له‌ قه‌یرانی سیاسیدا ئازادی رۆژنامه‌نوسی قوربانی ژماره‌یه‌كه‌

 

سلێمانی، 3ی كانونی یه‌كه‌م 2011:

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان رایده‌گه‌ینێت پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ئازادی رۆژنامه‌نوسی سنوری به‌زاندووه‌و له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری رابردودا شه‌ش ئۆفیسی‌ كه‌ناڵی راگه‌یاندن سوتێنراون، شه‌ش رۆژنامه‌نوس له‌زینداندان‌و پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ 16 رۆژنامه‌نوسی تر ئه‌نجامدراوه‌.

رۆژی هه‌ینی، پاش هێرشی خۆپیشانده‌رانی زاخۆ بۆ سه‌ر سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج‌و دوكانی مه‌یفرۆشتن له‌و شاره‌، هێرشكرایه‌ سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كگرتوی ئیسلامی و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستانیان له‌ زاخۆ‌و دهۆك سوتاند. هه‌ندێ كارمه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌و حزبه‌ ده‌ستگیركران‌و تا ئێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌.

 

• شه‌وی هه‌ینی نه‌سره‌دین سه‌عید به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سیانزه‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ قه‌زای زاخۆ، به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت"ته‌له‌فزیۆنی خابور، ئۆفیسی كه‌ناڵی سپێده‌، ده‌نگی كوردیو، سوتێنراو هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنمان ده‌ستگیركراون."

• شه‌وی هه‌ینی په‌یامنێری كه‌ناڵی سپێده‌ دوسكی صبری به‌سه‌نته‌ری میترۆی ووت "كه‌ناڵی ته‌له‌فزێۆنی یه‌كگرتوو، رادیۆی یه‌كگرتوو، نوسینگه‌ی سایتی كوردیۆ، سوتێنرا"

• رۆژی شه‌ممه‌ 3ی كانونی یه‌كه‌م په‌یامنێری كه‌ناڵی سپێده‌ فه‌رهاد سندی به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت، "په‌یامنێرانی رادیۆو ته‌له‌فزێۆنی خابور، دلبرین یوسف، ئیسلام سه‌عدی، ئوسامه‌ نصرالدین، دلبرین حاجی، سامر عوبێد، ماهر سگڤان، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون تا ئێستا ئازاد نه‌كراون"

• بێژه‌ری كه‌ناڵی خابور له‌ شاری زاخۆ عبدالواحد ته‌ها، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند، یه‌كێك له‌ گیراوه‌كان ته‌مه‌نی خوار 18 ساڵه‌ ناوی( بیلال جومعه‌) یه‌.

• رۆژی هه‌ینی 2 ی كانونی یه‌كه‌م، عبدالله ئه‌حمه‌د په‌یامنێری كه‌ناڵی سپێده‌ له‌ شاری زاخۆ به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت"له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناخۆ په‌لاماردرام كامێراكه‌یان شكاندم"

• رۆژی شه‌ممه‌ 3 ی كانونی یه‌كه‌م، وێنه‌گری كه‌ناڵی سپێده‌ له‌ شاری دهۆك موراد فوئاد به‌ سه‌نته‌ری به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان په‌لاماریان دام‌و لێاندام‌و كامێراكه‌یان شكاندم."

• سه‌نته‌ری میترۆ زانیوێتی كه‌ رۆژنامه‌نوسێكی گۆڤاری باشور له‌ شاری زاخۆ، به‌ناوی (به‌ره‌ڤان) ده‌ستگیركراوه‌، پاشان ئازاد كراوه‌.

• شه‌وی هه‌ینی 2ی كانونی یه‌كه‌م په‌یامنێری كه‌ناڵی NRT سیپان به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت" له‌شاری سمێل ده‌ستگیركرام 6 چه‌كدار لێاندام" جه‌ختیكرده‌وه‌"4 كاتژمێر له‌ ژێر چاودێری پزیشكیدا بوم له‌به‌ر ئازاری گیانم"

• رۆژی شه‌ممه‌ 3ی كانونی یه‌كه‌م په‌یامنێری كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ ئه‌حمه‌د زاوێتی، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند ده‌یان هێزی چه‌كدار له‌به‌رده‌م باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كگرتوو هێرشیانكرده‌ سه‌ر خۆم‌و وێنه‌گره‌كه‌ی هاوكارم‌و لێانداین. وتی"چه‌كداره‌كان وه‌ك دوژمن ته‌ماشایان ده‌كردین هه‌ندێكیان هاواریان ده‌كرد ئه‌وه‌ ئه‌حمه‌د زاویته‌ی كه‌ناڵی جه‌زیره‌یه‌ لێیبده‌ن."

• سه‌رله‌به‌یانی شه‌ممه‌ 3ی كانوی یه‌كه‌م ، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی رێگریانكرد له‌ په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌ سه‌نته‌ری شاری سلێمانی وێنه‌بگرن كه‌ بریتی بوون له‌ "په‌یامنێری ئاوێنه‌ زریان محه‌مه‌د، په‌یامنێری PUKmedia سه‌فین ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری NRT هێمن مه‌حمود‌و وێنه‌گری كه‌ناڵه‌كه‌ ته‌لان كۆسره‌ت، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی چاودێر ئاكۆ محمه‌د، په‌یامنێری KNN هێمن خلیل، وێنه‌گری ته‌له‌فزێۆنی ئازادی هێمن زاهیر."

• رۆژی شه‌ممه‌ 3ی كانونی یه‌كه‌م په‌یامنێری كه‌ناڵی سه‌حه‌ری ئێرانی، كه‌مال نوری به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت، " ته‌قه‌ كراوه‌ به‌ سه‌ر وێنه‌گره‌كه‌مان كه‌یوان به‌لوتی له‌ناو شاری دهۆك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كامێراكه‌یان شكاندووه‌."

• رۆژی شه‌ممه‌ 3ی كانوی یه‌كه‌م په‌یامنێرو وێنه‌گری كه‌ناڵی سپێده‌ له‌شاری سلێمانی، كاروان ره‌حمان، عه‌بدولواحید سه‌عید، به‌ سه‌نته‌ری میترۆیان راگه‌یاند " ئه‌مڕۆ چوار جار لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵكراوه‌ له‌كاتی ئاماده‌كردنی هه‌واڵ له‌ناو شاری سلێمانی"

• رۆژی شه‌ممه‌ 3ی كانونی یه‌كه‌م په‌یامنێری ماڵپه‌ری خه‌ندان ده‌رباز سالح، له‌ شاری هه‌ولێر لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆوه‌ ده‌ستگیركرا. ده‌رباز رایگه‌یاند، "خه‌ریكی روماڵكردنی هه‌واڵ بوم هێزێكی پۆلیس ده‌ستگیریانكردم‌و كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌نوسیان لێسه‌ندم‌و وتیان سبه‌ی وه‌ره‌ وه‌ریبگره‌وه‌."

سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌ینێت له‌ هه‌موو ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسیداو به‌بێ هیچ پاساوێكی یاسایی، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رۆژنامه‌نوسانده‌ستگیرده‌كه‌ن‌و كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌نوسیان لێده‌ستێنن، یان ده‌یشكێنن. به‌م كرداره‌شیان ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری‌و ئازادی راده‌ربڕین ده‌كرێنه‌ قوربانی ژمار یه‌ك له‌ ناو ململانی‌و قه‌یرانی سیاسیدا.

به‌ پێی لێدوانی رۆژنامه‌نوسان بۆ سه‌نته‌ری میترۆ زۆربه‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ پۆشاكی‌ فه‌رمی‌ و مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

سه‌نته‌ری میترۆ ئیدانه‌ی سوتانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان‌و ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوسانی ده‌كات. داوا ده‌كات هه‌موو ئه‌و كه‌س‌و لایانه‌نه‌ی ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌و روداوانه‌ بدرێنه‌ دادگا.

 

كۆتایی

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه