هه‌وڵدانی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان به‌رده‌وامه‌

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب:

له‌سه‌ردانێك بۆ لای به‌رێز هاورێ حه‌مه‌ ره‌شید قه‌ره‌داغی به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دیرینه‌كانی حزبی شیوعی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان و سه‌باره‌ت به‌ سۆزو به‌ڵێنه‌كانی به‌رێزیان و به‌رێز كاك جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان له‌ هاتنیاندابۆ ئه‌وروپابه‌ مه‌به‌ستی سه‌رپه‌رشتی دووه‌م كۆنفرانسی لقی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دیرینه‌كانی كوردستان وتی:

ئێمه‌و به‌ریز كاك جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پیشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ی فراوانمان كردو له‌ رێی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌و قسه‌كردن به‌ ته‌له‌فون له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی سوید، نه‌رویج، دانیمارك، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا، نه‌مسا، بریتانیا، سویسرا، فینله‌نداو ئۆسترالیا هه‌ندی به‌ڵێنمانداو هه‌وڵئه‌ده‌ێن و به‌ هیواین جێبه‌جی بكرێن.

هاتنمان بۆ ئه‌وروپا وه‌ك وتمان به‌ مه‌به‌ستی كۆنفرانسی دووه‌م بوو، گوێگرتن له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ داواو داخوازی و پیشنیارو گیروگرفتی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان به‌بێ جیاوازی.

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخێكی ناهه‌موارو ناله‌بار پاڵی به‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان ناوه‌ روو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن، ئێمه‌ ئه‌وان به‌ پێشمه‌رگه‌و هه‌ڤاڵی خۆمان ئه‌زانین و هیچ جیاوازییه‌كی له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی ئێره‌ نییه‌.

وه‌ك ئه‌زانن داواو داخوازی و پێشنیاری پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ ئاسانی نه‌ ئه‌گه‌شتن و نه‌مان ئه‌بینی، وه‌ك داواو پێشنیاری پێشمه‌رگه‌كانی ناوه‌وه‌ كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ گۆێان لێئه‌گرین و ئه‌یانبینین.

هه‌موو شته‌كانی ده‌ره‌وه‌: داواو نووسراو فۆرم و دیكۆمه‌نته‌كانی ده‌ره‌ومان هێناو لێره‌ لێژنه‌مان له‌گه‌ڵ براو هه‌ڤاڵانی لقی ده‌ره‌وه پێكهێنا، له‌ گه‌ڵ به‌رێز كاك مه‌لا جه‌مال به‌رپرسی لقی ده‌ره‌وه‌و كاك جه‌لالی مه‌لا مسته‌فاو كاك ئازاد خالدو چه‌ند به‌رپرسێكی وڵاتانی ده‌ره‌وه ‌له‌وانه‌ی كه‌ له‌ سلیمانی بوون و دووای چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك:

ئه‌و نامه‌و سكاڵانه‌ كه‌ هاتوون ده‌رباره‌ی زیاد كردنی پله‌كانیان، هه‌موو كه‌ زیاد له‌ (300) نامه‌و سكاڵا ئه‌بوو به‌ (ئه‌مانه‌ته‌وه‌) خراونه‌ته‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌و، ئه‌توانم بڵێم له‌ 90% ی و بگره‌ زیاتر خراوه‌ته‌ بواری جیبه‌جێكردن.

ئه‌و فۆرم و بلانكێتانه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌رێزه‌كان كه‌ خانه‌نشین نه‌كرا بوون و ژماره‌یان نزیكه‌ی (100) ئه‌بوو خراوه‌ته‌ بواری جیبه‌جێكردن.

هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ زیاترله‌ (100) فۆرم و بلانكێتی پێشمه‌رگه‌ هاتووه‌ كه‌ ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵه‌یان نییه‌و، پاش لێكۆڵینه‌وه‌ به‌شێكی زۆری په‌سه‌ند كراوه‌وخراوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێ كردن.

مه‌سه‌له‌ی زه‌وی: وه‌ك له‌ قسه‌كانماندا له‌ ئه‌وروپا كه‌ به‌ڵێنماندا به‌ هاورێیان و هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵداین بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌وه‌ی زه‌وی نییه‌و زه‌وی وه‌رنه‌گرتووه‌ زه‌وی وه‌ربگرێت و، ئه‌مه‌ش به‌ كارێكی پیویست ئه‌زانین و، لێره‌دا پێشمه‌رگه‌كان دڵنیا ئه‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بێته‌ بواری جێ به‌جێ كردن و، جێی ئاماژه‌یه‌ به‌رێز كاك جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كردووه‌و به‌ مه‌به‌ستی به‌دوواچوونه‌وه‌و بۆ دابین كردنی زه‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان.

له‌ هه‌وڵداێن بۆ هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (38) ساڵی 2007 ی پارله‌مانی كوردستان كه‌ كۆمه‌لێ ماف و (ئیمتیازاتی) باشی تیایا بۆ پێشمه‌رگه‌.

هه‌وڵ ئه‌ده‌ێن بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی (مۆسسه‌) تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرینی كوردستان.

له‌ هه‌وڵداێن بۆ یه‌كخستنی كۆمه‌ڵه‌ی پیشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان و ده‌زگای شۆرشی ئه‌یلول (برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان).

له‌ گه‌ڵ برایانی پدك پێكه‌وه‌ كار ئه‌كه‌ێن بۆ ئه‌م (3) پرۆژه‌یه‌: هه‌موار كردنی یاسای رێز لێنانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌و یه‌كخستنی كۆمه‌ڵه‌ی پیشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان و ده‌زگای شۆرشی ئه‌یلول.

دیاره‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و كارانه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردووه‌ ئاسان نییه‌و پێویستی به‌ كات هه‌یه‌و ئێمه‌ش له‌ هه‌وڵ وته‌قالا ئه‌بین به‌ هیوای سه‌ركه‌وتن.

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه