کرێکاری له‌کوردستان‌و سه‌رخه‌تی سیاسه‌ته‌کانی حزب

بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری له‌کوردستان پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێکی تازەوە‌. ناڕه‌زایه‌تی‌و مانگرتنه‌ کریکاریەکان بۆ خواستی باشکردنی هه‌لومه‌رجێ کارو ژیان، گه‌رچی حاڵه‌تێکی په‌رشوبڵاوی هه‌یه‌، به‌ڵام نیشانه‌ی یه‌ک سه‌نگه‌ربه‌ندی چینایه‌تی ئاشکرایه‌ له‌به‌رامبه‌ر چینی بۆرژوازی کوردو ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌یه‌ک ساڵی ڕابردووداو له‌جه‌رگه‌ی هه‌لومه‌رجێکی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی نوێدا توانیویه‌تی لەشێوازی جۆراوجۆردا خۆی نمایشبکاو ئاستێک له‌جموجوڵی کرێکاران‌و هەڵسوڕاوان‌و رابەرانی کرێکاری لەدەوری مەسائیلی رێکخراوبوون، کرێ، هەلومەرجی کارکردن‌، یاسای کار، بیمەی بێکاری‌و زەمانەتی کۆمەڵایەتی بهێنێته‌ پێشەوه‌و ده‌ست بۆ ئاستێکی سه‌ره‌تایی له‌ڕێکخراوبوون به‌رێت. هه‌موو ئه‌م واقعیه‌تانه‌ش خۆی به‌رهه‌می قووڵبوونەوەی جیاوازی چینایەتی‌و په‌ره‌سه‌ندنی زیاتر له‌دووده‌یه‌ی سه‌رمایه‌داریه له‌کوردستان‌دا.

شەفافبوونەوەی ئەم جیاوازیە چینایه‌تییه‌ش بەتایبەتی له‌سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی بەهاری ئەمساڵدا، که‌ ‌دواتردا کۆمه‌کی کردووه‌ به‌چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستێک له ‌هوشیاری چینایەتی کرێکاران‌و ناسینه‌وه‌ی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، زەمینەی بۆ ئه‌وه‌ رەخساندوە کەبزوتنه‌وه‌ی کڕێکاری بەقامەتی خۆیەوە وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بێته‌ ‌مه‌یدانه‌وه‌و ئەو توانایەش بۆ هەڵسوڕاوان‌و رابەرانی بزووتنەوەکە فەراهەم بکات تا کرێکاران‌و بزووتنەوەکە لەدەوری پلاتفۆرم‌و خواستی ئابووری وسیاسی چینایەتی خۆیان سازو رێکخراو بکەن.

به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ‌ له‌م ئاسته‌ی ئێستایدا، بۆئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌نگاوی گه‌وره‌ هه‌ڵگرێ‌ به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین خواسته‌ ئابووری‌و سیاسیه‌ چینایه‌تیه‌کان‌و سه‌ره‌نجام بردنه‌وه‌ی گره‌و له‌چینی بۆرژوازی‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، ده‌بی به‌سه‌ر ئه‌و کۆسپ به‌ربه‌ستانه‌دا سه‌ر‌که‌وێت که‌توانای پێشره‌وی لێگرتووە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له‌ئێستادا هه‌وڵدان بۆ یه‌کگرتووکردنی فراوانی کرێکارانی کوردستان له‌ده‌وری سه‌ره‌کیترین خواسته‌ سیاسی‌و ئابوری‌یه‌کان، شکڵگرتنی ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی کرێکاران‌، زاڵبوون به‌سه‌ر په‌رشوبڵاویی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستاو یەکگرتووکردنی ڕیزی کرێکاران له‌ناوه‌نده‌کانی کاردا، به‌هه‌نگاوی بڕیارده‌رو پێشره‌ویی چینی کرێکاری کوردستان له‌به‌رامبه‌ر بۆرژوازی‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا ده‌زانێ. لەسه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان ئاراسته‌کانی کاری خۆی بۆ ده‌خاڵه‌تکردن له‌ ئیستای کرێکارانی کوردستاندا، دیاریده‌کات:

یه‌که‌م: ده‌خاڵه‌تکردنی فراوان له‌ڕاستای ڕێکخستن‌و به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌ کرێکاریه‌کانی ئیستاو پشتیوانیکردن له‌خواسته‌کانی کرێکاران، به‌تایبه‌تی ئه‌و خواستانه‌ی که‌زۆرترین به‌شی کرێکاران یه‌کگرتوو و کۆده‌کاته‌وە.

دووه‌م: گه‌ڵاله‌ کردنه‌وه‌ی خواسته ده‌ستبه‌جێکانی ئیستای کرێکاران له‌مه‌نشورێکی کرێکاریداو لێکهه‌ڵپێکانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ده‌وری.

سێهه‌م: گرێدانی په‌یوه‌ندی خه‌باتکارانه‌و لێك نزیککردنه‌وه‌ی ڕابه‌ران‌و هه‌ڵسوڕاوانی ئێستای ناڕه‌زایه‌تیه‌کرێکاریه‌کان‌و لێکهه‌ڵپێکانیان له‌تۆڕو کۆڕوکۆمه‌ڵی خه‌باتکارانه‌دا، به‌جۆرێک ڕابه‌ریی سه‌راسه‌ری کڕێکاری بۆ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا مسۆگه‌ر بکات.

چواره‌م: هه‌وڵدان بۆڕێکخستنی بزووتنه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی کرێکاری له‌دڵی ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئێستاو جێگیرکردنی وه‌ک ئامڕازێکی سروشتی بۆ ده‌ربڕینی ناڕەزایه‌تیه‌کان‌و ڕێکخراوکردنی فراوانترین به‌شی کرێکاران له ‌ناوه‌نده‌کانی کاردا. هاوکات هه‌وڵدان بۆ پێکهاتنی شوراو یه‌کیه‌تیه‌ کرێکاریه‌کان‌و هه‌رجۆره‌ ڕیکخراوه‌یه‌کی تری کرێکاری که‌له‌لایه‌ن کرێکاران خۆیانه‌وه‌ پێکدێن.

پێنجەم: ڕاکێشانی به‌رینترین پشتیوانی جیهانی بۆ کرێکاری له‌کوردستان‌و خواسته‌‌ کرێکاریه‌کان، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ به‌ستنه‌وه‌و گرێدانی په‌یوه‌ندیه‌کی خه‌باتکارانه‌ی ڕیکخراوه‌ کرێکاریه‌کان به‌بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری‌و ڕیکخراوه‌ ڕادیکاڵه‌ کرێکاریەکانی ناوچەکەو جیهانەوە.

شەشەم: بێکاری‌و له‌سه‌رکار ده‌رکردنی کرێکاران، هۆکارێکی لاوازکردنی ریزی خەباتی چینایەتی کرێکارانە به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵات‌و خاوه‌ن کاره‌کانه‌وه‌‌. هاوکات بوونی سه‌دان هه‌زار ژن‌و پیاوی بیکار که‌ له ‌بیمه‌ی بیکاری به‌هره‌مه‌ند نین بۆته‌ مایه‌ی له‌خواره‌وه‌ ڕاگرتنی ئاستی بژێوی‌و چاوه‌ڕوانیه‌کانی کرێکاران. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تێده‌کۆشێت تا خه‌بات له‌دژی بێکاری‌و له‌سه‌رکار ده‌رکردنی کرێکاران ببێته‌ مه‌یدانێکی سه‌ره‌کیی خەباتی کرێکاران. له‌مبارەشە‌وه‌ هەوڵدان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می کاری مۆقه‌ت‌و به‌رێخستنی بزووتنه‌وه‌ی یه‌کیه‌تی کرێکاری له‌دژی بێکاری‌و قه‌ده‌غه‌کردنی له‌سه‌رکار ده‌رکردنی کرێکاران، به‌ده‌وری خواسته‌کانی وه‌ک "کار یان بیمه‌ی بێکاری"، "قه‌ده‌غه‌کردنی له‌سه‌رکار ده‌رکردنی کرێکاران"، "دابینکردنی کاری جێگیرو ماوه‌درێژ بۆ کرێکاران" وەکو هەنگاوەکانی خۆی دیاری دەکات.

حەوته‌‌م: بوونی مه‌یلی جیاواز له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا، واقعیه‌تێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌. مەیلی کۆمۆنیزمی کرێکاری مەیلێکی شۆرشگێڕو رادیکاڵی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی کوردستانە. بەهێزکردن‌و رێکخراوکردنی ئەو مەیلەو دانی بەرچاورۆشنی سیاسی پێی مەرجی حه‌یاتییه‌ بۆ له‌مه‌یداندا هێشتنه‌وه‌ی چینی کرێکارو بەهێزکردنی خەباتەکەی‌و لەکارخستنی نفوزی بۆرژوازی لەناو بزوتنەوەی کرێکاریدا. له‌مباره‌وه‌ حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان تێده‌کۆشێت له‌ڕاستای حزبییه‌ت پێدانی ئەو مەیلە لەناو چینی کرێکاری کوردستاندا به‌ده‌وری یه‌ک ئاسۆی سیاسی‌و ئاڵایەکی خه‌باتکارانه‌ی کۆمۆنستیدا.

پلنۆمی نۆهه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ڕابه‌رانی کرێکاری‌و هه‌ڵسوڕاوانی‌ سۆشیالیست‌و کۆمۆنیستی چینی کرێکار ده‌کات که‌ له‌ده‌وری بەکردەوە دەرهێنانی خاڵەکانی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ خۆیان یه‌کگرتوو ڕێکخراوبکه‌ن‌.

 

پلینۆمی نۆیەمی کۆمیتەی ناوەندی

دیسه‌مبه‌ری 2011

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه