سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: ده‌زگای دادوه‌ریی له‌ كوردستاندا به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ره‌فتار ده‌كات

ماڵپەری قەڵادزێ:

لەگەڵ ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات و داتری، کە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، پێشێلکارییەکانی سەر ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕووی لە زیادبوونکرد، لیژنه‌ی داكۆكیی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستان،  کەلەم ماوە کورتەدا سێ ڕاپۆرت سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بڵاوکردەوە، لە دواین ڕاپۆرتیدا کە ٥/٦/٢٠٠١ دا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بە دەزگای دادوەری دەکات و دەڵێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ره‌فتار ده‌كات، ئەمەش دەقی ڕاپۆرتەکەیە:

 

" راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (3) لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان

(ده‌رباره‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان كراوه‌)

له‌دوای كۆنگره‌ی گشتیی دووه‌می سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ، لیژنه‌ی داكۆكیی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستان هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك راپۆرتێك له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌نووسیی و پێشێلكاریی یاسایی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌و ئه‌و رووداوانه‌ی له‌دوای 17 ی شوباتی ئه‌مساڵ هاتنه‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ سێیه‌مین راگه‌یاندنه‌ كه‌ لیژنه‌ی داكۆكی له‌ راپۆرتی تایبه‌ت به‌ پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌ (3/3/2011) و (29/3/2011)، چونكه‌ له‌لایه‌ك شه‌ش مانگ بۆ تۆماركردنی فه‌رمیی پێشێلكارییه‌كان دره‌نگ ده‌بێت و له‌لایه‌كی تریش زۆر گرنگه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌دواداچوونی خێرا بۆ ئه‌م راگه‌یاندنه‌ تایبه‌تانه‌ بكه‌ن.

یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان ژماره‌ (35) به‌ شاهیدیی زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان و چاودێران، یاسایه‌كی پێشكه‌وتووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌و دواجار سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمیی واژۆی له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا ئێستا له‌ پێشێلكاریی ئه‌م یاسایه‌دا پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌وه‌ بۆ ناوبانگ و ئه‌زموونی كوردستان مه‌ترسیداره‌و به‌م دواییانه‌ش ناوه‌ندو رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ راپۆرته‌كانیاندا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ عیراق پێشكه‌شی ده‌كه‌ن به‌ڕوونیی ئاماژه‌یان به‌ پێشێلكاریی یاسایی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان و ئازادیی رۆژنامه‌نووسیی له‌ هه‌رێمدا كردووه‌ .

هه‌روه‌ها خاڵێكی تریش كه‌ زیاتر ئێمه‌ نیگه‌ران ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێجار ده‌زگای دادوه‌ریی له‌ كوردستاندا به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ره‌فتار ده‌كات و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی یاسای سزادانی عیراقی، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكدا بۆ خۆیان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان راست كردوه‌ته‌وه‌، وه‌كو له‌بڕگه‌ی (32)ی ئه‌م راپۆرته‌دا ده‌یبینین.

هه‌روه‌كو له‌م راپۆرته‌دا ده‌بینین كاتێك به‌رپرسانی حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان سكاڵا له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان تۆمار ده‌كه‌ن – وه‌كو له‌ بڕگه‌ی (33) دا هاتوه‌ - له‌ماوه‌ی ته‌نها چه‌ند سه‌عاتێكدا فه‌رمانی گرتن و لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ ده‌رده‌كرێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن سكاڵای رۆژنامه‌نووسان به‌رامبه‌ر به‌ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بگاته‌ ئه‌نجام و له‌ دادگاكان بانگهێشت بكرێن.

هیواخوازین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌جیدیی به‌دواداچوون بۆ ئه‌م راپۆرته‌ بكات و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یاسا شكێناندا بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌كانی ئه‌م راپۆرته‌دا هاتووه‌ زیاتر هه‌ستیاریی و مه‌ترسیداربوونی ره‌وشی رۆژنامه‌وانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نیشان ده‌دات و چاره‌سه‌ری به‌ په‌له‌ی پێویسته‌...

 

لیژنه‌ی داكۆكی له‌ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان

له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان

31/5/2011

1- به‌وته‌ی رۆژنامه‌نووس (ئیسماعیل شه‌مزینی) په‌یامنێری كه‌ناڵی سه‌ته‌لایتی گه‌لی كوردستان له‌ سۆران، كاتژمێر (10:30) خوله‌كی رۆژی (6/2/2011) دوو چه‌كداری نه‌ناسراوی ده‌مامكدراو چووونه‌ته‌ ناو ماڵه‌كه‌ی و داوای ناوبراویان كردووه‌، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ناچار بووه‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ماڵه‌كه‌ی جێ بهێڵێت. ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ وایده‌بینێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاری رۆژنامه‌نووسیه‌وه‌ هه‌بێ، چونكه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك نه‌بووه‌. له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی ئاگادار كردوونه‌ته‌وه‌و له‌ دادگا سكاڵای تۆماركردووه‌.

2- رۆژی 22/2/2011 له‌كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كان له‌نزیك بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌ ، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك كه‌ جلی مه‌ده‌نیان له‌به‌ردابوو، هێرش كرایه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس " ئارام نه‌جیم" ی په‌یامنێری كه‌ناڵی KNN و هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراو له‌لایه‌ن چه‌ند هاوڵاتیه‌كه‌وه‌ دوور خرایه‌وه‌ .

3- به‌ پێی سكاڵایه‌ك كه‌ رۆژنامه‌نووس "ناسیح عه‌بدوڕه‌حیم" داویه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی، دوای ئه‌وه‌ی دادوه‌ر "سۆران ئیبراهیم عارف"ی دادوه‌ری دادگای سه‌یدسادق له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی به‌پێی یاسای كاری رۆژنامه‌وانیی بریاری بێتاوانیی بۆ ناوبراو ده‌رده‌كات ، دواتر كه‌ دۆسیه‌كه‌ ده‌نێردرێت بۆ دادگای ته‌میزی كوردستان ، دادوه‌ر "سه‌روه‌ر زرار ره‌شید" ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و فه‌رمان ده‌دات به‌ پێی یاسای سزادانی عێراقیی ژماره‌ 433 دادگایی بكرێته‌وه‌ ، كه‌ به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ سزا ده‌درێت و ئه‌مه‌ش دژی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریه‌.

4- رۆژی 4/3/2011 به‌ژماره‌ مۆبایلی " 07503987439 " به‌ چه‌ندین نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز ، په‌یامنێری هه‌ولێری كه‌ناڵی KNN ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر واز نه‌هێنێت له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ .

5- رۆژی 9/3/2011 له‌كاتی رووماڵكردنی هه‌واڵی یادی راپه‌ڕین له‌ناحیه‌ی رزگاریی ، "مسته‌فا عه‌بدوڵڵا" ی په‌یامنێری كه‌ناڵی په‌یام و كامێرامانه‌كه‌ی هێرشیان كرایه‌ سه‌رو كامێراو مۆبایله‌كه‌یان لێسه‌ندن ، هه‌روه‌ها رۆژی 31/3/2011 هه‌مان ستاف له‌شاری كه‌لار له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا جارێكی تر كامێراو مۆبایله‌كه‌یان لێسه‌ندونه‌ته‌وه‌.

6- رۆژی 16/3/2011 له‌كاتی به‌رێوه‌چوونی یادی كیمیایی بارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا تیمی KNN له‌ لایه‌ن هێزێكه‌وه‌ كه‌ جلی ره‌شیان له‌به‌ردابوو رووبه‌ڕووی په‌لاماردان و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن بوونه‌وه‌ ، دواتر گۆڕه‌پانی یاده‌كه‌یان به‌جێهێشت.

7- رۆژی 21/3/2011 تیمێكی كه‌ناڵی KNN كه‌ پێكهاتبوون له‌ " هه‌ژار ئه‌نوه‌ر جه‌وهه‌ر " په‌یامنێرو " ئه‌میر ئه‌بوبه‌كر " كامێرامان به‌ مه‌به‌ستی روماڵكردنی خۆپیشاندان ده‌چنه‌ به‌رده‌می په‌رله‌مانی كوردستان ، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به‌شوێنی خۆپیشاندانه‌كه‌ ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ سوكایه‌تیان پێده‌كرێت و لێیان ده‌درێت و كامێراو مایك و لۆگۆی كه‌ناڵه‌كه‌شیان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرتنی شۆفێرو ئۆتۆمۆبیله‌كه‌یان ، كه‌ هه‌موویان دوای دوو سه‌عات ئازاد ده‌كرێن .

8- له‌ڕۆژی 22/3/2011 له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، له‌لایه‌ن هێزێكی ئه‌منیه‌وه‌ له‌ بازاڕی هه‌ڵه‌بجه‌ تیمی كه‌ناڵی KNN كه‌ پێكهاتبوون له‌ " ئارام نه‌جیم " په‌یامنێرو " هانا سدیق " كامێرامان هێرشیان كرایه‌ سه‌رو دوای لێدان و سوكایه‌تی پێكردن ، به‌هۆی خه‌ستی لێدانه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ كران، هه‌ر له‌و هێرشه‌دا كامێراو پێداویستیه‌كانی تیمه‌كه‌ شكێنران .

9- رۆژی 25/3/2011 "ئه‌میر ئه‌بوبه‌كر ساڵح"ی كامێرامانی كه‌ناڵی KNN به‌فه‌رمانی دادوه‌ر له‌لایه‌ن هێزێكی پۆلیسه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی گوایه‌ له‌به‌رده‌می بازاڕی نیشتماندا قسه‌ی ناشیرین و جنێوی داوه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی پشتگیریی نوسینگه‌ی هه‌ولێری كه‌ناڵه‌كه‌ ئه‌و رۆژه‌ ناوبراو له‌ ده‌وامی ئاسایی خۆیدا بووه‌ ، دوای دوو سه‌عات ئازادی ده‌كه‌ن.

10- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ته‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، ماوه‌یه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ژماره‌ مۆبایلی (07704563475) ه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ رۆژنامه‌نووس "ئارام فه‌ریق عه‌بدولجه‌بار" ناسراو به‌ ئارام كه‌ركوكیی ده‌كرێت ، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر نووسینه‌كانی.

11- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی، له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نوسینێكی "به‌دره‌دین ساڵح " ، ناوبراو له‌ دوو نامه‌دا كه‌ له‌ ( 28 – 29/11/2010 ) دا ناردوویه‌تی به‌ناوی هاوڕێیه‌كی تریه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نووس " زانا گه‌ڵاڵی " ده‌كات .

12- رۆژی 31/3/2011 تیمێكی كه‌ناڵی ئاسمانیی KNN كه‌ پێكهاتبوون له‌ " مه‌ریوان مه‌لا حه‌سه‌ن " په‌یامنێرو " ئه‌حمه‌د یونس محه‌مه‌د " كامێرامان ، وه‌كو ده‌زگاكانی تری راگه‌یاندن له‌كاتێكدا خه‌ریكی روماڵكردنی خۆپیشاندانی خوێندكارانی ده‌ره‌كیی ده‌بن ، به‌به‌رچاوی هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێره‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌رو رووبه‌ڕووی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌بنه‌وه‌و پێداویستیه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیان ده‌شكێندرێت ، كه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئازاری جه‌سته‌یی تیمه‌كه‌ زیانی مادیی به‌ پێداویستیه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نرێت . دواتر ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر تیمه‌كه‌ كارمه‌ندی بنكه‌ی ئاسایشی گه‌ڕه‌كی رووناكی شاری هه‌ولێر بوون.

13- به‌ پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، له‌ نێوان سه‌عات ( 11.30 – 12 ) ی شه‌وی 3/4/2011 به‌ژماره‌ ته‌له‌فۆنی كۆڕه‌ك " 07503706605 " به‌ كورته‌ نامه‌ی ئه‌لیكترۆنیی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ رۆژنامه‌نووس " مه‌ریوان مه‌حمود كاكه‌شێخ " ناسراو به‌ مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی ده‌كرێت و قسه‌ی ناشیرینی پێ ده‌وترێت، به‌شێك له‌نامه‌كان لای ناوبراو پارێزراون.

14- رۆژی 2/4/2011 كه‌سانێكی نه‌ناسراو له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی رۆژنامه‌نووس " شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین " سه‌رنووسه‌ری سایتی " جودی نیوز " - كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئاینه‌ جیاوازه‌كان له‌ كوردستان - و لاپتۆپ و مۆبایله‌كه‌ی ده‌دزن و سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی پاره‌و شتی تریش ده‌ست بۆ هیچ شتێكی تر نابه‌ن .. به‌ وته‌ی ناوبراو لاپتۆپه‌كه‌ی كاری سایته‌كه‌ی تێدا كردووه‌و هه‌موو ئه‌رشیفی وێنه‌و بابه‌ت و ره‌شنوسی كتێبێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئێزدیه‌كان تێدابووه‌ ، كه‌ له‌ هیچ شوێنێكی تر وێنه‌ی هه‌ڵنه‌گیراوه‌و هه‌مووی فه‌وتاوه‌ .

15- له‌ قه‌زای زاخۆ په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ (فه‌رهاد مه‌هدی یوسف) له‌گه‌ڵ وێنه‌گر (عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د حاجی) له‌ به‌رواری 7/4/2011 له‌كاتی ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و (70) خێزانه‌ی كه‌ له‌ كۆنه‌ قوتابخانه‌یه‌كدا ژیانیان ده‌گوزه‌راند و به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی كێشه‌كه‌یان هاتبوونه‌ به‌رده‌م بینایه‌ی قایمقامییه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش رێگه‌ی رووماڵكردنی رووداوه‌كه‌یان لێگرتن و بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 كاتژمێریش ده‌ستبه‌سه‌ر كران، دوای هه‌ڕه‌شه‌و سووكایه‌تی پێكردنیان ئازاد كران.

16- سه‌عات ( 11.7 ) ی شه‌وی 13/4/2011 دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتێك له‌ ته‌له‌فزیۆنی ئاینده‌ی (ی.ن.ك)، "كاروان یاروه‌یس" ی به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ لایه‌ن " مه‌حمود شێخ وه‌هاب " ی به‌رپرسی مه‌كۆی گۆڕانه‌وه‌ به‌ مۆبایل ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی لی ده‌كرێت.

17- سه‌عات ( 2.20 )ی پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی 18/4/2011 له‌كاتی روماڵكردنی بارودۆخی به‌رده‌م مزگه‌وتی ره‌شاد موفتی شاری هه‌ولێر ، چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو به‌ جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس " نیزام عومه‌ر عه‌بدوڵڵا " ناسراو به‌ (هیوا عومه‌ر) ی په‌یامنێری رادیۆو ته‌له‌فزیۆنی ئازادیی و به‌ ئۆتۆمۆبێلی پیكاب ده‌یڕفێننه‌ نزیك هۆڵی زه‌ردو دوای لێدان و جنێوپێدان و ئیهانه‌یه‌كی زۆرو لێسه‌ندنی هه‌موو باج و كه‌لوپه‌لی راگه‌یاندن ئازادی ده‌كه‌ن. پاشان هه‌ر تیمێكی تری كه‌ناڵی ئازادیی له‌هه‌مان شوێن كه‌ پێكهاتبوون له‌ رۆژنامه‌نووسان " هۆگر حوسێن ، سه‌مه‌د كه‌ریم ، هیوا مسته‌فا " رووبه‌ڕووی سوكایه‌تی و بێڕێزیه‌كی زۆر بوونه‌وه‌و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری مه‌ده‌نیه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر ، پاش سوكایه‌تی به‌خۆیان و ده‌زگاكه‌یان ده‌ستیان به‌سه‌ر كامێراكه‌یاندا گرت و هه‌تا نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ش نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ .

18- رۆژی 18/4/2011 له‌كاتی ئه‌نجامدانی كارێژكی رۆژنامه‌وانی له‌ شاری هه‌ولێر رۆژنامه‌نووس "ره‌سوڵ حوسێن ره‌سوڵ" ی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ساماڵ پۆست له‌ لایه‌ن هێزیك به‌جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ئاسایشی هه‌ولێر بوون هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌رو به‌ ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری ئۆپترای مه‌ده‌نیی ره‌نگ مارۆنیی بێ ژماره‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ نزیك شارۆچكه‌ی قوشته‌په‌و پاش جنێوپێدان و لێدان و سوكایه‌تیی زۆرو لێسه‌ندنی مۆبایل و ریكۆرده‌ر ، ئینجا له‌و جێگه‌یه‌ فڕێی ده‌ده‌ن .

19- په‌یامنێری كه‌ناڵی سپێده‌ (هه‌مزه‌ محه‌مه‌د) كه‌ ئه‌و رۆژه‌ كاری وێنه‌گریشی ده‌كرد، له‌ به‌رواری 19/4/2011له‌كاتی مانگرتنی قوتابیانی زانكۆی كۆیه‌، له‌لایه‌ن هێزێكی دژه‌ تیرۆره‌وه‌ هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ری و كامێراكه‌یان لێ سه‌ند و به‌سه‌یاره‌یه‌كی (فۆڕد) به‌ره‌و ئاسایشی هه‌ولێریان بردووه‌، هه‌ر له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ئازاری جه‌سته‌یی زۆریان داوه‌، پێشی گوتراوه‌ (ئه‌وه‌ دوژمنه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌)، بۆ ماوه‌ی (10) كاتژمێریش به‌ند كراوه‌ دواتر ئازاد كراوه‌، به‌ڵام كامێراكه‌یان لێ شكاندووه‌و كاسیه‌ته‌كه‌شیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

20 - رۆژی 19/4/2011 له‌به‌رده‌می كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی كه‌لار مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشی گه‌رمیان هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس " كاوه‌ گه‌رمیانی " ی په‌یامنێری رۆژنامه‌ی " ئاوێنه‌ " و لێی ده‌ده‌ن و سوكایه‌تی پێده‌كه‌ن و كامێراو ریكۆرده‌ری لی ده‌ستێنن ، پاش برینداركردنی له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن و بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات له‌ ئاسایشی گه‌رمیان ده‌ست به‌سه‌ری ده‌كه‌ن ، دواتر ئازادی ده‌كه‌ن .

21- سه‌عات ( 2.15 ) پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی 19/4/2011 رۆژنامه‌نووس " فه‌رمان مه‌لا حه‌سه‌ن " ی په‌یامنێری رۆژنامه‌ی رووداو و گۆڤاری چركه‌ له‌ناو پاركی رانیه‌دا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ رێگریی له‌ روماڵكردن و وێنه‌گرتنی لێ ده‌كرێت و تووشی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێت ، هه‌مان رۆژ دوو جار ده‌كه‌وێته‌ به‌ر به‌ردی خۆپیشانده‌ران و به‌سوكیی بریندار ده‌كرێت . هه‌روه‌ها رۆژی 20/4/2011 ناوبراو له‌كاتی وێنه‌گرتنی ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ شاری رانیه‌دا بوون له‌لایه‌ن پۆلیس و ئاسایشه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌رو ناهێڵن ئه‌ركه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات .

22- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی له‌ رۆژی 19/4/2011 هێزێكی سه‌ربازیی له‌ گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی گه‌مارۆی كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام دراوه‌ ، لایه‌نگرانی كه‌ناڵه‌كه‌ش بۆ پاراستنی كه‌ناڵه‌كه‌ پشتێنه‌یه‌كی مرۆییان پێك هێنا . سه‌عات ( 8 ) ی شه‌وی 26/4/2011 له‌ لایه‌ن ده‌ستێكی نادیاره‌وه‌ دوو ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ بینای كه‌ناڵه‌كه‌و پشتینه‌ مرۆییه‌كه‌ی كرا ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ده‌ستڕێژانه‌ زیانیان نه‌بوو به‌ڵام حاڵه‌تێكی نائارامی دروست كردو چه‌ند گوللـه‌یه‌كیش به‌ر بینای دراوسێی كه‌ناڵه‌كه‌ كه‌وت و بۆ هه‌مان مه‌به‌ست لیژنه‌ی داكۆكی سه‌ردانی به‌رپرس و ككارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌ی كردو پشتیوانی نه‌قیب و ئه‌نجومه‌ن و لیژنه‌ی داكۆكی بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌ربڕی. .

23- رۆژی 19/4/2011 رۆژنامه‌نووس "رزگار حه‌مه‌د نه‌بی" كامێرامانی كه‌ناڵی په‌یام له‌ شاری رانیه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ به‌دار هێرشی كرایه‌ سه‌رو بریندار كراو هه‌وڵی لێسه‌ندنی كامێراكه‌شی درا ، به‌ڵام ناوبراو به‌هه‌وڵی خۆپیشانده‌ران رزگار كرا .

24- رۆژی 19/4/2011 له‌كاتی روماڵكردنی هه‌واڵی مانگرتن و ناڕه‌زایی خوێندكارانی زانكۆی كۆیه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر " رامیار عوسمان " ی په‌یامنێرو "ره‌وه‌ند یوسف" ی كامێرامانی كه‌ناڵی په‌یام و بۆ ماوه‌ی (چوار) سه‌عات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ خۆیان و كامێراكه‌شیان ده‌ست به‌سه‌ر كران .

25- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، رۆژی 22/4/2011 رۆژنامه‌نووس " شاسوار مامه‌ " په‌یامنێرو وێنه‌گری ( NRT ) له‌ڕانیه‌ بۆ ماوه‌ی (21) سه‌عات له‌لایه‌ن ئاسایشی راپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت . به‌پێی سكاڵای ناوبراو هۆكاری ده‌ستگیر كردنه‌كه‌ی وێنه‌گرتنی ناوبازاڕی رانیه‌ بووه‌ ، له‌كاتی ده‌ستگیر كردنه‌كه‌شدا كامێراو مۆبایله‌كه‌یان لێسه‌ندووه‌ .

26- رۆژی 23/4/2011 له‌شاری هه‌ولێر له‌كاتی روماڵكردنی رووداوی باران بارین و هاتنی لافاودا هێزێكی ئه‌منی به‌جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر " لوقمان عه‌زیز " په‌یامنێرو " ئازاد گۆران " ی كامێرامانی كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌یام و دوای لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان كامێراكه‌شیان له‌كارخستوون و بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌و دواتر له‌ پۆلیسی هه‌ولێر وه‌ریان گرتوه‌ته‌وه‌ .

27- رۆژی 25/4/2011 له‌كاتی روماڵكردنی مانگرتنی خوێندكاران و قوتابخانه‌ی سلێمانی كچاندا ، شه‌ش كه‌سی چه‌كدار هێرشیان كرده‌ سه‌ر تیمی كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌یام كه‌ پێكهاتبوون له‌ " وریا حوسه‌ین " په‌یامنێرو " نه‌وزاد ئه‌حمه‌د " كامێرامان و " ئیدریس " شۆفێر ، كامێراو مایك و ستاندیان ده‌به‌ن .

28- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، رۆژی 28/4/2011 له‌ڕێگه‌ی ژماره‌ مۆبایلی ئاسیا ( 07714883241 ) به‌ كورته‌ نامه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ رۆژنامه‌نووس " حه‌كیم حه‌مه‌د ئه‌حمه‌د " ده‌كرێت و داوای لی ده‌كرێت واز له‌ پیشه‌كه‌ی بهێنێت .

29- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، سه‌عات ( 3.30 ) ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی 30/4/2011 رۆژنامه‌نووس " رۆسته‌م زوبێر " كه‌ ناسراوه‌ به‌ ئه‌له‌ند و له‌ ئاژانسی ده‌نگوباسی كوردستان وێنه‌گره‌ ، له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانی به‌رده‌می كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هێرشی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و پاش لێدان و سوكایه‌تیی زۆر هه‌موو پێداویستیه‌كانی كاری رۆژنامه‌وانیی لێ ده‌ستێنن و ده‌ستگیری ده‌كه‌ن، دوای گوێزانه‌وه‌و هێنان و بردنی له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس و زیندانی محه‌ته‌ی هه‌ولێردا ئازادی ده‌كه‌ن.

30- رۆژی 30/4/2011 له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانی نزیك كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ هه‌ولێر رۆژنامه‌نووس " شێروان موحسین عومه‌ر " ی فۆتۆگرافه‌ر له‌ هه‌فته‌نامه‌ی رووداو له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌رو جنێوی زۆر ناشیرینی پێ ده‌ڵێن و به‌سه‌ختیی لێی ده‌ده‌ن و كامێراكه‌ی لی ده‌ستێنن ، دوای سه‌عاتێك له‌ گرتن و ئیهانه‌ كردن ئازادی ده‌كه‌ن ، كه‌ تا نوسینی ئه‌م راپۆرته‌ شوێنه‌واری ئه‌و لێدانه‌ له‌ قاچی چه‌پی و په‌راسووی دا ماوه‌ .

31- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، سه‌عات ( 3.30 ) ی پاش نیوه‌رۆی 30/4/2011 له‌كاتی روماڵكردنی هه‌واڵی خۆپیشاندانی نزیك كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ هه‌ولێر ، رۆژنامه‌نووس " ره‌فیق شوكری سه‌لیم " فۆتۆگرافه‌ر له‌ گۆڤاری وارڤین له‌لایه‌ن هێزێكی ئه‌منیه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر كه‌ نزیكه‌ی بیست كه‌س ده‌بن و دوای ئه‌شكه‌نجه‌و لێدانێكی زۆر كه‌ هه‌تا ئێستاش پاشماوه‌ی به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ ماوه‌ ، بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار سه‌عات ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و به‌و مه‌رجه‌ ئازادی ده‌كه‌ن كه‌ لێدوان نه‌داته‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن .

32- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی په‌رله‌مانتارێكی پێشووی كوردستان رۆژی 3/5/2011 به‌ پێی ماده‌ی 62 برگه‌كانی (3) و (5)ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌ی "رووبه‌ر" دا گیرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای كاری رۆژنامه‌وانیی ژماره‌ ( 35 ) بوو كه‌ نابێ كه‌لوپه‌لی پیشه‌یی ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و رۆژنامه‌ دابخرێت ، هه‌ربۆیه‌ دوای تۆماركردنی سكاڵا له‌لایه‌ن جێبه‌جێكاری دادی باڵاوه‌: هاوكاری سه‌ندیكا و لیژنه‌ی داكۆكی ، رۆژی 9/5/2011 ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ .

33- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی ، دوای نوسینی وتارێك له‌سه‌ر باری كارگێڕیی له‌ قایمقامیه‌تی شه‌قڵاوه‌ ، كه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی (www.shaqlawapost.com) دا بڵاوكرایه‌وه‌، (دلاوه‌ر ئۆمه‌ر ئه‌بوبه‌كر) قایمقامی شه‌قڵاوه‌ به‌ تۆمه‌تی ناوزڕاندن داوای یاسایی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌ " رزگار شه‌معون" سه‌رنووسه‌ری پێگه‌كه‌و رۆژنامه‌نووس "فه‌رهاد عه‌وڵا ئه‌حمه‌د" تۆمار ده‌كات . رۆژی 9/5/2011 ئه‌فسه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر به‌ یاوه‌ریی مه‌فره‌زه‌ی خۆی و هێزێكی پۆلیس و ئاسایشی شه‌قڵاوه‌و هه‌ردوو موختاری گه‌ڕه‌كه‌كانی بێسرمه‌و كاوانیان ده‌چنه‌ سه‌ر ماڵی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس و ده‌ست به‌سه‌ر (3) لاپتۆپ و دیسكتۆپ و مۆبایله‌كانیاندا ده‌گرن، رۆژی 10/5/2011 دادگای دووی لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر دوای لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌ردوو ناوبراو به‌ بڕی ( 1 ) ملیۆن دینار به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كات .

34- رۆژنامه‌نووس (ئیسماعیل ئیبراهیم) سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجی پێی راگه‌یاندین، له‌ مانگی ئایاری 2011 به‌ هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك، دادگای رواندز سكاڵایه‌كی له‌ سه‌ر خۆی و رۆژنامه‌نووس (جه‌لال سه‌عید) تۆماركردووه‌و له‌ یه‌كه‌م ئاماده‌بوونیشیاندا له‌ به‌رده‌م دادوه‌ر، هه‌ریه‌كه‌یان به‌ كه‌فاله‌تی (3.000.000 سی ملیۆن دینار) ئازاد كراون. هه‌روه‌ها به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌وڵێكی دیكه‌، دادگای خه‌لیفان سكاڵای له‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس (ئیسماعیل ئیبراهیم) تۆماركردووه‌و له‌ یه‌كه‌مین ئاماده‌بوونیشیدا به‌ كه‌فاله‌تی (1000000_ یه‌ك ملیۆن دینار) ئازاد كراوه‌. سه‌رنووسه‌ری زاری كرمانجی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی ئاسایی و دانانی پاره‌ وه‌ك كه‌فاله‌تی ئازادكردن، به‌ جۆرێك له‌ به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی كاری رۆژنامه‌وانی لێكده‌داته‌وه‌.

35- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌ لیژنه‌ی داكۆكیی " كارزان كه‌ریم موحه‌ممه‌د " رۆژنامه‌نووس له‌ ئاژانسی كوردستان بۆ ده‌نگوباس ( ئاكانیوز ) له‌ شاری هه‌ولێر . له‌ساڵی 2008 دا دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌ رۆژنامه‌ی ئاسۆدا ، سكاڵا له‌سه‌ر سه‌رنووسه‌رو سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی خه‌ندان تۆمار ده‌كرێت . دوای به‌ڕێوه‌چوونی ئاسایی دادگاییه‌كه‌و پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی 2008 دا دادگا بڕیاری كۆتایی داو دۆسیه‌كه‌ی داخست . به‌ڵام دوای ( 3 ) ساڵ رۆژی 2/1/2011 دووباره‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ناوبراو ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ناوی " ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د عه‌زیز " سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌ ، به‌ڵام وه‌كو زانراوه‌ هاوڵاتی ناوبراو كۆچی دوایی كردووه‌ ، به‌پێی وته‌ی رۆژنامه‌نووسی ناوبراو قایمقامی مه‌خموور ( بارزان سه‌ید كاكه‌ ) له‌ پشتی زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیه‌وه‌یه‌ ، چونكه‌ ناوبراو نهێنیه‌كی به‌ قازانجی رای گشتی ئاشكرا كردووه‌ .

36- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌لیژنه‌ی داكۆكی به‌چه‌ند ژماره‌ مۆبایلی جیاواز هه‌ره‌شه‌ی كوشتن له‌ رۆژنامه‌نووس (ئارام كه‌ركوكی) ده‌كه‌ن، به‌هۆی نوسینه‌كانیه‌وه‌.

37- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه‌ دراوه‌ به‌لیژنه‌ی داكۆكی به‌چه‌ند ژماره‌ مۆبایلی جیاواز هه‌ره‌شه‌ی كوشتن له‌ رۆژنامه‌نووس (ئه‌بوبه‌كر حوسێن) ده‌كرێت.

لیژنه‌ی داكۆكی له‌ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان

 

له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان

5/6/2011 "

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه