شاندێكی بازرگانی له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئابووری له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا كرد

ماڵپەری قەڵادزێ:

شاندێكی بازرگانی له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شدارییان كرد له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئابووری له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ رێكخراو و دامه‌زراوه‌ ئابووریه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ تیایدا به‌شداربوون .

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێخ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده‌ و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌كه‌نه‌داوه‌ رایگه‌یاند:"كۆبونه‌وه‌كه‌ رۆژانی 30 و 31 ی مانگی مایس له‌ شاری "ساسكه‌توو"ی وڵاتی كه‌نه‌دا به‌رێوه‌چوو كه‌ تیایدا وێرای ئاماده‌بونی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی ئابووریناس هاوكات چه‌ندین سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ی تایبه‌ت به‌ بواری ئابووری و بازرگانی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ی بوون".

سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده‌ و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند:"ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ كرایه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆخستنه‌ رووی بواری ئابووری كوردستان و ره‌وشی ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا خاوه‌ن كۆمپانیا و كارگه‌كانی كه‌نه‌دا ئاماده‌ییان ده‌ربری به‌وه‌ی خوازیاری وه‌به‌رهێنانن له‌كوردستان".

شێخ مسته‌فا وتیشی :"وڵاتی كه‌نه‌دا له‌ بواری خۆراك و گوێز و رۆنی زه‌یت و بیناسازی له‌ ئاستێكی باڵادان و هه‌وڵ ئه‌ده‌ین، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌و وڵاته‌وه‌" .

 

 

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه