گه‌وره‌ كچانی‌ پشده‌ر و بتوێن داوای‌ لابردنی‌ مه‌رجی‌ ته‌مه‌ن ده‌كه‌ن له‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا

سەرچاوە؛ خه‌ندان:

له‌ هه‌ڵمه‌تێكی ئیمزا كۆكردنه‌وه‌دا ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ كچ داوا ده‌كه‌ن مه‌رجی ته‌مه‌ن له‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا نه‌مێنێت، وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ڵێنی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌دات.

ئه‌مڕۆ 19 كچی‌ سنووری‌ پشده‌ر و بتوێن به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ 110 ئیمزای‌ گه‌وره‌ كچانی‌ ناوچه‌كه‌یان، سه‌ردانی‌ وه‌زیری‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان كرد، به‌مه‌ستی‌ داواكردنی‌ لابردنی‌ مه‌رجی‌ ته‌مه‌ن له‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

سه‌نته‌ری‌ راگه‌یاندن و رووناكبیری‌ ژنان له‌ رانیه‌، له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ئیمزا كۆكردنه‌وه‌دا بۆ لابردنی‌ مه‌رجی‌ ته‌مه‌ن له‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا، زیاتر له‌ 110 ئیمزای‌ گه‌وره‌ كچانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ كۆكرده‌وه‌‌و ئه‌مڕۆ گه‌یه‌نرانه‌ ده‌ستی‌ ئاسۆس نه‌جیب، وزیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و داوایانكرد پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ یاسای بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تيدا بكرێت.

كه‌لسوم موراد، به‌رپرسی‌ ئۆفیسی‌ سه‌نته‌ری‌ راگه‌یاندن و رووناكبیری‌ ژنان له‌ رانیه‌، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌و گه‌وره‌ كچانه‌ له‌به‌ر هۆكاری‌ ته‌مه‌ن بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نایانگرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ واژوو كۆكردنه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد‌ووه‌‌و داوا ده‌كه‌ن ئه‌و مه‌رجه‌ نه‌مێنێت.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ئاسۆس نه‌جیب، وه‌زیری‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ڵێنی‌ دا كه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكات.

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ كه‌ له‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ مووچه‌ی‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ نابێ‌ ته‌مه‌نیان 36 ساڵ زیاتر بێت، له‌ به‌دواداچوونی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ گه‌وره‌ كچان به‌هۆی‌ زۆری‌ ته‌مه‌نیانه‌وه‌ سوودمه‌ندی‌ ئه‌و بیمه‌یه‌ نابن.

 

ئاڤان فارس

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه