پرۆتۆكۆلێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان یه‌كێتی هاورده‌ و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی ژووره‌ ته‌عاونیه‌كانی ئێران واژووكرا

 

ماڵپەری قەڵادزێ:

پاش چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی تاران و هه‌مه‌دان پاش نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ له‌ شاری تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران پرۆتۆكۆلێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان یه‌كێتی هاورده‌ و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی ژووره‌ ته‌عاونیه‌كانی ئێران واژووكرا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێخ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده‌ و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند:"له‌ سێ‌ رۆژی رابردوودا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ژووره‌ ته‌عانیه‌كانی ئێران و ژووری ته‌عاونی هه‌مه‌دان كۆبوینه‌وه‌ تیایدا باس له‌ هاوكاری زیاتر و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا كرا".

شێخ مسته‌فا گوتیشی:"ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ی واژوومان كردووه‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگی له‌خۆ گرتووه‌، كه‌ گرنگترینیان به‌شداری كردنی یه‌كێتی هاورده‌ و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ ته‌واوی پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ئێران كه‌ له‌لایه‌ن ژووره‌ ته‌عاونیه‌كانه‌وه‌ بكرێته‌وه‌، جگه‌له‌مه‌ش كردنه‌وه‌ی خولی تایبه‌ته‌ له‌لایه‌ن ژووره‌ ته‌عاونیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی كاری هه‌ره‌وه‌زی و ته‌عاونی و كاركردنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌ستكه‌وته‌ بازرگانیه‌كان تا له‌ رێگه‌ی ئه‌م بواره‌وه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ بازرگانی و په‌ره‌پێدانی ئابووری بره‌خسێنرێت ".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئاغای پاك بین سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره‌ ته‌عاونیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا:"له‌ ئێستا به‌دواوه‌ ئه‌م پرۆتۆكۆله‌ ده‌بێته‌ هاوكاریه‌كی ته‌واوی بازرگانان و چالاكتر كردنی په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووتر، به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین هه‌موو تواناكانمان بخه‌ینه‌ گه‌ر له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ بازرگانیه‌كان و رێگریكردن له‌ هه‌نارده‌ی كاڵای خراپ و به‌سه‌رچوو، هه‌روه‌كو لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكدێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی گرفته‌ بازرگانیه‌كانی سه‌رسنور و ناوخۆیی هه‌ردوولا".

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جگه‌له‌ سه‌رۆكی لقه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركوك هاوكات سه‌رۆكی زۆرینه‌ی رێكخراوه‌ ئابووریه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاره‌كانی تاران، كرماشان، هه‌مه‌دان، ئازه‌ربایجانی شه‌رقی و غه‌ربی، سنه‌، و چه‌ند شارێكی دیكه‌ ئاماده‌بوون.

 

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه