لە سه‌نگه‌سه‌ر هه‌زاران په‌له‌وه‌ر له‌ گێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی چه‌ند ناوچه‌یه‌کدا مرداربوون

سەرچاوە، سبه‌ی:

به‌هۆی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسێكی‌ نه‌زانراوه‌وه،‌ هه‌زاران په‌له‌وه‌ر له‌ گێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی‌ توه‌سوران و بانوه‌قه‌لانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر مرداربونه‌وه‌ و به‌رپرسێکی ڤێترنه‌ری ئه‌و سنوره‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا جۆری‌ ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌زانراوه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ ئاكۆ ئیبراهیم، خاوه‌نی‌ گێڵگه‌یه‌كی‌ به‌خێوكردنی‌ په‌له‌وه‌ر، رایگه‌یاند: حكومه‌تی‌ هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌كو پێویست چاودێری کێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌کانمان ناكات، له‌ دابینكردنی‌ ده‌رمان و پێداویستی‌ ته‌ندروستیشه‌وه‌‌ هاوكاریی پێویستیان نه‌کردوین.

ناوبراو نیگه‌رانی خۆی پیشاندا له‌وه‌ی "حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رده‌وام باس له‌ پشتگیریكردن و هاوكاری‌ كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كات، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ نییه،‌ هه‌ر بۆیه‌ داوا له‌ ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌و لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین، به‌ده‌م كێشه‌كانمانه‌وه‌ بێن و كاری‌ پێویستمان بۆ ئه‌نه‌جام بده‌ن، هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوی‌ مادی زیانلێکه‌وتوان بکه‌نه‌وه‌".

هاوکات سۆران حه‌مه‌ فه‌ره‌ج، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ڤێترنه‌ری ناحیه‌ی‌ سه‌نگه‌سه‌ری سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌ر رایگه‌یاند: تا ئێستا جۆری‌ ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌زانراوه، به‌ڵام له‌ كاتی‌ سه‌ردانکردنی‌ خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان، كاری‌ پێویستیان هه‌ر له‌ دابینكردنی‌ ده‌رمان و چاودێریكردنی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ین.

جێی‌ ئاماژه‌یه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ڤایرۆسێكی‌ نه‌زانراو و كوشنده‌ روی له‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ بتوێن كردوه‌و‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران په‌له‌وه‌ر مرداربونه‌ته‌وه‌‌، هه‌روه‌ك مه‌ترسی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ش ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر رێو شوێنی‌ پێویست نه‌گرێته‌به‌ر.

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه