پارلمانی کوردستان پرۆژەیەکی ١٧ خاڵی بڵاوکردەوە

ماڵپەری قەڵادزێ:

دوای خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری، پارلمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکخست، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، کە توندوتیژی لێکەتەوە. سەرباری خوێندنەوەی بەلاغی فراکسیۆنەکان، پرۆژەیەکی ١٧ خاڵیان دەرکرد، ئەمەش دەقی پرۆژەکەیە:

"
به‌ پشت به‌ستن به‌ بڕگه‌ی "1"ی مادده‌ی "56" له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ "1"ی ساڵی "1992"ی هه‌موار كراو، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی نا ئاسایی ژماره‌ "1"ی رۆژی "23/2/2011"ی خۆی دا، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ به‌رچاوخستن‌و گفتوگۆكردن‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی پارێزگای سلێمانی‌و ئه‌و داواكاری‌و ده‌رهاویشتانه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجامی خۆپیشانه‌كان دا كه‌وتۆته‌وه‌ له‌ ته‌قه‌كردن‌و شه‌هید و برینداربوونی خۆپیشانده‌ران‌و هێزه‌كانی ناوخۆو سوتاندنی باره‌گاو هه‌ندێ‌ له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، له‌گه‌ڵ داواكاری خۆپیشانده‌ران دا.
ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌ركرد:

1- ئیدانه‌و ته‌حریم‌و ته‌جریمكردنی توندوتیژی‌و ته‌قه‌كردن له‌هاوولاَتیان‌و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گا فه‌رمیه‌كان‌و حزبیه‌كان‌و زیانگه‌یاندن به‌ماڵی گشتی‌و تایبه‌ت له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌.
2- كشانه‌وه‌ی ده‌ست به‌جێی سه‌رجه‌م هێزه‌ جووڵه‌پێكراوه‌كان، كه‌ به‌ هۆی رووداوه‌كانی رۆژی "17/2/2011" جوڵه‌یان پێكراوه‌ بۆ گشت شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی‌و شاری سلێمانی به‌ تایبه‌تی‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باره‌گاكانیان.
3- ئازادكردنی سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی به‌ هۆكاری به‌شداربوون له‌ خۆپیشاندان ده‌ستگیركراون، ئه‌وانه‌ش تاوانیان كردوه‌، ڕاده‌ستی ده‌سه‌لاَتی دادوه‌ری‌و پۆلیس بكرێن.
4- حكومه‌ت به‌گوێره‌ی یاسا، قه‌ره‌بووی ماددی‌و مه‌عنه‌وی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س‌و لایه‌ن‌و ده‌زگاو هێزانه‌ بكات كه‌ به‌ هۆی په‌لامارو توندوتیژیه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندبوون، به‌گوێره‌ی یاسا.
5- پاراستن‌و رێكخستنی خۆپیشانده‌ران، ته‌نها به‌ هێزه‌كانی پۆلیسی ناوخۆو پۆلیسی چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان بسپێردرێت، شوناس "ناو، باج، شوێنی كار"ی هێزه‌ پارێزگاره‌كان ئاشكرا بێت‌و نه‌هێڵدرێت هیچ كه‌سێك به‌ ده‌مامك‌و ئوتومبیلی جام ڕه‌ش هاتوچۆ بكات.
6- هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ هه‌موو جۆره‌ ململانێیه‌كی سیاسی ناوخۆیی به‌دووربێ‌‌و ئه‌ركی نیشتمانی خۆی وه‌ك هێزێكی نیشتمانی‌و پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان جێبه‌جێ‌ بكات.
7- پێویسته‌ لیژنه‌ی بالاَی لێكۆڵینه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێكهاتووه‌، له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكی دادگای ته‌مییزه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی بكرێت‌و ئه‌ندامه‌كانی كه‌سانی شاره‌زاو بێ‌ لایه‌ن بن‌و به‌ زووترین كات ئه‌نجامه‌كه‌ی بخه‌نه‌ به‌رده‌م ڕای گشتی.
8- له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا، كه‌مته‌رخه‌می له‌لایه‌ن دام‌و ده‌زگاكانی پۆلیس‌و ئاسایش دا هه‌بوه‌و دوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌بێ‌ لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م ئیجرائاتی یاسایی له‌گه‌ڵ بكرێت، هه‌روه‌ها به‌رپرسی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌میان نواندوه‌، به‌گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ‌.
9- نابێ‌ به‌بێ‌ بڕیاری دادگا هیچ خۆپیشانده‌رێك به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌خۆپیشاندان ده‌ستگیر بكرێ‌.
10- بڕیاری جولاَندنی هێزی سه‌ربازی له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر نابێت ئه‌نجام بدرێ‌ ته‌نها له‌حاڵه‌تی بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌كی نه‌بێت.
11- ده‌ستبه‌جێ‌ ئه‌نجام ده‌رانی سووتاندنی كه‌ناڵی "نالیا"، "رادیۆ"و "ته‌له‌فزیۆن"ی گۆڕان، ڕێوشوێنی یاساییان له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌ به‌رو بدرێنه‌ دادگا.
12- به‌مه‌به‌ستی چاكسازی ریشه‌یی‌و گشتی له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كان‌و لیژنه‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ هاوكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و سوود وه‌رگرتن له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و مامۆستایانی زانكۆو پسپۆران‌و خه‌ڵكانی بێ‌ لایه‌ن‌و دڵسۆز ئاماده‌و پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكرێ‌ بۆ گفتوگۆكردن‌و چاودێری جێبه‌جێ‌ كردنی به‌زووترین كات.
13- پێویسته‌ حكومه‌ت ده‌ست به‌جێ‌ چه‌ندین بریاری گرنگ‌و به‌ په‌له‌ ده‌ربكات، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ باشتر كردنی باری گوزه‌رانی خه‌ڵكی‌و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌لاَیه‌تی‌و كرانه‌وه‌ی زیاتری فه‌زای سیاسی‌و ئازادی.
14- هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و راگرتنی هێرشی راگه‌یاندنی حزب‌و لایه‌نه‌كان بدات.
15- بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و وه‌زیری ناوخۆو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ روونكردنه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌، به‌پێی رێككاره‌ یاساییه‌كان.
16- زه‌مینه‌ سازكردن‌و پشتگیریكردنی ئه‌نجامدانی دیالۆگێكی نیشتمانی سیاسی له‌نێوان ئه‌و حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌ ئارای پێكه‌وه‌ سازانی یاسایی سیاسی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ خاوه‌نی ره‌هه‌ندی سیاسیی‌و نیشتمانیان هه‌یه‌.
17- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌نوێنه‌ری سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی به‌ دواداچوون‌و گوێ‌ گرتن له‌ داخوازی خۆپیشانده‌ران."

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه