بۆ یه‌که‌مجار ڕۆژنامه‌نوسێکى کورد خه‌ڵاتى گه‌وره‌ترین رێکخراوى جیهانى پێبه‌خشرا

دانه‌ر مه‌جیدى؛ نیویۆڕک:

ڕۆژنامه‌نوس گۆران دوکانى له‌ڕیزبه‌ندى"٤٧"که‌سایه‌تى جیهاندا خه‌لآتى "هێڵمان\هامێنت"ى ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ,ناسراو به‌(هیومان ڕایتس ۆچ)ى به‌ده‌ست هێنا.

له‌لێدوانێکدا گۆران دوکانى ڕایگه‌یاند"زیاترله‌ پانزه‌ ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى پشتگیریان کردم بۆ وه‌رگرتنى خه‌لآتى "هێڵمان\هامێنت" ى ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى هیومان ڕایتس ۆچ, که‌دیارترینیان ڕێکخراوه‌کانى(ئه‌منیستى ئه‌نته‌رناشناڵ, په‌یامنێرانى بێسنوور, کۆمیته‌ى به‌رگریکردن له‌ڕۆژنامه‌نووسان, په‌یمانگاى ڕۆژنامه‌وانى نێوده‌وڵه‌تى)و چه‌ند ڕێکخراوێکى دیکه‌, هه‌روه‌ها پاڵپشت به‌چه‌ندین دێکیۆمێنتى سه‌لمێندراو که‌له‌ماوه‌ى ئه‌نجامدانى کارى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌هه‌رێمى کوردستان ڕوبه‌ڕوى ڕفاندن وهه‌وڵى تیرۆرکردن وزیندانى کردن و غرامه‌کردن وده‌رکردن له‌وه‌زیفه‌ى حکومه‌ت بومه‌ته‌وه‌, هه‌مووئه‌مانه‌ بونه‌هۆى وه‌رگرتنى ئه‌و خه‌لآته‌.

سه‌باره‌ت به‌په‌یامى خۆى بۆوه‌رگرتنى خه‌لآته‌که‌ دوکانى گوتى"به‌هۆى وه‌رگرتنى ئه‌وخه‌لآته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پیرۆزباى خۆم له‌سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووسانى کوردبه‌گشتى وبه‌تایبه‌تیش هه‌موو ئه‌وڕۆژنامه‌نووسانه‌ده‌که‌م که‌هه‌میشه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بون و له‌ڕێگه‌ى قه‌ڵه‌مه‌کانیانه‌وه‌ خزمه‌تى دۆزى نه‌ته‌وایه‌تى کوردیان کردوه‌و زۆرجاریش به‌وهۆیه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوى ده‌یان فشارى سیاسى بونه‌ته‌وه‌.

 

لاوڕێنس مۆس به‌ڕێوبه‌رى خه‌لآتى(هێڵمان\هامێنت)ڕایگه‌یاند"سالآنه‌ ڕێکخراوى هیومان ڕایتس ۆچ له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا خه‌لآتى ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ده‌کات که‌به‌هۆى بلآوکردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌کانیانه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوى فشارى سیاسى ده‌بنه‌وه‌و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان دروست ده‌بێت وبه‌وهۆیه‌شه‌وه‌ نیشتیمانیان به‌جێدێڵن".

سه‌باره‌ت به‌خه‌لآتکردنى ڕۆژنامه‌نووس گۆران دوکانى, لاوڕێنس مۆس ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد"دواى هه‌ڵسه‌نگاندنى سه‌دان ئه‌پڵیکه‌یشن که‌له‌سه‌رانسه‌رى جیهانه‌وه‌ به‌ده‌ستمان گه‌یشتبو, لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى خه‌لآتى(هێڵمان\هامێنت) بڕیاری خه‌لآت کردنى(٤٧)که‌سایه‌تى جیهانیدا که‌له‌ناویاندا ڕۆژنامه‌نوسى عێراقى (گۆران دوکانى) ئه‌وخه‌لآته‌ى پێبه‌خشرا".

 

ڕێکخراوى(هیومان ڕایتس ۆچ)گه‌وره‌ترین ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى مافه‌کانى مرۆڤه‌و ئۆفیسى سه‌ره‌کى ڕێکخراوه‌که‌ له‌شارى نیویۆرکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکایه‌, سالآنه‌ ئه‌م ڕێکخراوه‌ خه‌لآتى ئه‌ونوسه‌ر وڕۆژنامه‌نووس وچالاکى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیانه‌ ده‌کات که‌به‌هۆى بلآوکردنه‌وه‌ى بابه‌ت وئه‌نجامدانى کاره‌کانیانه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوى فشارى سیاسى وهه‌وڵى تیرۆرکردن ده‌بنه‌وه‌و ناچارده‌کرێن زێدى خۆیان به‌جێبێڵن.

خه‌لآته‌که‌ بڕى(٨٠٠٠)دۆلارى ئه‌مریکیه‌, له‌گه‌ڵ گه‌شتێک بۆو که‌سانه‌ى که‌خه‌لآت ده‌کرێن بۆیه‌کێک له‌کیشوه‌ره‌کانى جیهان, واش بڕیاره‌ ئه‌مساڵ وێستگه‌ى گه‌شتى خه‌لآتکراوه‌کان بۆ ولآتانى ڕۆژهه‌لآتى ئه‌وروپابێت.

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه