موجاهیدینی خه‌ڵق ده‌ڵی "حکوومه‌تی مالیکی به‌نیازه‌ قه‌ڵاچۆمان بکا"

ماڵپەری قەڵادزێ، کەریم مەرەسەنە:

حکوومه‌تی ئێڕاق بڕیاری داوه‌ دانیشوانی که‌مپی ئه‌شره‌ف به‌سه‌ر چه‌ند پارێزگای جیاوازدا دابه‌ش بکات و وته‌بێژێکی رێکخراوه‌که‌ش رایده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌وان به‌هیچ جۆرێک ئاماده‌ نین که‌مپه‌که‌ چۆڵ که‌ن، به‌ڵام جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئاماده‌ن له‌ ژێر چاودێریی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا، به‌ نیازی وڵاتی سێهه‌م، ئێراق به‌جێ بێڵن.

حکوومه‌تی نووری مالیکی، که‌ پێشتر بڕیاری ده‌رکردنی یه‌کجاریی ئه‌ندامانی موجاهیدنی خه‌ڵقی دابوو له‌ خاکی ئێراق، ئێستا به‌نیازه‌ له‌ چه‌ند پارێزگای جیا جیای ئه‌و وڵاته‌دا نیشته‌جێیان بکا و تا کۆتایی ئه‌وساڵیش ‌ به‌ ته‌واوی له‌ خاکی ئێراقیان ده‌ر بکا.

ئه‌ندامه‌کانی موجاهیدینی خه‌ڵق که‌ له‌ پارێزگای دیاله‌ و له‌ شوێنێک به‌ ناوی "که‌مپی ئه‌شره‌ف" نیشته‌جێن، له‌ دوای رووخانی رژیمی به‌عس که‌ له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانه‌وه‌ داڵده‌ی دابوون، له‌ ژێر گوشاری به‌رده‌وامی داموده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دان. حکوومه‌تی نووری مالیکی پێی وایه‌ هه‌بوونی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی موجاهیدین له‌ خاکی ئێراقدا، کاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌یه‌ بۆ ئاسایشی وڵاته‌که‌، به‌ڵام موجاهیدین رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و گوشارانه‌ به‌ فیتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی رێکخراوه‌که‌یان.

عه‌بدولڕه‌حمان مه‌هابادی، له‌ دانیشتوانی که‌مپی ئه‌شره‌ف و یه‌کێک له‌ وته‌بێژانی رێکخراوه‌که‌ له‌ ئێراق، له‌ پێوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا ئه‌مشه‌و (21/11/2011) پێی راگه‌یاندم که‌ حکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی به‌ نیازه‌ دانیشتوانی که‌مپه‌که‌یان به‌سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌کی ئێراقدا دابه‌ش بکات و ئه‌وه‌شی وه‌ک "پیلانی جینۆسایدکردنی موجاهیده‌کانی ئه‌شره‌ف" به‌ناو کرد.

مه‌هابادی رایگه‌یاند که‌ ئه‌وان به‌هیچ جۆرێک ئاماده‌ نین که‌مپه‌که‌ چۆڵ که‌ن و جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "یان ده‌بێ هه‌موومان لێره‌ بکوژن، یانیش که‌مپه‌که‌ چۆڵ ناکه‌ین."

به‌ گوێره‌ی قسه‌کانی مه‌هابادی رێکخراوی په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان (UNHCR ) ده‌یهه‌وێ سه‌ردانی که‌مپه‌که‌‌یان بکات بۆ ناونووسکردنی دانیشتوانه‌که‌ی، به‌ مه‌به‌ستی راگواستنیان بۆ وڵاتی سێهه‌م، به‌ڵام حکوومه‌تی مالیکی ئه‌و داوایه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانی ره‌ت کردۆته‌وه‌.

ناوبراو روونی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان ئاماده‌ن فۆڕمی په‌نابه‌رێتی له‌ وڵاتی سێهه‌م پڕ بکه‌نه‌وه‌ و پێشوازی له‌ نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ "حکوومه‌تی مالیکی رێگا به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌‌کان نادا سه‌ردانی که‌مپه‌که‌ بکات".

هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌کانی حکوومه‌تی ئێراق، یه‌که‌مجار له‌ کۆتایی مانگی جولای ساڵی 2009دا، هێرشیان کرده‌ سه‌ر که‌مپی ئه‌شره‌ف و به‌گوێره‌ی رێکخراوه‌که‌ 12 که‌س له‌ دانیشتوانه‌که‌ی کوژران و ده‌یان که‌سیش بریندار کران. ئه‌و هێرشه‌ سه‌ربازییه‌ له‌ کاتێکدا روویدا که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئێراق مابوون و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش چاودێریی به‌سه‌ر که‌مپه‌که‌دا ده‌کرد.

عه‌بدولڕه‌حمان مه‌هابادی له‌ لێدوانه‌که‌یدا دووباره‌ی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان "ته‌نیا له‌ژێر چاودێریی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و سه‌ربازانی ئه‌مریکادا" که‌مپه‌که‌ چۆڵ ده‌که‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه‌،‌ ئاماده‌ن تا ده‌کوژرێن به‌ربه‌ره‌کانی بکه‌ن.

ناوبراو که‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ نوێیه‌ی حکوومه‌تی مالیکی به‌ "مه‌ترسیدار" وه‌سف کرد، داوای له‌ رۆشنبیرانی باشووری کوردستان کرد له‌ رێگای حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر حکوومه‌تی نووری مالیکی که‌ "ده‌ست له‌ پیلانی قه‌ڵاچۆکردنی که‌مپی ئه‌شره‌ف هه‌ڵگرێ".

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه