په‌یامێک بۆ خه‌ڵکی ناڕازی ناوچه‌ی باڵه‌کایه‌تی

چاوه‌ڕوانی له‌ده‌سه‌ڵات بێهوده‌یه‌، به‌ده‌ستهێنانی نان وئازادی وسه‌لامه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕێکخستن وگه‌رم ڕاگرتنی ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی پێویسته‌!

په‌یامێک بۆ خه‌ڵکی ناڕازی ناوچه‌ی باڵه‌کایه‌تی

جەماوەری ناڕازی‌ قەزای چۆمان‌و ناوچەی باڵەکایەتی!

خۆپیشاندان وناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌رهه‌قی ئێوە، گۆشه‌یه‌کی تر له‌ڕق وتوڕه‌یی کرێکاران وزه‌حمه‌تکێشان ولاوان و ژنان وسه‌رجه‌م کوردستانی نیشاندایه‌وه‌ که‌هه‌ر ڕۆژه‌و به‌هه‌ر به‌هانه‌یه‌ك بێت به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر‌ یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات وحکو‌مه‌تی سه‌رمایه‌داران وگه‌نده‌ڵکاران وتاڵانچیانی ده‌گرێ وخواستی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی وباشکردنی ژیان به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌. هاتنه‌مه‌یدان وڕاوه‌ستانه‌وه‌ی به‌رهه‌قی ئێوه‌، به‌به‌هانه‌ی تاوانێکی دڵته‌زێن که‌ڕوویدا، نه‌ک هه‌ر هه‌قیقه‌تی بێمتمانه‌یی ئێوه‌ وخه‌ڵکی کوردستان به‌دادگاو یاساو سیسته‌می دادوه‌ری ده‌سه‌لمێنێ، به‌ڵکو ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌رده‌خات که‌دادگاو یاسا وپه‌رله‌مان وسه‌رتاپای سیسته‌مێکی حکومڕانی که‌حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی کوردستان له‌ماوه‌ی 20 سالێ ڕابردوودا به‌ناوی "نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکه‌وه‌" دایان سه‌پاندووه‌، سیسته‌م وده‌سه‌ڵاتێکه‌ به‌دژی ئاوات وئاره‌زووه‌کانی ئێوه‌. بێمتمانه‌یی ئێوه‌ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و داموده‌زگاکانی به‌رهه‌قه‌، له‌کاتێکدا که‌ده‌بینن بکوژانی سه‌رده‌شت عوسمان و سورانی مامه‌حه‌مه‌ وبکوژانی خۆپیشاندانه‌کانی 17 شوبات وکۆمۆنیسته‌کان وهه‌زاران ژن، به‌تاوانه‌کانی خۆیانه‌وه‌ ئازادانه‌، ده‌سوڕینه‌وه‌ وپاداشتیش ده‌کرێن. به‌ڵام نه‌فسی تاوانێک که‌بووه‌ به‌هانه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ڕق توڕه‌یی ئێوه‌، به‌رهه‌می خودی ده‌سه‌ڵاتێکه‌ که‌له‌سه‌ر بناغه‌ی جیاکاری چینایه‌تی ونایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی وداسه‌پاندنی بێکاری وسه‌رکوت وزیندان وپیاوسالاری دامه‌زراوه‌. ده‌سه‌ڵاتیك که‌خوڵقێنه‌ری تاوان وسته‌مگه‌ری فراوان و گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌سه‌ر زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ژێرده‌ستیدا ویاسا ودادگاشی له‌به‌رامبه‌ر جوڵانه‌وه‌ وخواستی به‌رهه‌قی جه‌ماوه‌ردا ڕاگرتووه‌. هاوکات دەسەڵاتدارانی کوردستان نەك هەر سیستەمی دادوەری‌یان گرێداوەتەوە بە بەرژەوەندی حیزبی‌و سیاسی‌ خۆیانەوەو هیچ بوارێکیان بۆ سەربەخۆیی دادگاکان‌ نەهێشتۆتەوە، بەڵکو یاساو عورفی عەشایەریان پەرەپێداوە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە یاساییەکان‌و تاوانەکان! بەشێوه‌یه‌ش به‌کرده‌وه‌ بونه‌ته‌ ڕیگر له‌به‌رده‌م هاتنه‌کایه‌وه‌ی دەسەڵاتێکی یاسایی ودادوەری ومەدەنی‌و هاوچەرخ لەکوردستاندا.

 

جەماوەری زەحمەتکێش‌و لاوانی ئازادیخوازی قەزای چۆمان‌و ناوچەی باڵەکایەتی!

ناڕەزایەتیەکانی ئێوە به‌دژی تاوانێک که‌ڕوویداوه‌ به‌شێکه‌ له‌خه‌باتێکی فراوانتری خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی‌و یەکسانی ‌وژیانێکی شایسته‌ی ئینسانی، به‌دور له‌تاوان وخوێن ڕیژی. بەڵام بۆئه‌وه‌ی که‌ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی وخه‌باته به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی خواست و ئومیده‌کانمان ئاڕاسته‌بێت وڕه‌نج و ماندووبوونمان به‌فیڕۆ نه‌ڕوات ئه‌وا پێویسته‌ به‌هوشیاریه‌وه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ئێستادا وه‌ک بنه‌مای به‌رده‌وامی تێکۆشان وهه‌وڵه‌کانمان به‌ده‌سته‌وه ‌بگرین:

1- نابێ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌کمان له‌ده‌سه‌ڵات و به‌ڵێنه‌کانی هه‌بێت. به‌ڵکو ده‌بێت به‌مانه‌وه‌ له‌مه‌یدانی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان وڕیکخستنی ڕیزه‌کانمان له‌کارگه‌و گه‌ڕه‌ک وبه‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌کان وهه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانمان وکۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وری خواسته‌کانمان درێژه‌ به‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان بده‌ین وده‌سه‌ڵاتداران به‌رده‌وام له‌ژێر گوشاردا دابنێێن. به‌تایبه‌تیش که‌له‌ئێستادا خۆپیشانده‌ران ماوه‌ی دوو مانگیان بۆ جێبه‌جێ کردنی خواسته‌کان دیاریکردووه‌، ده‌بێ نوێنه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان وڕیکخراوه‌کان وخه‌ڵک ڕۆڵی چاودیر به‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداراندا، به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ئازادی و ژیانی هاوڵاتیاندا بگێڕن و فرسه‌ت نه‌درێ به‌ده‌سه‌ڵاتداران له‌خاوبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان سود وه‌ربگرن وده‌نگی هه‌قخوازانه‌مان کپ بکه‌نه‌وه.

2- ده‌بێ ڕێزی ڕاوه‌ستان وناڕه‌زایه‌تی وخۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر به‌سه‌ربه‌خۆ له‌ده‌وری خواستی ڕۆشن به‌دور له ‌ڕۆڵی ئەو هێزانە ڕابگیرێ کەئامانجیان سواربوونی شەپۆلی خەبات‌و رەنج‌و قوربانیەکانی خەڵکی زەحمەتکێش‌و ئازادیخوازە لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی‌و رێکخراوەییەکانی خۆیان و بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازات له‌ده‌سه‌ڵاتداران. نابێ ڕێگا بده‌ین کە خەباتی پێشکەوتوخوازانەمان بخرێته‌ خانه‌ی ڕه‌وته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان وهه‌ر کەس ولایه‌نێکه‌وه‌ کە هیچ نزیکایەتیەکیان لەگەڵ ئازادی‌و مەدەنیەت‌و یەکسانیخوازیدا نیە.

3- له‌پەیوەند بە تاوانەکانی کوشتن‌و بە دیاریکراوی تاوانی کوشتنی(نیاز) ەوە، داواکردنی"تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی خوین به‌خوین"، خواستی ئێوه‌ نییه‌ وپێچه‌وانه‌یه‌ به‌ناوه‌ڕۆکی ئینسانی و هه‌قخوازی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کانتان. به‌ڵکو ده‌بێ داوای دادگاییکردنی ئاشکرای تاوانباران بکەن. داوابکەن کە دەبێ دادگاییەکی سه‌ربه‌خۆ، بەرەچاوکردنی پێوانەکانی مافی مرۆڤ، ئەنجامبدرێ. هه‌روه‌ها داوای تەسلیمکردنی تاوانبار بەکەسوکاری قوربانیەکان‌و کوشتنەوەی، هیچ کۆمەكێك بەجێبەجێبوونی دادپەروەی ناکات، ئەوەندەی کەپەرە بەنەریتی کۆنی عەشایەری‌و تۆڵەسەندنەوە دەدات کەپێچەوانەیە لەگەڵ پرەنسیپەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ‌و ئینسانی، کە ئێوەو سەرجەم خەڵکی کوردستان بۆی تێدەکۆشن‌و قوربانی زۆرتان بۆداوە. هاوکات خواست وبڕیاری لەسێدارەدان‌ که‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ بۆ به‌لادابردنی خه‌باتی ئێوه‌ ده‌درێ به‌گویی خه‌ڵکدا، دیسانەوە ڕەسمیەتدانە بەپرەنسیپی تۆڵە سەندنەوەی ناشارستانیانه‌، لەجیاتی کەسوکاری قوربانیەکە. بۆیە دەبێ لەژێر هیچ بیانویەکداو بەهیچ هۆیەکەوە خوازیاری لەسێدارەدان نەبین. خەباتی ئێمە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بۆدامەزارندنی کۆمەڵگایەكە کەلەسەر بنەمای لێبورده‌یی وخۆشەویستی‌و رێزگرتن‌و هاوکاری ئینسانەکان دامەزرابێت، نەك ڕق وتۆڵە کردنەوە.

4- دەبێ حکومەتی هەرێم دەستبەجێ وەڵام بەخواستی خزمه‌تگوزاری و باشکردنی ژیان هاوڵاتیانی ناوچەکە بداتەوەو بەشێك لەداهاتی گومركی حاجی ئۆمەران بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی، شارستانی، تەرفیهی، کردنەوەی بنکەی رۆشنبیری‌و زانستی،.......... تەرخان بکات.

 

خه‌ڵکی ئازادیخوازی ناوچه‌ی باڵه‌کایه‌تی!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ناڕه‌زایه‌تی وخۆپیشاندانی چه‌ند ڕۆژه‌ی ئێوه‌ بۆ باشکردنی ژیان وبه‌ده‌ستهێنانی گۆڕانکاری به‌حه‌ره‌که‌تێکی ڕه‌واو به‌رهه‌ق ده‌زانێ وبه‌ته‌واوی تواناوه‌ له‌هه‌وڵ وتێکۆشانی ئێوه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی و یه‌کسانی وخزمه‌گوزاریه‌کان، پشتیوانی ده‌کات. هاوکات هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ که‌سوکارو ئازیزانی قوربانی ئه‌م تاوانه‌ ده‌رده‌بڕێ وداواده‌کات له‌هه‌مووان که‌تێکۆشان وناڕه‌زایه‌تیه‌کان تابه‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاسوده‌ و به‌دور له ‌تاوان درێژه‌ پێبده‌ن.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

5/2/2012

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه