خوێندن له‌ قوتابخانه‌كانی‌ بناری‌ قه‌ندیل ئاسایی‌ بووه‌ته‌وه‌

سەرچاوە، PNA:

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌ده‌ی‌ قه‌ڵادزێ‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا ده‌وامی‌ خوێندن له‌ گونده‌كانی‌ بناری‌ قه‌ندیل ئاسایی‌ بووه‌ته‌وه‌

ئیبراهیم حه‌وێز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ قه‌ڵادزێ‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ په‌یامنێری‌ راگه‌یاند كه‌ دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ بناری‌ قه‌ندیل له‌ كه‌مپه‌كانه‌وه‌ بۆ گونده‌كانیان, خوێندن له‌ قوتابخانه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئاسایی‌ بووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد "پارێزگای‌ سلێمانی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ یه‌ك ملیار و پێنجسه‌د ملیۆن دینار ده‌ربڕیوه‌ و به‌ نیازین ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ی‌ كابینه‌یی‌ له‌ چه‌ند گوندێك پێ‌ دروست بكه‌ین كه‌ گرفتی‌ خراپیی‌ بینای‌ خوێندنیان هه‌یه‌."

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ قەڵادزێ‌ هه‌روه‌ها باسی‌ له‌و گرفته‌ كرد كه‌ "به‌هۆی‌ به‌رده‌وامی‌ دروستكردنی‌ قوتابخانه‌ و زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ قوتابیانه‌وه‌، له‌ ئێستادا پێویستیه‌كی‌ زۆرمان به‌ كارگوزاری‌ قوتابخانه‌كان هه‌یه‌و له‌و رووه‌وه‌ گرفتمان هه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ سنووری‌ په‌روه‌رده‌كه‌مان ته‌نیا 100 كارگوزاری‌ هه‌یه‌.

وتیشی‌ "چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ین پاشكۆی‌ دامه‌زراندنی‌ سنووری‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ست پێبكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش ژماره‌یه‌ك له‌و فۆڕمانه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ دامه‌زراندنی‌ كارگوزار، به‌سه‌ر ئه‌و هاولاَتیانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ببن به‌ كارگوزار دابه‌ش بكه‌ین و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌و گرفته‌مان تا راده‌یه‌كی‌ باش چاره‌سه‌ر بێت."

دڵشاد ئه‌حمه‌د

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه