چەند هەزار كەسی بون و لە هەموو جۆرە خەڵكێكی تیابووە .. بەڵام ئەوانەی هاتونەتە سەر بارەگاكان لە 50 كەس تێ‌ نەپەریوە, لە سەعات 6 ئێوارەی 2/12 تەواو بووە و بڵاوەیان لێ‌ كردوە .. بەڵام پەلاماری بارەگاكان لەسەعات 10:30 ی شەو لە زاخۆوە دەستی پێ‌ كرد وە سوتاندنی بارەگاكان تا 3ی سەرلەبەیانی 3/12 بەردەوام بووە ..

هەروەك ئەوانەی هاتونەتە سەر بارەگاكانی یەكگرتوو بەشێوەیەكی رێك و پێك و چەكدارانە هاتوون و بەدیار چاوی پۆلیس و ئاسایشەوە تاوانی سووتاندنی بارەگاكانیان ئەنجامداوە.

ئەگەر ئەم ڕوداوە كاردانەوە بوایە دەبوو ئەوانەی هاتنە سەر بارەگاكانی یەكگرتوو خاوەن مەیخانە و مەساج و ئوتێلەكان بونایە نەك ئەندام و لایەنگرانی پارتی وەك لە خاڵی سێهەمی ڕاگەیەنراوی لیژنەكەدا ئاماژەی پێكراوە هەروەها سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو لە دهۆك و سێمێل و قەسرۆك و گرێمانەی (كاردانەوە) لە زاخۆش پوچەڵ دەكاتەوە..

4) وشەی كەمتەرخەمی (تقصیر) حوكمێكی یاسایی یە و ئەو حاڵەتەی كاربەدەستە ئیداری و ئەمنی یەكانی ئەو دەڤەرە لەوە زیاتر هەڵئەگرێ‌ و پێویستە لێكۆڵینەوەی زیاتری بۆ بكرێ‌ چونكە ئەگەری (تێوەگلان و پشتگیری و ئاسانكاری تاوانباران) هەیە بەپێ‌ی ئەو بەڵگە و زانیاریانەی لای ئێمە یە .. بۆیە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاربەدەستانی ئەو دەڤەرە بەرپرسیارن لەم روداوانە وەكو بەرپرسیاریەتی یاسایی و ئیداری و دەبێ‌ ئیجرائاتی پێویست بەرانبەر یان بكرێ.

5) مافی ئێمە و هەموو گەلی كوردستانە بپرسین كوا ئاسەواری ئەو جەنگە ئاینی و تائیفیەی كە بەداخەوە هەر لە سەعاتی یەكەمەوە پارتی و دەزگاكانی راگەیاندن كردیانە هەڵڵا و یەكگرتوویان پێ‌ تۆمەتباركرد و لە ساتەكانی یەكەمی ڕوداوەكانەوە كونسوڵخانەو ڕێكخراوە بیانیەكانیان لێ‌ ئاگادار كردەوە و وەك مەترسی جەنگی ئاینی یان لەسەر مەسیحی و یەزیدی خستە روو..

لانیكەم نەدەبوو لیژنەكە فەرامۆشی ئەم باسە گرنگەی بكردایە و دەبوو لە خاڵێكدا ئاماژەی بەوە بكردایە ئەو باسی جەنگی ئاینی یە لە بەدوادا چونەكەماندا ئاسەواری نەبوو بۆیە پێویستە داوای لێ‌ بوردن لە یەكگرتووی ئیسلامیی و گەلی كوردستان بە موسڵمان و مەسیحی و یەزیدیەوە بكرێ‌ لەو هەڵڵایەی بە ناهەق بەرپاكرا ..

 

بۆیە لە كۆتاییدا دەخوازین:

أ‌) داوای لێ‌ بوردن لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و خەڵكی كوردستان بكرێ‌ .

ب‌) بریاری تایبەتی پەرلەمان بەروداوەكانی بادینان بەتایبەتی بڕگەكانی (1 , 2 , 3 , 4 , 9) بەخێرایی جێ بە جێ‌ بكرێت..

ج‌) لیژنەیەكی دادوەری تایبەت و بێ‌ لایەن دیاری بكرێ‌ بۆ لێكۆڵینەوە و حوكم دان لەم رووداوانەدا ..

د) بەمەبەستی دوبارەنەبونەوەی ئەم جۆرە ڕوداوانە هێزە سیاسیە كانی كوردستان میساقێكی شەرەف بۆ بنەماكانی سلوكی سیاسی حزبەكان لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا واژوو بكەن .

ه) چاكسازی ریشەیی بەو جۆرەی لە پاكێجەكانی ئۆپۆزسیۆن هاتووە بخرێتە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردن ..

 

بەئومێدی ئەوەی هەموولایەك لە ئاستی بەربرسیاریەتی مێژوویی خۆماندا بین

مەكتەبی سیاسی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

26/12/2011 "

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه