بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە روداوەکانی بادینان!

بارودوخێکی نائارام باڵی بەسەر ناوچەی بادینان‌و سەراسەری کوردستاندا کێشاوە. کێشمەکێشی نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی لەسەر دەسەڵات پەیامێکی ترسناك‌ بە کۆمەڵگای کوردستان دەگەیەنێ. کێشمەکێشێك کەئیرادەی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستان وخەباتێک که‌بۆ باشکردنی ژیان‌و گوزەران‌و هەڵپێچانی ناعەدالەتی بۆرژوازی کورد گرتویه‌تیه‌ به‌ر، خه‌ریکن لەناو تەپوتۆزی دەعوای کۆنەپەرستانەی ئەم دوو لایەنەدا ده‌یخنکێنێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو نوێنەرێکی سیاسی لەرادەبەدەر کۆنەپەرست‌و دژی ئازادی‌و سەرکوتگەری بۆرژوازی کورد، هەموو رێگایەك دەگرێتەبەر بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی‌و بۆ پاراستنی باشترین هەلومەرجی کۆیلەئاسا بۆچەوسانەوەی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشی کوردستان. سەرکوتی سیاسی‌و کۆنەپەرستی فکری‌و سیاسی یه‌کێک له‌خاسیەته‌ سەرەکیه‌کانی‌ ئەم حزبه‌ و دەیەوێ کۆمەڵگای کوردستان به‌م ڕیبازه‌ سه‌رکوتگه‌ریانه‌ی خۆی لەناو پەیوەندیە عەشیرەتی‌و بنەماڵەیی‌و دینیەکاندا رابگرێ‌و هەر تروسکاییەکی مۆدێرنیزم‌و ئازادیخوازی‌و یەکسانیخوازی لەیەکەم رۆژەکانی سەرهەڵدانیدا خەفەبکات. دەستگرتن بە رەزیلترین شێوازی پیلانگێڕی‌و هێرش‌و پەلامار بۆسەر نەیارانی سیاسی خۆی هەمیشە شێوازی ئەو حیزبە بووە. بەڵام ئەمجارەیان‌و لە روادوەکانی بادیناندا هێزێکی کۆنەپەرستی وەکو خۆی دەکەوێتە ناو ئەو پیلانەی پارتیەوەو بەناوی خەڵکەوە هێرشی دەکرێتەسەرو بنکەو بارەگاکانی دەسوتێنرێ.

بێگومان هێرشکردنەسەر شوێنە تەرفیهیەکان، لە بابەتی شوێنەکانی مەیفرۆشی‌و مەیخواردنەوە، ساڵۆنەکانی جوانکاری و سەنتەرەکانی مەساج...تەقاندنەوەو سوتاندن‌و داخستنیان هەمیشە شێوازێکی کاری ئیسلامی سیاسی بووە چ لە کوردستان‌و چ لە سەراسەری ناوچەکەدا، تا لەورێگایەوە فەزای ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا داسەپێنێ‌و زەمینەی کۆمەڵایەتی‌و مادی بۆبردنەپێشەوەی ئەجندای سیاسی خۆی دەستەبەربکات. هەمیشە ووتاربێژو مەلاکانی سەربەو رەوتە ئیسلامیانەو لەناویاندا یەکگرتوی ئیسلامی کە ئێستا کەوتۆتەبەر پەلاماری پارتی، بەسود وەرگرتن لە ناهوشیاری خەڵك‌‌و هەڵخراندنی ئیحساساتی ئیسلامیی خەڵك کاریان بۆئەوە کردوە فەزای نائارام‌و خەتەرناك بۆ هەڵسوڕاوانی سیاسی، ژنانی یەکسانیخواز، کەسایەتی ئازادیخوازو سیکولار دروست بکەن‌. بۆیە هێرشکردنە سەر شوێنەکانی مەیفرۆشی‌و سەنتەرەکانی مەساج لەشارۆچکەی زاخۆ، ئەگەرچی زیاتر سیناریۆیەکی ئاشکرای پارتیە بۆ پاکانەکردنی کارەکانی دواتری دژی بنکەو بارەگاو ئەندامانی یەکگرتوو، بەڵام لەشیوازی کاری یەکگرتوو بەدوور نیە‌و یەکگرتوو لەوجۆرە کارە ناڕەحەت نیە، بەڵکو لەوە نارەحەتە کە بەو بیانوەوە هێرش کراوەتەسەری. تەنانەت بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو ئیدانەی ئەوکارەناکات‌و تەنها بێبەری خۆیان لە ئەنجامدانی رادەگەیەنێ!

کێشمەکێشی نێوان پارتی‌و یەکگرتوو نه‌ک هه‌ر هیچ پەیوەندیەکی بە خەباتی رەوای خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانەوە نیە لە پێناو ئازادی، یەکسانی‌، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ بۆسه‌رکوتو پاشه‌کشه‌ پێکردن وهه‌ڵخستنی فه‌زا‌یه‌کی جه‌نگییه‌ له‌به‌رده‌م خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ری که‌بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بنەماڵەیی-عەشیرەتی‌ بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد بە سەرکرادیەتی پارتی، له‌مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ڕیکه‌وتووه‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ کێشەی یەکگرتوو وەکو لایەنێکی بۆرژوا-ئیسلامیی کوردی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ دەسەلاتی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کوردا لەسەر هیچ کام لەو خواست‌و ئومێدانەی خەڵک نیە، بەڵکو بۆ بڕینی بەشی خۆی‌و دەولەمەندان‌و سەرمایەدارانی هاورێبازیەتی لەدەسەڵات‌و داهاتی کوردستان‌و لە بەشداریکردنی یەکسانە لە چەوسانەوەی چینی کرێکاریی کوردستاندا. یەکگرتوو هێزێکی کۆنەپەرستی دژی ئازادی، دژی کرێکار، دژی مەدەنیەت، دژی به‌شه‌ر، دژی ژن‌و دژی خواست‌و ئاواتەکانی لاوان‌و هەرجۆرە روخسارێکی پێشکەوتنە!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئه‌وه‌ی که‌ئه‌م شه‌ڕوده‌عوایه‌ له‌هه‌ردووسه‌ره‌وه‌ مه‌حکوم ده‌کات، هاوکات بانگه‌وازی‌ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ده‌کات که‌له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کارنامه‌ وشه‌ڕی ئه‌م دو لایه‌نه‌ کۆنه‌په‌رسته‌ ڕاوه‌ستن و وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ر‌به‌خۆ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاته‌ سه‌رکوتگه‌ر وکۆنه‌په‌رسته‌که‌ی پارتی وحزبه‌ بۆرژوازیه‌کانی کورد تابه‌ده‌ستهێنانی خواسته‌کانیان ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی ڕۆژانه‌ی خۆیان فراوان وتوندبکه‌نه‌وه‌.

٣/١٢/٢٠١١

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه