به‌رپرسانی PDA نه‌یانتوانی سكاڵامان له‌سه‌ر تۆماربكه‌ن

هادی ئه‌مین:

دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرامانكرد كه‌ به‌رپرسانی رێكخراوی PDA هه‌ستاون به‌ سوتاندنی

800 نوسخه‌ی چاپكراو له‌كۆی هه‌زار نوسخه‌ی توێژینه‌وه‌ی (راگه‌یاندنی

سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمی كوردستان..)، و ئه‌و ره‌فتاره‌ی به‌رپرسانی PDA مان

شه‌رمه‌زارو مه‌حكومكرد، به‌رپرسانی رێكخراوی ناوبراو له‌ به‌رواری 29-6-2012

هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێكردین كه‌ (ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 10 ڕۆژدا داوای

لێبوردنیان لێ نه‌كه‌ین، ئه‌وا سكاڵای یاساییمان له‌سه‌ر تۆمارده‌كه‌ن).

 

ئێمه‌ش هه‌ر زوو پێمان وتن، ئه‌گه‌ر پێتانوایه‌ لێدوانه‌كانی ئێمه‌ ناراستن و

ته‌شهیرن، فه‌رموون چاوه‌ڕوانی ته‌واوبوونی ده‌ رۆژه‌كه‌تان مه‌كه‌ن و خیرا

بچن له‌ دادگا سكاڵا له‌دژمان تۆماربكه‌ن و به‌رگری له‌خۆتان بكه‌ن، به‌ڵام

بیست رۆژ تێپه‌ری و نه‌یانتوانی سكاڵا تۆماربكه‌ن له‌دژمان، له‌به‌رئه‌وه‌ی

كه‌ ناتوانن نكوڵی له‌و لێدوان و راستییانه‌ بكه‌ن كه‌ ئێمه‌

بڵاومانكرده‌وه‌‌و ده‌ترسن له‌وه‌ی له‌دادگا خۆیان مه‌حكوم بن. ده‌ترسن

له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر سكاڵا تۆماربكه‌ن، ئه‌وا كاره‌ نامه‌ده‌نی و درۆكانیان بۆ

دادگاش ئاشكرابێت، كه‌ بریتین له‌:

 

یه‌كه‌م، درۆ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وه‌ی كه‌ چی سوتاوه‌:

سه‌ره‌تا به‌رپرسانی PDA نوسیان: "ئه‌و راپۆرتانه‌ سالانێكی زۆری

به‌سه‌رداچوه‌‌و هیچ سودێكی هه‌نوكه‌یی نه‌ماوه‌‌و رێگه‌یه‌كی زۆری لێگرتبوین

بۆیه‌ ئه‌وه‌ به‌بڕیاری لیژنه‌كه‌ ئه‌و كاره‌ كراوه‌".

 

ئه‌وه‌ی من ئاشكرامكرد سوتاندنی 800 نوسخه‌ی توێژینه‌وه‌بوو، نازانم

راپۆرتیشیان سوتاندبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شم روونكرده‌وه‌ بۆیان كه‌ كتێب‌و

توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ماوه‌ی به‌سه‌رچوونیان نییه‌، و لێم پرسین: ئایا ده‌بێت

كتێبه‌كانی مێژوو بسوتێنین به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی: (سالانێكی زۆریان

به‌سه‌رداچوه‌‌و هیچ سودێكی هه‌نوكه‌ییان نه‌ماوه‌)؟!

 

كه‌ ئه‌و پرسیاره‌ مه‌نتقییه‌م لێكردن، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا

پاساوه‌كه‌یان گۆڕی‌و وتیان: توێژینه‌وه‌كه‌ له‌مه‌خه‌زه‌نێك دانرابوو مشكی

لێبوو.. له‌كاتی بارانبارین ئاو چووبوه‌ناو مه‌خزه‌نه‌كه‌ ته‌ڕبوبون.. كه‌

ئه‌گه‌ر واش بێت، ئه‌وا هه‌ر مه‌حكومن كه‌ بۆچی له‌شوێنیكی وا توێژینه‌وه‌

داده‌نێن.

 

به‌ڵام ئه‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ به‌واندا توێژینه‌وه‌كان نێردرا بۆ تانجه‌رۆ تا

بیسوتێنن، شاهیدی ئه‌وه‌ن كه‌ هیچ كام له‌و كارتۆنانه‌ی كه‌ توێژینه‌وه‌كانی

تیابوو، مشك نه‌یخواردبوو، ئاوی باراناویش نه‌یخوساندبوو!؟

 

دووه‌م، درۆ له‌سه‌ر ئاستی، فلانیش ئاگاداربوو كه‌ ئه‌و كاره‌مان كرد:

له‌یه‌كه‌م درۆیاندا دوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ته‌نفیزی PDA به‌ناوه‌كانی ئاسۆ

ئه‌مین، به‌هار مونزیر، نوسییان: "رۆژێك پێشتر كاك هادی خۆی ئاگاداربوه‌

كه‌ئه‌و شتانه‌ ده‌سوتێنرێن‌".

 

پاشان ئه‌م درۆیه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵك بۆ

گه‌شه‌پێدان PDA، گه‌شه‌یكردوو نوسیویان: "ئه‌و خۆی له‌وێ بوه‌ و به‌ده‌می خۆی

هاواری كردوه‌ ئه‌م توێژینه‌وانه‌ هی ساڵی 2007 ـه‌و بۆ فڕیدان باشه‌".

 

ئه‌گه‌ر سه‌رنجبده‌ین ئه‌م دوو درۆیه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كتریشن‌و ده‌توانین

لێیان بپرسین: ئایا هادی رۆژێك پێش سوتاندنی توێژینه‌وه‌كان ئاگاداربووه‌، یان

ئه‌و خۆی له‌وێ بوه‌و هاواریكردووه‌ بۆ فرێدان باشه‌؟!

 

ئه‌م درۆیانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، له‌ مناڵێك بپرسیت: ئه‌وه‌ بۆچی به‌ردت

گرته‌ ئه‌و ماڵه‌، مناڵه‌كه‌ش له‌ وه‌ڵامدا بڵێت (ئاخر هاوڕێكه‌م ئاگاداربوو

ئه‌و هاواریكردو وتی به‌ردی تێ بگره‌؟!)

 

منیش له‌م به‌ڕێزانه‌م پرسی: ئه‌گه‌ر من‌و سه‌د كه‌سی دیكه‌ش، هه‌موومان به‌

مكبه‌ره‌ هاوار بكه‌ین‌و بڵێن ئه‌و كتێبه‌ یان ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ بسوتێنن،

ئایا ده‌بێت به‌ قسه‌مان بكه‌ن؟؟

 

هه‌روه‌ها پرسیارێكی دیكه‌ی مه‌نتقیم لێكردن‌و پرسیم: ئایا من ده‌سته‌ی بۆردم

من رێكخراوی دۆنه‌رم، بۆچی یه‌كسه‌ر به‌ قسه‌تان كردم؟

 

هه‌روه‌ها لێم پرسین: ئایا من ئه‌و هاواره‌م له‌ چ كات‌و شوێنێكدا كرد‌و كێ و

كێی لێ بوو؟ خۆ هاوار واته‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌ی چه‌ند كه‌س گوێی لێبووه‌؟؟

به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دایه‌وه‌!!!!

 

مه‌به‌ستیان له‌و قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێن باشه‌ بۆ ده‌ستی نه‌گرتین له‌

سوتانی توێژینه‌وه‌كه‌.. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ تاوانبارێك بڵێت: خۆ

فلان ئاگاداربوو له‌وه‌ی كه‌ من ئه‌و تاوانه‌ ده‌كه‌م، ئه‌ی بۆ ده‌ستی

نه‌گرتم؟!

 

هه‌رچه‌نده‌ من به‌هیچ جۆرێك نه‌موتوه‌ بیستوێنن‌و ئاگاداریش نه‌بوون، ئه‌و

پرسیارانه‌شیان بۆیه‌ لێده‌كه‌م، بۆئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنم ئه‌و قسانه‌یان چه‌ند

درۆیه‌كی ناشرینه‌.

 

سێیه‌م، درۆ له‌سه‌ر ئاستی كارمه‌ندبوون‌و كارمه‌ندنه‌بوون:

بۆئه‌وه‌ی له‌قورسایی ناڕه‌زاییه‌كه‌ی من كه‌مبكه‌نه‌وه‌، به‌رپرسانی PDA

له‌په‌ره‌گرافی دووه‌می روونكردنه‌وه‌كه‌یاندا نوسیویانه‌: "هادی ئه‌مین كه‌

له‌م ساڵدا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ رێكخراوه‌كه‌مانه‌وه‌ نیه‌".

 

پاشان له‌چه‌ند په‌ره‌گرافێك دواتری روونكردنه‌وه‌كه‌یان، ئه‌و قسه‌یه‌ی خۆیان

پوچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌و نوسیویانه‌: "PDA وه‌ك رێكخراوێكی مرۆیی مافی ئه‌م چه‌ند

رۆژه‌ی كاركردنی ناوبراوی له‌ رێكخراوه‌كه‌مان پاراستوه‌".

 

سه‌ره‌تا ده‌ڵێن، هادی ئه‌مساڵ "هیچ" په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ڕێكخراوه‌كه‌مانه‌وه‌

نییه‌، پاشان ده‌ڵێن مافی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی كه‌ له‌ PDA كاری كردووه‌

پارێزاروه‌!؟

 

چواره‌م، درۆ له‌سه‌ر ئاستی له‌ده‌ستدانی كار:

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی PDA له‌باره‌ی له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌م نوسیویانه‌:

"له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌ی هیچ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ ره‌خنه‌گرتن و ده‌ربڕینی

ناره‌زایی".

 

ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانم

له‌سه‌ر سوتاندنی نوسخه‌كانی توێژنه‌وه‌كه‌، ئه‌ی له‌سه‌ر چییه‌؟

بزانین له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا چ درۆیه‌كی دیكه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن،

چاوه‌ڕێین، به‌داخه‌وه‌.

 

پێنجه‌م، مه‌سه‌له‌ی تویژینه‌وه‌ دابه‌شنه‌كردن‌و سوتاندنی توێژینه‌وه‌:

ئایا ئه‌كرێت رێكخراوێك 800 نوسخه‌ توێژینه‌وه‌ی خۆی بسوتێنیت به‌ بیانووی

ئه‌وه‌ی دوو ساڵه‌ له‌ مه‌خزه‌ن دانراوه‌؟

 

ده‌كرا به‌دواداچوون بكرێت بۆئه‌وه‌ی بزانرێت كێ به‌رپرسه‌ له‌مانه‌وه‌ی

توێژینه‌وه‌كه‌و دابه‌شنه‌كردنی تا سزابدرێت، نه‌ك توێژینه‌وه‌كان بسوتێنیت.

 

ئاخر خۆ توێژینه‌وه‌كه‌ موڵكی تاكه‌ كه‌سێك نه‌بووه‌، تا بسوتێندرێت، موڵكی

گشتی‌و رۆژنامه‌نوسان بوو، چونكه‌ بوجه‌ی رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی

تیاسه‌رفكرا، رێكخراوه‌كه‌ بوجه‌ی وه‌رگرتووه‌ به‌ پاساوی خزمه‌تكردن‌و

گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵ‌و پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌م به‌ كۆمه‌ڵگا، ئیتر چۆن ده‌كرێت

به‌رهه‌مه‌كه‌ بنێریت بۆ بسوتاندن له‌ تانجه‌رۆ.

 

سوتاندنی نوسخه‌كانی ئه‌و توێژنه‌وه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، كاتێك

له‌كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی رووبه‌رووی ئافره‌تان‌و ژنان

ده‌بێته‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی بچن چاره‌سه‌ری گونجاوی كێشه‌كه‌ بكه‌ن، ده‌چن

ئافره‌ته‌كه‌ ده‌كوژن یان ده‌یسوتێنن..

 

بۆچی رێكخراوێكی ناوخۆیی پاره‌ له‌ رێكخراوی بیانی وه‌ربگرێت بۆ ئه‌نجامدانی

پرۆژه‌و پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌م به‌ كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام دواتر به‌رهه‌م‌و

پرۆژه‌كه‌ی بسوتێنیت... به‌راستی ئه‌مه‌ نیشانه‌ی پرسیارو سه‌رسورمانه‌.. ئایا

ته‌نها مه‌به‌ست وه‌رگرتنی موچه‌و راتبه‌‌و به‌س؟! ئیتر كێشه‌ نیه‌ با

به‌رهه‌م‌و پڕۆژه‌كه‌ بچێت بۆ زبڵدانی تانجه‌رۆ؟!

 

ئه‌بێت جه‌ختله‌وه‌ش بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ رێكخراوی دۆنه‌ریش NPA، به‌هۆی

راپۆرتی سه‌رپه‌رشتی‌و مۆنیته‌ری خۆیه‌وه‌ به‌وه‌ی بزانیایه‌، كه‌ نوسخه‌كانی

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ دوو ساڵه‌ له‌ مه‌خزه‌نی رێكخراوه‌كه‌یه‌و

دابه‌شنه‌كراوه‌؟!

 

به‌رپرسانی PDA سه‌ره‌تا 800 نوسخه‌ له‌كۆی هه‌زار نوسخه‌ توێژینه‌وه‌یان

سوتاند، پاشان بۆ كپكردنی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌م كاره‌ هاتن كارمه‌ندێكیان

ده‌ركرد، پاشان بۆ په‌رده‌پۆشی كۆمه‌ڵێك درۆیان رێكخست، ئێستا به‌ته‌مان به‌

دادگا بمانترسێنن.

 

له‌باره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌:

توێژینه‌وه‌كه‌ به‌ناونیشانی (راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمی كوردستان..)

له‌ساڵی 2007دا، له‌لایه‌ن رێكخراوی P.D.A به‌هاوكاری رێكخراوی N.P.A

ئه‌نجامدراوه‌، له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا راپرسی كراوه‌ له‌گه‌ڵ 1452

رۆژنامه‌نووس له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستانداو راكانیان به‌شێوه‌یه‌كی

زانستی له‌ دووتوێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا خرابوونه‌ڕوو.

 

كاره‌ مه‌یدانی‌و تیۆرییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ نزیكه‌ی دووساڵی پێچووه‌،

به‌تێمێكی نۆ كه‌سی‌و سه‌رپه‌رشتیاری زانستی توێژینه‌وه‌كه‌ كراوه‌

له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، پاش ته‌واوبوونی له‌ساڵی 2009دا چاپكراوه‌و

ژماره‌ی سپاردنی بریتیه‌ له‌ 1633ی ساڵی 2009.

 

توێژینه‌وه‌كه‌ به‌ تیراژی هه‌زار دانه‌ چاپكرا، به‌قه‌باره‌ی 100 لاپه‌ڕه‌ی

ئه‌یفۆر، به‌ڵام ته‌نها دووسه‌د نوسخه‌ی لێ دابه‌شكرا، 800 نوسخه‌ی كه‌

مابوه‌وه‌ له‌مه‌خزه‌نی رێكخراوی P.D.A، له‌مانگی رابردوودا سوتێندران

له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆی سلێمانی، ئه‌ویش به‌ بڕیارێكی ده‌سته‌ی ته‌نفیزی

رێكخراوه‌كه‌؟!

 

چاپی هه‌ر نوسخه‌یه‌ك له‌و توێژینه‌وه‌یه‌ نزیكه‌ی سێ دۆلاری تێچوبوو، واته‌

ته‌نها كۆی تێچوونی چاپی ئه‌و هه‌شتسه‌د نوسخه‌یه‌ 2400 دۆلار بوو، ئه‌وه‌

جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆماوه‌ی نزیكه‌ی دووساڵ تیمێكی نۆ كه‌سی‌و سه‌رپه‌رشتیاری

زانستی له‌و پرۆژه‌یه‌دا كاریان كردووه‌.

 

من له‌سه‌ر ناڕه‌زایی و ره‌خنه‌گرتنم له‌سه‌ر سوتاندنی ئه‌و 800 نوسخه‌یه‌ی

توێژینه‌وه‌كه‌ كاره‌كه‌م له‌ PDA له‌ده‌ستدا، به‌ڵام سه‌ربه‌رزم، چونكه‌

ناكرێت من وه‌ك رۆژنامه‌نووس له‌ ئیجرائاته‌ هه‌ڵه‌كانی حكومه‌ت ره‌خنه‌

بگرم‌و بێ ده‌نگ بم به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌كانی رێكخراوه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر

كاره‌كه‌شم له‌ده‌ستبده‌م.

 

هادی ئه‌مین ـ سه‌رنوسه‌ری پێشووی سایتی چاوی خه‌ڵك له‌ رێكخراوی P.D.A

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه