سەنتەری میترۆ داوا دەکات یاسای کاری ڕۆژنامەگەری دادوەر بێت

ماڵپەری قەڵادزێ:

سەنتەری میترۆ بەیاننامەیەک سەبارەت بە هەڕەشەکانی بەرپرسی حیزبییەک، بەرانبەر سەرنوسەری گۆڤاری هۆنیا، بڵاو دەکاتەوە، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری دادوەر بێت، لە یەکلا کردنەوەی كێشه‌كانی نێوان رۆژنامه‌نووسان‌و ده‌سه‌ڵاتی حزبی‌و حكومی نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌‌و پێشێلكاری. ئەمەش دەقی بەیانەکەیە:

" با یاسا سه‌روه‌ر بێت‌و كۆتایی به‌ هه‌ڕشه‌‌و پێشێلكاری بهێنرێت

سلێمانی، 30 ئایار 2011: سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، سه‌ركۆنه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری هۆنیا ده‌كات.

ئارام مه‌لا محه‌مه‌د سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری هۆنیا به‌سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند، "شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ (29\5) سه‌رپه‌رشتیاری ناوچه‌ی سه‌یدسادقی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكردم."

ئارام وتی "ده‌نگی ئه‌و به‌رپرسه‌م تۆمار كردووه‌ كه‌ پێم ده‌ڵێت: به‌خوێنی شه‌هیدان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ پشته‌ مله‌وه‌ سه‌رت ده‌بڕم."

ئارام روونیكرده‌وه‌، "ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌ئه‌نجامی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ له‌ژماره‌ (51)ی گۆڤاری (هۆنیا) له‌ژێر ناونیشانی (له‌ده‌زگایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر كچه‌ خوێنكارێك) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌مان لێدوانی هه‌ر یه‌ك له‌ خوێندكاره‌كه‌‌و كادرێكی راگه‌یاندنی پارتی وه‌رگرتووه‌." ئارام جه‌ختیكرده‌وه‌"ئێمه‌ نه‌هاتووین چیرۆك دروست بكه‌ین."

دلێر حه‌مه‌ كه‌ریم به‌رپرسی ناوچه‌ی سه‌یدسادقی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت "هۆنیا بابه‌تێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ پڕه‌ له‌بوختان‌و ته‌شهیرو قسه‌ی ناشایسته‌ به‌رامبه‌ر كارمه‌ندێكی راگه‌یاندنمان‌و داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین." جه‌ختیكرده‌وه‌"سه‌رتاپای راپۆرته‌كه‌ له‌ڕیگه‌ی خه‌ڵكی به‌كرێگیراوه‌وه‌ هۆنراونه‌ته‌وه‌، بۆ شكاندنی سومعه‌ی راگه‌یاندنی پارتی له‌و ناوچه‌یه‌."

سه‌باره‌ت به‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ی خۆی له‌ شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هۆنیا، به‌رپرسی ناوچه‌ی سه‌یدسادقی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی "ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌‌و بچن لێكۆلینه‌وه‌ له‌هۆكاره‌كان بكه‌ن. ئێمه‌ له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌ یه‌كلایده‌كه‌ینه‌وه‌."

سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نێت "سه‌ركۆنه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری هۆنیا ده‌كه‌ین. با یاسای كاری رۆژنامه‌نووسی دادوه‌ر بێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان رۆژنامه‌نووسان‌و ده‌سه‌ڵاتی حزبی‌و حكومی نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌‌و پێشێلكاری."

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه