یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان پرۆتۆکۆلێکى لێک تێگه‌یشتنى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ئاریاننا ریتیلا واژۆکرد

ماڵپەری قەڵادزێ:

پاشنیوه‌رۆى ئه‌مرۆ له‌ شارى بارى وڵاتى ئیتاڵیا شێخ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان پرۆتۆکۆلێکى لێک تێگه‌یشتنى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ئاریاننا ریتیلا سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى بازرگانى ئیتاڵى – عێراقى بۆ په‌ره‌پێدانى بازرگانى و رۆشنبیرى واژووکرد، ئه‌مه‌ش دووه‌مین پرۆتۆله‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا .

شێخ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"دواى ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمى سه‌رۆک و نوێنه‌رانى لقه‌کانى هه‌ولێر و دهۆک و که‌رکوک و سلێمانى له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ى بازرگانى ئیتاڵى – عێراقى بۆ په‌ره‌پێدانى بازرگانى و رۆشنبیرى داوه‌تکران بۆ ئیتاڵیا، پاشنیوه‌رۆى ئه‌مرۆ هه‌ینى له‌میانه‌ى کۆبونه‌وه‌یه‌کدا به‌ئاماده‌بونى سه‌رۆکى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى ئیتاڵى و سه‌رۆکى رێکخراوى ئابوورى ئیتاڵى پرۆتۆکۆلێکى لێک تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش له‌ نێوان یه‌کێتیه‌که‌مان و دامه‌زراوه‌ى ناوبرا واژووکرا ".

سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى ئامانجى پرۆتۆکۆله‌که‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا:"ئه‌م پرۆتۆکۆله‌ ده‌بێته‌ پردێکى هاوبه‌ش بۆ زیاتر به‌ستنه‌وه‌ى رێره‌وى بازرگانى هه‌رێمى کوردستان به‌و ولاَته‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ پێشتریش مانگانه‌ یاخود به‌ دوو مانگ جارێک به‌ شاندێکى بازرگانى به‌شدارى پێشانگا و کۆنفرانسه‌کانى ئه‌و ولاَته‌مان کردووه‌ ، جگه‌له‌وه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ رێگه‌ى ئه‌و پرۆتۆکۆله‌وه‌ ئه‌زمونى ده‌ستى کارى ئیتاڵیا له‌ رووى داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان".

جێى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ دووه‌مین پرۆتۆکۆلى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستانه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا، دووشه‌ممه‌ى رابردوو پرۆتۆکۆلێکى هاوشیوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌نارده‌کارانى کۆریاى باشوور واژووکرا.

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه