شاندێکی یەکیێتی هەناردەو هاوردەکارن بەرەو کۆریای باشور بەڕێکەوتن

ماڵپەری قەڵادزێ:

به‌مه‌به‌ستى واژووکردنى پرۆتۆکۆلێکى بازرگانى هاوبه‌ش شه‌وى رابردوو شاندێکى سه‌رۆک و ژماره‌یه‌ک له‌ بازرگانانى ئه‌ندام له‌ یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان له‌رێگه‌ى فرۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانیه‌وه‌ به‌ره‌و شارى سیئۆلى پایته‌خى کۆریاى باشوور به‌رێکه‌وتن.

شێخ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"شانده‌که‌ پێکهاتوون له‌ ١١ بازرگان و له‌سه‌ر بانگهێشتى یه‌کێتى هه‌نارده‌کارانى کۆریاى باشوور سه‌ردانى ئه‌و ولاَته‌یان کردووه‌، به‌مه‌به‌ستى چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کى بازرگانى هاوبه‌ش له‌نێوان بازرگانانى هه‌رێمى کوردستان و کۆریاى باشوور".

شێخ مسته‌فا ووتیشى:"بریاره‌ سبه‌ى دووشه‌ممه‌ له‌ چوارچێوه‌ى کۆبونه‌وه‌کاندا به‌ئاماده‌بوونى سه‌رکونسوڵى کونسوڵگه‌رى گشتى کۆریاى باشوور له‌ هه‌رێمى کوردستان و هه‌ردوو سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان یه‌کێتى هه‌نارده‌کارانى کوریاى باشوور پرۆتۆکۆلێکى بازرگانى هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوولادا واژووبکرێت".

سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى ئامانجى پرۆتۆکۆله‌که‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا:"ئه‌م پرۆتۆکۆله‌ ده‌بێته‌ پردێکى هاوبه‌ش بۆ زیاتر به‌ستنه‌وه‌ى رێره‌وى بازرگانى هه‌رێمى کوردستان به‌و ولاَته‌وه‌، چونکه‌ کۆریاى باشوور خاوه‌نى چه‌ندان مارکه‌ى به‌ناوبانگن که‌ له‌ رووى کوالێتى و چۆنایه‌تیه‌وه‌ له‌ جیهاندا ناسراون، جگه‌له‌وه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ رێگه‌ى ئه‌و پرۆتۆکۆله‌وه‌ ئه‌زمونى کۆریاى باشوور له‌ رووى داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان".

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه