ڕوداوەکانی زاخۆ و دەڤەری بادینان

ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری:

بەدوای وتاری مەلای مزگەوتێکی شاری زاخۆ، لە نوێژی هەینی 2 ی دێسەمبەردا، جەماوەرێك لە شکڵی خۆپێشاندنێکدا بەڕێپێوان ڕوەو ناوبازار دەڕۆن و دەکەونە بەردەباران کردن و ئاگر تێبەردانی چەند کۆگایەکی مەیفرۆش و ماساج و ئەو ئوتێلانەی کە بۆ گەشتوگوزارکەرانی بیانی تەرخان کراون. ئەم هەڵمەت و هێرشە هەر بەشاری زاخۆوە ناگیرسێتەوە بەڵکو پەل دەهاوێت بۆ شارۆچکەکانی دەوروبەریش. پێویستە ئەوە بێنینەوە یاد کە زوربەی دوکانە مەیفرۆشەکانی ئەو دەڤەرە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەچن کە موسوڵمان نین، ئێزیدی وەیا مەسیحی و سەر بە ئایین و مەزهەبەکانی ترن. هەربۆیە ترس و دڵەڕاوکێ لە ڕەشە کوژی غەیرە موسوڵمانان و هەڵگیرسانی شەڕوپێکدادانی مەزهەبی ئەو دەڤەرەی گرتۆتەوە.

بەدوای ئەو ڕوداوەدا، بنکە و بارەگاکانی "یەکگرتووی ئیسلامی" لە دهۆك و چەند شارۆچکەیەکی ئەو دەڤەرە دەکەونە بەر پەلامار و بەردەبارانکردن. لەم نێوەدا چەند هەڵسوڕاوێکی یەکگرتووی ئیسلامییش دەستگیر دەکرێن. پاشان هەریەك لە "پارتی" و "یەکگرتوو" لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا دەکەونە تاوانبارکردنی یەکتری.

شایەنی باسە لە دوو هەفتەی ڕابردووەوە پەیوەندی ئەو دولایەنە گرژی تێکەوتووە لەسەر ئەوەی کە "دەزگای خێرخوازی بارزانی" دەستی گرتوە بەسەر بڕە پارەیەك کە "یەکگرتوو" لە میرنشین و شێخ نشینەکانی کەنداو وەریگرتوە، و بەناوی خێر و سەدەقەی ئیسلامیەوە بەسەر مناڵانی خانەوادە هەژار و دەستکورتەکاندا دابەشیان دەکات، کە لە ڕاستیدا نفوزی سیاسی خۆی لەم ڕێگەیەوە دەفرۆشێت بەو بنەماڵانەی کە دەستکورت و هەژارن، و لایەنگری و دەنگەکانیانیشیان دەکرێت، بەتایبەت کە باس لە نزیك بونەوەی هەڵبژاردنی موحافەزاتەکان دەکرێت.

خەڵکی دەڤەری بادینان وەك باقی ناوچەکانی تری کوردستان کە لەدەست دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەری "پارتی" و "یەکێتی" وەتەنگ هاتوون، لەفرسەتێك دەگەڕێن توڕەیی و ڕق و قینی خۆیان هەڵڕێژن. بەڵام ئەو باروزروفە سیاسیەی کە ئەو هەلە لە دووتوێدا ڕەخساوە لە ئێستادا، ئەو ڕق و توڕەییەی جەماوەری کەناڵێزە کردوە بە ئاقارێکی ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرستانەدا، کە لە پەرەسەندنی خۆیدا بزوتنەوەیەکی جەماوەری کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی دژی شارستانیەت و ئازادیە فەردی و مەدەنیەکانی لێ پاشەکەوت دەبێت. ئەو خۆپێشاندانە گەرچی لەڕوی شکڵیەوە وەك بێزاری و توڕەیی جەماوەر بەرامبەر بە گەندەڵی و دەسەڵاتی سەرکوتگەری "پارتی" دێتە بەرچاو، بەڵام شکڵێکی سەلبی دەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەری و ناوەڕۆك کۆنەپەرستانەیە. هەربۆیە سەیر نیە لەناو ئەم خۆپێشاندانەدا هیچ جۆرە شیعار، هوتاف و خواستێکی ئازادیخوازانەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕەوای تیا نابیندرێت. لە هەناوی بزوتنەوەیەکی ئاوادا، نەك گوڵی ئازادی و بەختەوەری خەڵکی کوردستان، بەڵکو سەرکوتی فکری ئازاد، خوڕافە، جەنگی مەزهەبی، ڕەشەکوژی و کۆیلەکردنی ژنان تیا دەپشکوێت.

لەم نێوەدا "پارتی" هاوڕای ئەوەی کە لەسەرەوە خۆی وەك پێشەنگی مۆدێرنیەت و بەرگری لە ئازادیە مەدەنیەکان نیشان ئەدات، لەژێڕەیشەوە هەوڵدەدات هەرچی زیاتر سەرکوت و فەزای خنکێنەری سیاسی و پۆلیسی بەسەر ناوچەکەدا پەرەپێبدات، تا دەڤەری بادینان لەهەرجۆرە ڕکەبەرێکی سیاسی خۆی پاکبکاتەوە، وە لەو پێناوەشدا سڵ ناکاتەوە لە دەستوەشاندنی خوێناوی لە نەیارەکانی خۆی وەك پیشەی هەمیشەیی کە لەو دەڤەرەدا گرتویەتیەبەر تائێستا.

ڕێگەی ئازادیخوازانە هاتنەمەیدانی جەماوەرە بە خواستی ڕەوا و خۆڕێکخستنەوە لە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکاندا بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەڵاتی ملهور و گەندەڵی پارتی، یەکێتی و حکومەتی هەرێمیان. نەك گلانە ناو داوی ئیسلامی سیاسیەوە.

هێنانەمەیدانی بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی جەماوەری، بەخواستی ئازادیخواز و عەدالەتخوازی ڕۆشنی خۆیەوە لەدەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و ناسیونال-لیبرال، بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەری ئەمرۆی کوردستان، ئەرکی دەستبەجێی ئازادیخوازان، بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانە. هەر ئەم ڕێگا عەمەلیەشە، بەردەگرێت بەوەی فەزای جەنگ و کێشمەکێشی ناسیونالیزمی سەرکوتگەر و هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکان خەباتی ڕەوای جەماوەر دژی ئەم دەسەڵاتە لەبارببات.

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه