یەکگرتوو بە هاندان و پارتیش بە سوتاندن تاوانبارکران

ماڵپەری قەڵادزێ:

لەدوای ڕووداوەکانی زاخۆ و بادینان، کە سوتاندنی چەند دوکانێکی مەیفرۆش و چەند سەنتەرێکی مەساج و بارەگاکانی یەکگرتووی گرتەوە، سەرۆکی هەرێم لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە. ئەمڕۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە یەکگرتوو بە هاندان و پارتی بە سوتاندن تاوانبارکران.

راگه‌یاندنی كۆتایی لێژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ی روداوه‌كانی پارێزگای دهۆك

دوا به‌دوای ئه‌و روداوانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی دهۆك و زاخۆ رویاندا و بوه‌ مایه‌ی زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر، كه‌ سه‌رئه‌نجام كۆمه‌لێك جێگاو شوێنی گه‌شتیاری، مه‌یفرۆشتن و مه‌ساج و هه‌ندێك باره‌گای یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌و پارێزگایه‌ سوتێنران،

له‌سه‌ر فه‌رمانی به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، لێژنه‌یه‌ك پێكهێنرا بۆ لێكۆلینه‌وه‌ له‌و روداوانه‌، له‌ دوای ده‌رچونی فه‌رمانه‌كه‌ لێژنه‌كه‌ له‌ رێكه‌وتی 3/12/2011 ده‌ست به‌ كاربو. سه‌ره‌تا لێژنه‌كه‌ سه‌ردانی ناحیه‌ی قه‌سرۆكی كرد و له‌گه‌ل به‌رپرسانی داموده‌زگاكانی ئیداری و ئه‌منی كۆبوه‌وه و زانیارییه‌كانیان لێ وه‌رگیران، هه‌روه‌ها زانیاریش له‌ به‌رپرسانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان‌ وه‌رگیراو و لێژنه‌كه‌ و به‌رپرسانی داموده‌زگاكانی ئیداری و به‌رپرسانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان سه‌ردانی باره‌گا سوتێنراوه‌كه‌‌یان كرد .

پاشان سه‌ردانی قه‌زای زاخۆ مان كرد و بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌گه‌ل داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منییه‌كانی ئه‌و شاره‌ كۆبوینه‌وه‌ و دواتر چاومان كه‌وت به‌ به‌رپرسانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌و شاره‌ و سه‌رجه‌م زانیارییه‌كان كۆكرانه‌وه و دواتر هه‌موان سه‌ردانی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌مان كرد كه‌ سوتێنرابون و زه‌ره‌ریان پێگه‌یشتبو.

هه‌روه‌ها لێژنه‌كه‌مان سه‌ردانی پارێزگای دهۆكی كرد و له‌گه‌ل پارێزگار و داموده‌زگای ئیداری و ئه‌منییه‌كان كۆبوینه‌وه‌ و چاومان كه‌وت به‌ به‌رپرسانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری دهۆك، سه‌رجه‌م زانیارییه‌كان كۆكرایه‌وه‌ و دواتر هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌مان سه‌ردان كرد كه‌ په‌لاماردرابون و سوتێنرابون .

دواتر سه‌ردانی قه‌زای سێمێل و گوندی سێجێ مان كرد و له‌گه‌ل به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منی و به‌رپرسانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ شوێنانه‌ كۆبوینه‌وه‌ و دواتر سه‌ردانی سه‌رجه‌م شوێنه‌ زه‌ره‌رلێكه‌وتوه‌كانمان كرد و ته‌وای زانیارییه‌كان له‌ سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ كۆكرانه‌وه‌ .

هه‌روه‌ها سه‌ردانی ناحیه‌ی زاویته‌ مان كرد و له‌گه‌ل به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منی كۆبوینه‌وه‌ و زانیارییه‌كان كۆكرایه‌وه‌ .

هه‌مو ئه‌م زانیاریانه‌ كرا به‌ راپۆرتێك و پێشكه‌شی به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرا .

دوابه‌دوای ئه‌و راپۆرته‌ و هه‌لسه‌نگاندنی لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، گه‌یشتینه‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه‌ :

١- له‌ دوای ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ كۆكرانه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ هاندان هه‌بووه‌، له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ سایت و كه‌نالی راگه‌یاندن و هه‌ندێك له‌ كه‌سانی سه‌ر به‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌و ناوچه‌یه‌ .

٢- له‌ دوای ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆكرانه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ كه‌مته‌رخه‌می ئیداری و ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ هه‌بوه‌ بۆ كۆنترۆلكردنی بارودۆخه‌كه‌ .

٣- له‌ ئه‌نجامی ئه‌م روداوانه‌دا، كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌رامبه‌ر به‌ باره‌گاكانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، كه‌ كه‌مته‌رخه‌می به‌رچاو ده‌بیندرێت له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆنترۆڵ نه‌كردنی لایه‌نگرانیان له‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان.

٤- هه‌روه‌ها بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ زیانی گیانی له‌و روداوانه‌ نه‌بوه‌، به‌ڵام هه‌ندێ له‌ كارمه‌ندانی داموده‌زگاكانی ئه‌منی و هاوڵاتیان بریندار بون. ئه‌م روداوانه‌ش كاریگه‌ریان هه‌بوه‌ له‌ سه‌ر بارری ده‌رونی هاوڵاتیان.

٥- پێویسته‌ بریاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بێت و یاسا سه‌روه‌ربێت و ده‌ست به‌جێ چاره‌نوسی سه‌رجه‌م گیراوه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

هه‌ركه‌سێك سكاڵا یان زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ هه‌بێت، با ئاگاداری دادگا بكاته‌وه‌ .

 

لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كانی شاری زاخۆ و ناوچه‌كانی پارێزگای دهۆك

25/12/2011

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه