ڕاگه‌یاندنی کۆتایی پلینۆمی نۆهه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

به‌ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌به‌شداری وه‌فدێک له‌ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق وکادرانێک له‌ڕێکخستنه‌کانی حزب وبه‌میوانداری هاورێ له‌یلی هاوسه‌ری هاوڕێی گیانبه‌ختکردو جه‌میل ئه‌مین، پلینۆمی نۆهه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، له‌ڕۆژانی 2و 3ی مانگی دیسه‌مبه‌ردا، له‌شاری سلێمانی به‌سترا. پلینۆم به‌ووته‌یه‌کی کورتی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وسرودی ئه‌نته‌رناسیوناڵ و یه‌ک دقیقه‌ بێده‌نگی و وه‌ستان بۆ ڕیزلێنان له‌گیانی هاوڕی جه‌میل ئه‌مین و سه‌رجه‌م هاوڕییانی گیان به‌ختکردووی ڕێگای ئازادی وسۆسیالیزم، ده‌ستی به‌کاره‌کانی خۆی کرد. دواتر ئایننامه‌ی به‌ڕیوه‌بردنی کاروبار‌ی پلنۆم وده‌ستوری باسه‌کان په‌سه‌ندکرا که‌بریتیبوون له‌م باسانه‌ی خواره‌وه‌:

 

1- ڕاپۆرت.

2- بارودۆخی سیاسی ئیستای کوردستان.

3- ئیستراتیژی حزب له‌کوردستان

4- ئاڕاسته‌کانی کاری ئێمه‌ له‌نێوکرێکاراندا.

5- باسیك لەسەر كەیسی دادگایی كردنی تاوانبارانی 14\7

6- ڕیکخستن

7- ده‌رباره‌ی کۆنگره‌ی سێهه‌می حزب

8- بریار‌و بریارنامەكان

9- هه‌ڵبژاردن

له‌باسی ڕاپۆرتدا پلینۆم چاوگێڕانێکی وردی به‌ته‌واوی لایه‌نه‌کانی کاروهه‌ڵسوڕانی ئۆرگانه‌کان ومه‌کته‌بی سیاسی حزبدا گرته‌به‌ر و له ‌که‌موکوڕی و پێشڕه‌ویه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی کۆڵییه‌وه‌ وپه‌نجه‌ی خسته‌ سه‌ر ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی که ‌له‌سه‌ر ‌ڕێگای فراوانبونه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی کاروهه‌ڵسورانه‌کانی حزبدا ئامادبوون وله‌باره‌یانه‌وه‌ ڕێگای چاره‌سه‌رکردنیان خرایه‌ڕوو، وه‌سه‌ره‌نجام پلینوم گه‌ڵاڵه‌ی چوارچێ‌وه‌یه‌کی تازه‌ی بۆکارو هه‌ڵسورانه‌کانی ده‌وره‌ی داهاتوو داڕشته‌وه‌ وبه‌تایبه‌تیش فه‌راهه‌مکردنی خیرای خستنه‌گه‌ڕی پڕۆژه‌ی ڕادیۆی حزب وکردنه‌وه‌ی ئۆفیسی سه‌ره‌کیی حزب له‌کورترین ماوه‌دا بڕیاردا.

له‌باسی بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا، هاوڕی عوسمانی حاجی مارف له‌باسێکدا که‌پێشکه‌شی پلینۆمی کرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌بارودۆخه‌کانی کوردستان له‌درێژه‌ی هه‌لومه‌رجی شۆڕشگێڕانه‌ی ناوچه‌که‌و هه‌بوونی قه‌یرانێکی سیاسی قوڵدایه‌ که‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کورد ڕوبه‌ڕووی بۆته‌وه‌. جه‌وهه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ش قه‌ڵشتێکی چینایه‌تی وڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وخه‌ڵكی ناڕازیه‌‌ بۆ خواستی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی،‌ له‌خه‌باتدایه‌، ودوای ده‌وره‌یه‌ک له‌هاتنه‌مه‌یدان، ‌حزبه‌ بۆرژوا ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان به‌زۆری چه‌ک و سه‌رکوت پاشکشه‌یه‌کی کاتیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌. ئه‌م وه‌زعه‌ بۆ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانیش وه‌ک بالێکی بۆرژوازی ناڕازی بۆئه‌وه‌یه‌ که‌ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ وئه‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ به‌ناوی چاکسازیه‌وه‌، وه‌ک کارتێکی فشار چ له‌دانوسانه‌کان و ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا و چ له‌بارگرژیه‌کاندا بۆ مه‌رامی کۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆی وبه‌ده‌ستهێنانی به‌شیان له‌ده‌سه‌ڵاتدا وله‌سه‌ر حسابی خواسته‌کانی خه‌ڵک سودی لێ وه‌ر بگرێ. له‌م نێوه‌دا پلینۆم له‌سه‌ر ئه‌وئاڕاسته‌یه‌ ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ده‌بێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وه‌ک حزبێکی ئاڵته‌رناتیڤ و سه‌نگه‌ری خه‌باتێکی شۆڕشگێرانه‌ بۆ ڕابه‌ریکردنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ئاڕاسته‌ی کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی ئێستا و به‌دیهێنانی ئه‌وخواستانه‌ی که‌ئازادی ویه‌کسانی وخۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی وده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری به‌دیدێنی، ده‌وری خۆی بگێڕی. بۆ ئه‌م ئامانجه‌ش حزب ده‌بێ چینی کرێکارو بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری وه‌ک ناوکۆکه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ی وڕیزی سه‌ربه‌خۆیان ڕیکخراو وئاماده‌بکات.

وه‌له‌باسی ستراتیژی حزبدا، هاوڕی ڕیبوار ئه‌حمه‌د باسێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پێشکه‌ش به‌پلینۆم کرد و له‌وێدا، ته‌ئکیدی له‌زه‌روره‌تی له‌ده‌ستدابوونی ستراتیژێکی ڕۆشن به‌ره ‌وئامانجی سۆسیالیستی کردو وباسی له‌سیناریۆی گه‌یشتی چینی کرێکار وکۆمۆنیزم له‌کوردستان به‌ده‌سه‌ڵات و ئه‌و قۆناغانه‌ی که‌ئه‌م خه‌باته‌ی پێیدا تێپه‌رده‌بێ، وه‌هه‌روه‌ها ئه‌و پێداویستیه‌ سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که‌ده‌بێ فه‌راهه‌م بکرێن، ڕونکرده‌وه‌. ستراتیژێک که‌چینی کرێکارو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری پایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ره‌کیه‌تی و لێره‌شه‌وه‌ خه‌بات بۆهه‌ڵخڕاندنی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی که‌هاوپه‌یمانی چینی کرێکارن و ‌قازانجیان له‌پێکهێنانی ئاڵوگۆری ڕێشه‌یی و شۆڕشی کرێکاریدایه ئاماژه‌ی بۆکرا.

وه‌له‌باسی کاری حزب له‌نێو کرێکاراندا هاوڕی خه‌سره‌و سایه‌ ئه‌و ئاراستانه‌ی خسته‌ڕوو که ‌له‌ئێستادا ده‌بێ حزب له‌پێناو جێخستنی هیزه‌کانی خۆی له‌نێو کرێکاران وبزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا بیگرێته‌به‌ر وسه‌ره‌نجام حزبی کۆمۆنێستی کریکاری ببێته‌ سه‌نته‌ری ته‌حه‌زوبی کۆمۆنیستی کرێکاری وجێگای کۆبوونه‌وه‌ی فراوانترین به‌شی ڕابه‌ران وهه‌لسوراوانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری وسه‌ره‌نجام بوونی حزب به‌حزبێکی جه‌ماوه‌ری کرێکاری وده‌خاڵه‌تگه‌ر له‌خه‌باتی ڕۆژانه‌ی کرێکارانی کوردستاندا.

وه‌له‌سه‌ر که‌یسی دادگایی کردنی تاوانبارانی ڕووداوی 14/7دا پلینۆم به‌هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی ئه‌م که‌مپینداچووه‌وه‌ وه‌ک که‌مپینێکی ڕوو له‌پێشی سیاسی ته‌ئکیدی لێکرده‌وه‌ وچه‌ندین پێشنیاریش بۆ فراوانکردنه‌وه‌ وبه‌رده‌وامی پێدانی خرانه‌ڕوو.

وه‌له‌باسی ڕێکخستندا، پلینۆم هه‌موو لایه‌نه‌کانی کاری ڕێکخراوه‌یی حزبی خسته‌به‌ر باسه‌وه‌ و له‌به‌ر ڕۆشنایی باسه‌کانی پێشوتر نه‌خشه‌یه‌ک بۆ توندوتۆڵکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کان وفراوانکردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕانی به‌شه‌کانی ڕیکخستنی حزب له‌شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان قسه‌وباسی لێکرا.

له‌باره‌ی کۆنگره‌ی حزبیشه‌وه‌ پلنۆم ته‌ئکیدی له‌پێویستی خیرای کۆنگره‌ی سێهه‌می حزبی کردو بڕیاریدا که ‌له‌مانگی نیسانی ساڵی 2012 کۆنگره‌ ببه‌ستریت ومه‌کته‌بی سیاسی داهاتوشی ڕاسپارد که‌ئاماده‌کارییه‌ سیاسی و ڕیکخراوه‌ییه‌کانی وه‌ک یه‌کێک له‌ئه‌وله‌ویاتی کاری حزب به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ.

له‌به‌شی بڕیارو بڕیارنامه‌کانیشدا پلینۆم چه‌ند بڕیاری جۆراوجۆری په‌سه‌ندکرد که ڕوویان له ‌به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئه‌و باسه‌ سیاسی و عه‌مه‌لییانه‌ بوو که ‌له‌لایه‌ن هاوڕێیانه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌پلینۆم کران. له‌نێو ئه‌و بڕیارانه‌دا بڕیار نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه ‌کریکاریه‌کانی ئێستای کرێکارانی کوردستان وسیاسه‌تی حزب، وه‌هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌نامه‌ی مافه ‌سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دوو سه‌نه‌د بوون که‌پلینۆم بریاریدا بخرێنه‌ به‌رده‌م مه‌کته‌بی سیاسی داهاتوو تا دوا داڕشتنه‌وه‌یان بۆ بکرێ و وه‌ک بڕیاری پلینۆم په‌سه‌ندیان بکاو بڵاویان بکاته‌وه‌.

دوا بڕگه‌ی پلینۆمی نۆهه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بریتی بوو له‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سکرتێر وئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی. پلینوم به تێکڕای ‌ده‌نگ هاوڕی عوسمانی حاجی مارفی به‌سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و هاوڕیان، به‌ختیار نادر ، نه‌وزاد بابان، خه‌سره‌وسایه‌، شوکاک عبدالستار و ئازاد مه‌جیدی وه‌ک ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ڵبژارده‌وه‌.

پلینۆمی نۆهه‌می کۆمییته‌ی ناوه‌ندی به‌دوای 20 کاتژمێر له‌قسه‌وباس وگۆڕینه‌وه‌ی بیروڕاو ده‌خاڵه‌تی جدی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ومیوانه‌کان، به‌ووته‌یه‌کی کورتی کۆتایی هاوڕی عوسمان و سرودی ئه‌نته‌رناسیوناڵ سه‌رکه‌وتوانه‌ کۆتایی به‌کاره‌کانی خۆی هێنا..

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

5/12/2012 ‌ ‌‌

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه