حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ سەرکەوتی کوبە؛ "گوێزانه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر" هیچ تۆمه‌تبارێک له‌تاوانه‌که‌ی پاک ناکاته‌وه‌!

ماڵپەری قەڵادزێ:

لەدوایین بەیاندا، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، پەنجە بۆ سەرکەوتی کوبە درێژدەکات‌و پێیان وایە واز هێنان لە یەکییەتی و بوون بە گۆڕان هیچ لەو تاوانە کەم ناکاتەوە، کەلە ٢٠٠٠/٠٧/١٤ بەرانبەر هاوڕێیانی حزبیان کراوە، ئەمەش دەقی بەیانەکەیە:

"گوێزانه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر" هیچ تۆمه‌تبارێک له‌تاوانه‌که‌ی پاک ناکاته‌وه‌!

ده‌رباره‌ی دوایین ده‌ربڕینه‌کانی سه‌رکه‌وتی کوبه‌، له‌سه‌ر تاوانی کوشتنی کۆمۆنیسته‌کان، له‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا

له‌وه‌ڵام به‌پرسیارێکی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 19/7، که‌ به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی به‌رپرسی سلێمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، له‌سه‌ر تاوانی کوشتنی 5 کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، سه‌رکه‌وتی کوبه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئاسایشی سلێمانی و یه‌کێک له‌دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زاگا سه‌کوتگه‌ره‌که‌ی "زانیاری" یه‌کێتی نیشتمانی، تاوانه‌که‌ی خۆی به‌وه‌ پاساو ده‌کات که ‌ئه‌و کاره‌ی بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کردووه‌و حزبی کۆمۆنیستی کریکاریش هه‌قێکی به‌لای ئه‌وه‌وه‌ نییه‌!. ئه‌م پاساوه‌ی سه‌رکه‌وتی کوبه‌ نه‌ک بۆ ئێمه‌و هه‌ر ئه‌ندامێکی شه‌ریف‌و به‌ویژدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که ‌نه‌وشیروان مسته‌فای نه‌کردبێته‌ کاریزماو که‌سایه‌تیه‌کی پیرۆز، به‌ڵکو بۆهه‌ر هاوڵاتیه‌کی ساده‌ی کوردستان که ‌پێی وایه‌ کوشتنی هه‌ر ئینسانێک به ‌ده‌لیلی جیاوازی سیاسی و بیروڕا، مه‌حکومه‌ وتاوانێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌‌. سه‌رکه‌وتی کوبه‌ ناتوانێ به‌پاساوی "گویزانه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر"ی خۆی له‌یه‌کێتی نیشتمانیه‌وه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خۆی له‌تاوانێک پاک بکاته‌وه‌ که ‌به‌ڕۆژی ڕوناک به ‌به‌ر‌چاوی خه‌ڵکه‌وه‌ له ‌ئه‌ستۆی ئه‌و و هاوڕێبازه‌کانی دوێنێ وئه‌مڕۆی دایه‌. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ که‌ کوشتنی کۆمۆنیسته‌کان وتاوانێک که ‌له ‌14/7/ 2000 دا ڕوویدا، به‌ بڕیاری سه‌رکردایه‌تی ئه‌وکاته‌ی یه‌کێتی نیشتمانی، ئه‌نجامدراوه‌، که ‌نه‌وشیراوان مسته‌فا له‌ترۆپکی جێبه‌جێ کردنه‌که‌یدا بووه‌، به‌ڵام سه‌رکه‌وتی کوبه‌ و هه‌موو ئه‌‌وانه‌ی که‌ له‌م تاوانه‌دا ده‌ستیان هه‌بووه‌، به‌وپه‌ڕی بڕوا و به ‌ئیختیاری خۆیان ئه‌م تاوانه‌یان به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێناوه‌ وهیچ فشارو زۆرێکیش له‌سه‌ریان نه‌بووه‌، تا ناچار بکرێن پێی هه‌ستن. پاشان جه‌نابیان ئه‌گه‌ر شه‌هامه‌تی سیاسی و ئینسانیان هه‌بووایه‌ به‌درێژایی 12 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌دا، که‌ سه‌دان جارفرسه‌ت هه‌بووه‌، بۆ یه‌کجاریش له‌زاریان نه‌هاته‌ده‌ر که‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی هه‌ڵه‌و ناڕه‌وابووه‌؟ بۆ یه‌کجار ڕووی له‌نه‌وشیروان مسته‌فاو هاوڕێ تۆمه‌تباره‌کا‌نی نه‌کردووه‌ پێیان بڵێت له‌سیاسه‌ت‌و کرده‌وه‌یه‌کی ئینسان کوژیدا به‌خاتری یه‌کێتی به‌هه‌ڵه‌ به‌شداریان کرد؟. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کاتێک ڕووبه‌ڕووی پرسیاری ئێمـه‌و میدیاکان ده‌بنه‌وه‌، ده‌میان ده‌کرێته‌وه‌ وبه‌ئیحراجیه‌کی زۆره‌وه‌ پاساوی پوچ وبێناوه‌ڕۆک بۆ تاوانه‌که‌یان دێننه‌وه‌.

لێره‌دا ئێمه‌ له‌که‌سانێکی وه‌ک عه‌دنان عوسمان‌و په‌یمان عیزه‌دین و شاهۆ سه‌عید و ڕیبین هه‌ردی و ئارامی شێخ محه‌مه‌د و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که به‌خۆش باوه‌ڕیه‌که‌وه‌ شوێن که‌وتووی ‌نه‌وشیروان مسته‌فاو بزووتنه‌وه‌ی گوڕانن، ده‌پرسین، ئایا ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌شت عوسمانیان کوشت و تاوانیان بۆ پارتی ئه‌نجامدا، ئه‌گه‌ر سبه‌ی سه‌نگه‌ریان به‌ره‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گواسته‌وه‌، وه‌یان ده‌ستیان له‌پارتی کێشایه‌وه‌ ئیتر بێبه‌رین له ‌تاوانه‌که‌یان؟ ئایا گۆڕانخوازانێک که ‌ئێستا له ‌ده‌وری نه‌وشیروان مسته‌فاو که‌سانێکی وه‌ک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و سه‌رکه‌وتی کوبه‌ و مسته‌فای سه‌ید قادر کۆبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ قه‌بوڵ ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌یان به‌ڵێ بێت، ده‌توانن چ وه‌ڵامێک به‌دایک‌و باوکی سه‌رده‌شت و کۆمه‌ڵگا بده‌نه‌وه؟. له‌مه‌ش زیاتر ئایا ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی سه‌رکه‌وتی کوبه‌، پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر هیوا ئه‌حمه‌د، که‌ به‌ ئه‌مری پارتی بڕیاری کوشتنی سورکێوی داو خۆپیشاندانی خه‌ڵکی له‌ خوین هه‌ڵکێشا، سبه‌ی سه‌نگه‌ر بگوازێته‌وه‌ و به‌ره‌و هه‌رلایه‌نێکی تربڕوات، ئه‌وا له ‌تاونه‌که‌ی پاک ده‌بێته‌وه‌؟ ئایا گۆڕانخوازانێک له ‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌وانه‌ی که ‌هێشتا پره‌نسیپه‌ ئینسانیه‌کانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ‌نه‌وشیروان مسته‌فا و که‌سانێکدایه‌ که‌ تاوانیان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌توانن له ‌سه‌ر هه‌مان پێوه‌ری سه‌رکه‌وتی کوبه‌، ‌دایک‌و باوکی سه‌رده‌شت‌و سورکێوو هه‌موو قوربانیانی 17 شوبات، هه‌واڵه‌ی پارتی‌و یه‌کێتی بکه‌ن و پێان بڵین که‌ ئێوه‌ هه‌قتان به‌لای بکوژانی ڕۆڵه‌کانتانه‌وه‌ نییه‌و ده‌بێ هه‌قی خۆیان له ‌پارتی و یه‌کیه‌تی وه‌ربگرنه‌وه‌؟

له‌ڕاستیدا پاساوه‌کانی سه‌رکه‌وتی کوبه‌ له ‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا سه‌باره‌ت به‌تاوانی کوشتنی کۆمۆنیسته‌کان، هێنده‌ ڕیسوا ومایه‌ پوچه‌، نه‌ک هه‌ر ناتوانێ به‌هایه‌کی بۆ بێتاوان نیشاندانی خۆی وهاوه‌ڵه‌کانی هه‌بێت، بگره‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش شه‌رمه‌زار ده‌کات.

بێگومان بۆ ئێمه‌ش هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌م تاوانه‌ نه‌ تۆڵه سەندنەوەیەو نه ‌قینێکی شه‌خسیه، به‌ڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە نابێ خەڵکی کوردستان‌و ئەندام‌و لایەنگرانی ئه‌حزابی سیاسی ئەوە قبوڵ بکەن کە حیزبەکانیان‌و سیسته‌می ده‌سه‌ڵات‌ بە کەسانێك پڕبکرێن‌و‌ له ‌ناوه‌نده‌کانی بڕیاردا قەراربگرن کە بە ئەنجامدانی تاوان تۆمەتبارکراون. بۆ ئێمه‌ مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ستکردنی حزبه‌کان‌و سه‌رکردایه‌تیه‌کانیانه‌ به‌ خه‌باتی سیاسی‌و ده‌ستنه‌بردنیانە بۆ کوشتارو توندوتیژی له‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ سیاسیه‌کانیاندا. خه‌ڵکی کوردستان‌وهه‌ڵسوڕاوانی سیاسی‌و ڕۆشنبیران‌و ڕۆژانه‌مه‌ نوسانیش هه‌قیانه‌ له‌ژێرسایه‌ی سیسته‌م وکه‌شو هه‌وایه‌کی ئارامی سیاسیدا ژیان بکه‌ن وچالاکی خۆیان بنوێنن.

 

سکرتاریه‌تی مه‌کته‌بی سیاسی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

20/7/2012

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه