بۆ سه‌رۆک حزبه‌ به‌ده‌سه‌ڵات و بێده‌سه‌ڵاته‌کانی کوردستان

سڵاوی خه‌ڵکی بێزاری کوردستانتان لێ بێت

خه‌ڵکی به‌ویژدان و سته‌م دیده‌ی کوردستان، ساڵه‌های ساڵه تاوانی به ‌ده‌وڵه‌ت نه‌بوونی کوردمان ئه‌خسته‌ ئه‌ستۆی یه‌ک نه‌هاتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌ زل هێزه‌کان، هه‌ڵکه‌وتی جوگرافی کورستان، چوارده‌ورگیران به‌ ده‌وڵه‌تی ده‌گیرکه‌ر، نه‌بوونی سنووری ئاوی ...هتد

هه‌موولایه‌ک باش ئه‌زانن شوکر بۆ خوا وا زیاتر له‌ ٢٠ ساڵه به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کان له‌گه‌ڵ کورد باشتر یه‌ته‌وه وه‌ک له‌ ڕژێمه داگه‌رکه‌ره‌کان. هه‌موو دنیا پێشنیارمان بۆ ئه‌کات بۆ سه‌ربه‌خۆ بوون. به‌ داخه‌وه له‌به‌ر باشتر یه‌ک هاتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ‌ مادی سه‌رکردایه‌تی حزبه‌کان له‌ به‌‌غدا، تاران و ئه‌نقه‌ره‌ ، ‌ سه‌ربه‌خۆبوونیان لێکردووینه‌ خه‌ون و خه‌یاڵ.

به‌ڕێزان له‌به‌ر ئه‌وە‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان له ‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نابینن، ڕێگری ئه‌که‌ن له‌ که‌سانی تر که‌ ئه‌و کێسه‌ باس بکات یان به‌رێته‌ پێشه‌وه‌. بۆ درێژه‌دان به‌و باروزوفه‌ ئه‌وه‌ی چۆکی بۆ دانه‌دابن به خزمه‌تکاری بێگانه‌ ناو زه‌دیان کردوه، به‌ ئاشکرا یان له‌ژێره‌وه‌ و به‌ ئیمتیاز هه‌وڵی پاشه‌ کشه‌ یان ده‌سته‌مۆکردنیان داوه. خه‌ڵک ئه‌ترسێنن به هاتنی سوپای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ یان به‌نانه‌وه‌ی ئاشوب و گرژی فلیمی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیان به‌ مله‌وه‌نی نیشان ئه‌ده‌ن!!

پشووی په‌نگ خواردووی توڕه‌یی خه‌ڵک ڕۆژانه‌ له‌م شار و له‌و گوند فۆڕمه‌له‌ ئه‌بن و ڕێپێوان و خۆنیشاندان سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن. به‌ڵام له‌به‌ر دڵ سافی و ساویلکه‌یی خه‌ڵک، ‌ چه‌ند حزبێک خۆیان لێ ئه‌که‌ن به‌فریشته‌ی نه‌جات و وه‌ک ڕیش سپی خه‌ڵک به ئاشکراو به نهێنی سه‌وداو مامه‌ڵه‌‌ له‌سه‌ر داواکانی خه‌ڵک ئه‌که‌ن و به‌ناوی ئۆپسێۆن له‌سه‌ر یاری کردن به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵکی ناڕازی، ‌ ئاینده‌ بۆ گروپ و ده‌سته‌کانیان دابین ئه‌که‌ن و چه‌ند کورسیه‌ک له‌ په‌ڕڵمان یان له‌ وه‌زاره‌ته‌کان بۆ حزبه‌کانیان گڕئه‌ده‌ن.

ماوه‌ی ٢٠ ساڵه ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌وی و بژێوی خه‌ڵک داگرتووه‌. به‌بێ فلته‌ر و ته‌زکیه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ یان ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆ ناوه‌ به‌ر هه‌ڵستکار ، مافی ژیانی پڕ سه‌روه‌ری به‌ که‌س ڕه‌وا نابیندرێ . له‌ جیاتی گوێ گرتن له‌ شه‌قام، ژیانی گۆینده‌کانی ئه‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه.

له‌و کێشمه‌کێشمی به‌ده‌ست هێنانی زۆرترینی ده‌سته‌ڵات، کورسی و پاره، بوختان و ته‌وهین به‌لێشاو به‌سه‌ر یه‌کتریدا ئه‌به‌شنه‌وه. هیچیان بۆ ڕابردوو و ئێستای خۆیان و خه‌ڵکی تر تێدا نه‌ هێشتۆته‌وه‌ و ئاینده‌ به‌لێڵی نیشانی مناڵه‌کانمان ئه‌ده‌ن!!

دوێنێ له‌ سلێمانی، ئه‌مڕۆ له‌ زاخۆ و سبه‌ینێ له‌شوێنێکی تر سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک گڕئه‌درێ، ئاسایش و ژیانی خه‌ڵک ئه‌خرێته‌ مه‌ترسیه‌وه، کار گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ که‌ له‌ په‌نای دین میلله‌تی کورد ڕابکێشرێته‌ ناو گاڵته‌ جاڕیه‌ک که مه‌ترسی‌ له‌ ناو چونی خۆیان له‌ پێش میلله‌ته‌که‌‌ی لێ بکه‌وێته‌وه.

تا ئه‌مڕۆ بێده‌نگ بووین به‌ چاوه‌ڕوانی دروست بوونی به‌رهه‌ڵستکارێکی ته‌ندروست، که‌ به‌ڕێگای دیالۆگ و هێمنانه‌، ده‌ستوور و یاسایه‌ک بۆ ووڵات بێنێته‌کایه‌وه‌ که‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ ئاسووده‌یی ژیان به‌یه‌که‌وه به‌رینه‌ سه‌ر. به‌ڵام به‌ تاقیکردنه‌وه‌ نیشانیاندا که‌ هیچ کام له‌وانه‌ تا ئێستا له‌ نوێنه‌ری تاقم و حزبه‌که‌یان خۆیان زیاتر نوێنه‌ری که‌س نین. بۆیه‌ چیتر خۆ ڕاگرتن و دووره‌ په‌رێزی له‌به‌ر به‌ ئه‌ده‌بی به‌ ده‌ردی میلله‌ته‌که‌مان ناخوات. گه‌یشتووینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌چیتر بێده‌نگ بین له‌ پێش هه‌موان شه‌رمه‌زاری به‌رده‌م خوا و میلله‌ته‌که‌مان ئه‌بین. بۆیه‌ بڕیارماندا که‌ به‌ زووترین کات به‌یانی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری سه‌ربه‌خۆ بوونی خه‌ڵک و خاکی کوردستان ڕابگه‌یه‌نین.

بۆ پێشه‌وه

ئه‌نجومه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری سه‌ربه‌خۆبوونی خه‌ڵک و خاکی کوردستان

کوردستان، 07. 12 . 2011

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه