له‌ پێناوی یه‌ک ڕیزی کوردستانیان، پێویسته کابینه‌ی ٧ پشت له‌ حزبه‌کان و ڕوو له‌ خه‌ڵک بێت

خه‌ڵکی نه‌فس به‌رز و ڕازی نه‌بوو به‌ هه‌مووشتێک له‌ کوردستان

سڵاوی خوتان لێ بێت،

زۆر له ئێوه‌ی به‌ڕێز له‌بیرتان ماوه‌ که له‌ دوای کۆڕه‌وه‌که‌ی به‌هاری ١٩٩١، له‌کاتێکدا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ر پێشنیاری فه‌ره‌نسا، بریاری دیاری کردنی هێڵی ٣٦یان دا بۆ پاراستنی مرۆڤی کورد له‌ له‌به‌ین چوون. له‌ هه‌مان کات ده‌سه‌ڵاتدارانی دوێنێ به‌ره‌ی کوردستانی و ئه‌مڕۆی حزبه‌کانی کوردستان، سه‌رگه‌رمی دانوسان بوون له‌‌‌گه‌ڵ به‌غدا. ئه‌و‌ێ ڕۆژێ دانوستانیان زیاتر به‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد ئه‌زانی، وه‌ک له سه‌ربه‌خۆبوون!

لاوه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌ خۆشه‌ویسته‌کان، لاتان سه‌یر نه‌بێت، هه‌ر جارێ وه‌فدی به‌ره‌ی کوردستانی چووبا بۆ به‌غدا قاچیان نه‌بوو به‌ مانگ و به‌ چل ڕۆژ بگه‌ڕێنه‌وه کوردستان. زۆرجار له‌نێو خۆیان کردبوویان به‌نوکته‌، ئه‌یان ووت ( به‌ڕاستی ئه‌وه‌نده‌ ڕێزمان لێ ئه‌گرن ، پیاو پێ‌ی شه‌رمه‌ هێنده له‌گه‌ڵیاندا پێ داگرێت). به‌ڕێزێک له‌وه‌فده‌که درکاندی که‌ یه‌که‌م جار له‌سه‌ر تاوڵه‌ی دانوسان دانیشت بوون، نوێنه‌ره‌ی به‌ره‌ی کوردستانی هیچ پڕۆژه‌یه‌کی نوێیان پێ نه‌بوو بۆ گفتووگۆ. خوا خێری به‌عسیه‌کان بنوسێ، مسۆده‌ی دانوسانی ١١ ئازاری ١٩٧٠یان له‌ ئه‌رشیف بۆ ده‌ر هێنا بوون!!! هه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه‌ش نه‌ی شارده‌وه ئه‌ی ووت: زۆر جار عه‌لی کیمیاوی ناڕه‌حه‌تی خۆی نه ‌ئه‌شارده‌وه‌، به‌رامبه‌ر به‌زه‌قکردنه‌وه‌ی کێسی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال !

خوای مه‌زن خۆت ئاگاداری ئه‌وێ ڕۆژێ ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌ ئاگابا و که‌مێک به‌ بڕوا به‌یه‌ک بوون ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری بکردبا هه‌ر ئاهێکی ئه‌ویست بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، ئێستا ده‌مێک بوو ده‌وڵه‌ت بووین. دوای ئه‌م هه‌موو به‌زم و ڕه‌زمه‌ش له‌ژێر فشاری نێو ده‌وڵه‌تی و ناره‌زایی خه‌ڵک، به‌عسیه‌کان ناوچه‌که‌یان پێ جێهێڵدرا. به‌ ناچاری به‌ڕێوه‌ بردنی خه‌ڵکی ٣ پارێزگا و هه‌ندێ ناوچه‌ی تری گه‌رمیان بوو به‌مل به‌ره‌ی کوردستانیه‌وه.‌

پاش ٢١ ساڵ هات وهاواری خه‌ڵک بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، خوا ته‌مه‌نی برا گه‌وره‌کانمان درێژ کات، وایان به به‌غداوه‌ گرتووه، ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ سه‌دامیش نه‌ماوه، که‌چی به هیچ شیرینی به‌غدایان له‌ژێر دان ده‌رناچێ. ئه‌‌وعه‌ره‌بانه‌ی که‌ تا دوێنێ که‌ ئه‌یان ووت ( امه عربیه‌ واحده، ذات رساله‌ خالده) له‌ یه‌ک پارچه‌یی خاکی عێراق و ئومه‌ی عه‌ره‌بی وه‌ڕه‌ز بوون و سه‌رچۆپیه‌که‌یان ده‌مێکه به‌رداوه، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی کورد نه‌ک ماویه لێ‌ی تێربن و گاوانیه‌که‌ش به‌رناده‌ن. سه‌رکرده‌ی کورد له‌ به‌غدا ئامۆژگاری شیعه‌ و سونه‌ ئه‌کات به لێبوورده‌یی به‌رامبىه‌ر به‌ هه‌ڵه شه‌هید کرانی ئیمامی حسێن (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت)، به‌ڵام له‌ کوردستان چاوی براکه‌ی خۆی بۆ هه‌ریسه‌‌که‌ی ده‌ردێنێ!!!

شیعه‌کانی به‌سره‌ و سه‌ماوه‌ زۆر ده‌مێکه‌ نایشارنه‌وه‌ و به‌ ئاشکرا هاوار ئه‌که‌ن با به‌ مه‌سه‌له‌ حسێن نیه‌، ئێمه‌ش هیچمان له‌ کوێت که‌متر نیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌و جه‌هه‌نده‌مه‌ ڕزگارمان بێت. که‌چی تازه‌ به‌تازه له‌ سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگی خۆ خۆری، گروپێک خاوه‌ن بڕوانامه، به‌ ناو ڕۆشنبیر، نه‌ک نه‌خوێنده‌وار!! بالۆره‌ی به‌عه‌سری زه‌هه‌بی کردنی عێراق لێ ئه‌ده‌ن!!

http://www.kurdistanpost.com/petition.asp?p=3

له‌ هه‌ولێریش ترسیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر دوو مانگ مه‌عاش له‌ به‌غدا‌وه نه‌یه‌ت، وه‌ک ئه‌و مناڵه‌ ته‌مه‌ن ٣٦ ڕۆژه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌ برسان و له‌سه‌رمان ڕه‌ق بینه‌وه!!

هه‌ر دوولا گرنگی به کۆنگره‌یی نیشتیمانی بۆ ئاشته‌وایی عێراق ئه‌ده‌ن و زۆر به‌ ڕژدی پێشبڕکێ یان بوو، له‌ به‌غدا بێت یان له‌ هه‌ولێر!! به‌ڵام کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌‌ندیان له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ده‌رو دراوسێ به‌مه‌ترسی ئه‌زانن له‌ ووڵات ببه‌سترێت!!

تا دوێنێ خه‌ڵک چاوه‌روان بوو ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زایه‌ که‌ڵه‌که ‌بووه‌ی ناو هه‌ناوی خه‌ڵک و کایه‌یه‌کی نوێ بێنێته‌ دی. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که‌ له ده‌سه‌ڵات پێک نه‌کرابوون یان که‌میان پێ بڕاوبوو، خۆیان له ‌خه‌ڵکی شه‌قام به ڕیش سپی کرد و مایه‌ پوچیان کردن!! کوچک له‌ ئاگری گه‌‌رمتر بوو، له‌ جیاتی پشتگیری، ڕوحیه‌تی شۆڕشگێڕی خه‌ڵکیان نه‌ک جارێک، دوو جار تێک شکاند. کلتووری شه‌ڕه‌ به‌رد، شه‌ڕه‌ گه‌ڕه‌ک و شه‌ڕه‌ جنێویان له‌ناو خه‌ڵکدا زیندوو کرده‌وه!!!

هه‌موو ڕۆژێ هه‌ر دوو به‌ره‌ به‌ ناوی دانوسان، خه‌ریکی خه‌ڵک گه‌وجاندنن. دانوسانی ده‌سه‌ڵات دارانی کوردستانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و دانوسانی حزبه‌ که‌م پێبڕاو و پێک نه‌کراوه‌کانی کوردستان له‌گه‌‌ڵ ده‌سه‌‌ڵاتدارانی هه‌رێم. له‌ ڕۆژ ڕه‌شی میلله‌تی کورد، له‌ به‌غدا دوو ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ و سونه هه‌یه‌ و له‌ کوردستان دوو ئیداره‌ی یه‌کیه‌تی و پارتی له‌گه‌ڵ دوو گروپی هاوپه‌یمان له حزب و ڕێکخراوی ئاقڵ و ژیری به‌ ئه‌ده‌ب!!

له‌وه‌ته‌ی پارتی و یه‌کیه‌تی دروست بوون هه‌ر پێک هه‌ڵئه‌شاخێن. خه‌ڵکی کوردستان زیاتر له‌‌کاتی ئاشتیه‌که‌یان زه‌ره‌رمه‌نده‌ وه‌ک له‌شه‌ڕیان. به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ٢١ ساڵه‌ی پاوه‌ن کردنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌زموونێکی به‌ڕێوه‌بردنیان به‌ چاک یان به‌ خراپ په‌یدا کردووه. ئه‌وه‌ی جێگای داخه له‌و ماوه‌ درێژه‌دا به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو بێ دادیه، ئۆپسێۆنێکی ته‌ندروستی تۆکمه‌، خاوه‌ن به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌بردن بۆ ئاینده تا ئێستا له‌ دایک نه‌بووه. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ ناڕازیه، به‌‌ڕاستی به‌رهه‌ڵستکاربان، ده‌بوو له‌ مێژبوو گه‌رده‌لول هه‌ڵی کردبا نه‌ک ڕاپه‌ڕین. به‌ڵام پێمان وایه‌ تا ئێستا له‌ به‌رنامه‌ی چۆنیه‌تی به‌شدار بوون زیاتر، هیچ به‌رنامه‌یه‌کی تر له‌ گۆڕێدا نیه.

ئه‌ی خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ و زوڵم لێکراوی کوردستانی، به‌دڵنیایه‌وه ( له‌ سایه‌ی بێ به‌رگیه، که هه‌تیوو مه‌یلی له هه‌تاوه). هه‌ر چه‌نده ده‌رک به ناعه‌داله‌تی کردن ڕوو له‌ هه‌ڵکشانه و گه‌یشتۆته‌ دوند. به‌ڵام دیسان ئه‌رکی خه‌ڵکی بڕوا به‌ خوا و به‌ ئاینده‌ی کوردستانه که له‌م قۆناغه‌دا ته‌نها بیر له‌ یه‌ک ڕیزی بکه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر به‌ ده‌ردی دوای شه‌ڕی چاڵدێران نه‌چین.

به‌ڕێز نێچیروان بارزانی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، گومانی تێدانیه‌ که‌ به‌ پشتیوانی خوا و ئه‌و میلله‌ته‌ سته‌مدیده نه‌چیته‌ مه‌یدان، له‌ پێش ئه‌و حزبانه‌ی که‌ ناویان له‌ خۆناوه‌ به‌ر هه‌ڵستکار، مه‌کته‌بی سیاسی دوو حزبه‌که‌ و ختکه‌کانی ده‌وربه‌رینا به‌زت له‌ پێستی داده‌ماڵن!! بۆیه‌ به‌ په‌سندی ئه‌زانین، پێش سه‌ردانی مه‌کته‌ب سیاسی حزبه‌کان، ناوی خوای لێ بێنه، دوو هه‌فته‌‌ی تر ته‌رخان بکات بۆ گه‌ڕان به‌ نێو خه‌ڵکی ناڕازی زاخۆ، باڵه‌کایه‌تی، پشده‌ر، بیتوێن، پێنجوێن، هه‌ڵه‌بجه، گه‌رمیان، خانه‌قین، چه‌مچه‌ماڵ، ده‌شتی کۆیه و گوێر....و چه‌ند شوێنێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات. له‌ هه‌ر شوێنه ڕاوێژکارێک له‌ ناو ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ڵبژێره بۆ کابینه‌که‌ت. به‌ڵام تو خوا با کادیری (یه‌کیه‌تی، پارتی و مولحه‌قه‌کانیان)، گۆڕان و حزبه‌ ئیسلامیه‌کان نه‌بێت، ئه‌گینا ڕیسه‌که‌ت لێ ئه‌‌که‌نه‌وه به‌خوری. با نه‌فس به‌رزترین که‌سی ئه‌و شوێنه‌ بێت، با کوڕه‌ گاوانێک بێت ئه‌گه‌ر لێهاتوو بوو. ئه‌وجا به‌پشت ئه‌ستووری خه‌ڵک له‌ کاندیدی حزبه‌کان بچۆ پێشێ وکابینه‌ی نوێیان لێ پێک بهێنه. به‌ دڵنیایی چه‌ند ڕوو له‌ خوا و له میلله‌ت بی، خوا ده‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌شه‌ڕی حزبه‌کان لات ئه‌دات و حکومه‌ته‌که‌ت سه‌رکه‌وتووتر ئه‌بێت.

ئه‌گه‌ر یه‌ک ده‌نگ بین به‌ پشتیوانی خوا زاڵ ئه‌بین به‌سه‌ر ناعه‌داله‌تی ناوخۆ و به‌بێ خوێن ڕژان هێنده‌ی نه‌ماوه‌وه ببین به ده‌وڵه‌ت. ئاشی نه‌زانان خوا ئه‌یگێڕێ، وا شیعه‌ و سونه‌ به‌ڕێوه‌ن به‌ره‌و باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ جنێف، بۆ به‌جیهانی ناساندنی جینۆساید و شه‌رعیه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی پێدانی. ئه‌وکات داوای سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستانی هیچ ترسی تێدا نامێنێت. له‌ ده‌ست دانی ئه‌و هه‌له‌‌ش ، له‌ غه‌زه‌بی خوا و نه‌عله‌تی خه‌ڵکی کوردستان زیاتر، هیچی بۆ که‌س تێدا نامێنێت.

خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ و په‌راوێزکراوی کوردستان، شکاندنی به‌سته‌ڵه‌که‌ی نێوان خه‌ڵکی ناڕازی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌ یه‌ک ده‌نگی له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانی وه‌ك ، شه‌هید، جینۆساید، پێشمه‌رگه‌، ئاڵا و سه‌ربه‌خۆیی نیشتیمان...هتد. و لێ زیاد کردنیان ئه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی کوردستان هه‌نگاوێک هاته‌ پێش، با ئێمه‌ دوو هه‌نگاو لێ‌ی بچینه‌ پێش، پێ یان بڵێین:‌ به‌رامبه‌ر به‌سیسته‌می مۆنۆپۆلی حزبایه‌تی‌ و نه‌بوونی ئۆپسێۆنی ته‌ندروست، ‌به‌ڕیشتان قه‌سه‌م.

 

یه‌کگرتووبێت ڕیزه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان،

شه‌کاوه‌تربێت ئاڵای کوردستان.

 

ئه‌نجومه‌نی سه‌رپه‌رشتی سه‌ربه‌خۆبوونی خه‌ڵک و خاکی کوردستان

کوردستان، 05. 02. 2012

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه