په‌یامی هاوپشتی بۆ کرێکاران و کارمه‌ندانی بێکارکراوی ده‌واجنی که‌نه‌که‌وه‌

رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 29/11 سه‌دان کرێکارو کارمه‌ندی ژن و پیاو له‌ده‌واجنی که‌نه‌که‌وه‌ که‌ژماره‌یان 400 که‌س ده‌بێ به‌دانی موچه‌ی ته‌نیا مانگی یانزه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نکاره‌وه‌ پێیان وتراوه‌ که‌سیان ناوێت با بڕۆنه‌ ماڵه‌وه‌. وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆیان کرێکاره‌کان ئێمه‌یان (رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ) له‌م ده‌رکردنه‌ ئاگادار کرده‌وه‌، که‌ هه‌ریه‌ک له‌وکرێکارانه‌ ده‌یان ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌و بێهۆ ئیزن دراون به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێک بۆ خزمه‌ت و ماندووبوون و داهاتووی ژیانیان بکرێت، بێکارده‌کرێن.

ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ده‌سه‌ڵاتداران سه‌ری زمان و بنی زمانیان باسی په‌ره‌پێدانی که‌رتی تایبه‌ته‌ بۆ به‌ره‌وپێش چونی ئابوری کوردستان و هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی بێکاری که‌مبێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌م ئیدعایانه‌وه‌ رۆژانه‌ کارگه‌کان یان داده‌خرێن یان ژماره‌ی کرێکاران که‌مده‌کرێنه‌وه‌، به‌مهۆیه‌وه‌ به‌رده‌وام کرێکاران له‌سه‌رکار ده‌رده‌کرێن له‌نموونه‌ی کرێکارانی ده‌واجن، به‌مه‌ش ریژه‌ی بێکاری له‌کوردستان ڕوو له‌سه‌ره‌ ئێمه‌ له‌رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی هاوپشتی خۆمان بۆ کرێکاران و کارمه‌ندان راده‌گه‌یه‌نین وداوا له‌خاوه‌ن کارده‌که‌ین که‌ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ قه‌یدو شه‌رت کرێکاران بگه‌رێنێته‌وه‌ سه‌رکار.

هه‌روه‌ها حکومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسه‌ له‌بێکارکردنی کرێکاران و ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ لێپێچینه‌وه‌ له‌و خاوه‌نکاره‌ بکات و تا هیچ خاوه‌نکارێک نه‌توانێ چۆن و که‌ی ویستی به‌ئاره‌زوی خۆی کرێکاران بێکار بکات. وه‌هه‌روه‌ها کرێکارانی بێکارکراو نابێ بێده‌نگ بن له‌چاره‌نوسێک که‌خاوه‌نکار دیاریکردوه‌ بۆیان، ده‌بێ هه‌ر ئێستا له‌بیری یه‌کگرتوویی و رێکخراوی خۆیاندا بن، ده‌بێ کرێکاران و کارمه‌ندان به‌خه‌باتی خۆیان یان گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌رکاره‌که‌یان یان دانی بیمه‌ی بێکاری ته‌واو فه‌رز بکه‌ن.

هاوکات کرێکارانی له‌سه‌رکاری چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌، بازیان، کاره‌باو نه‌وتی شیوشۆک نابێ بێده‌نگ بن، ده‌بێ پشتیوانی له‌هاوچاره‌نوسه‌کانی خۆیان بکه‌ن به‌هه‌ر شکڵ وشێوازێک که‌بۆیان ده‌کرێت، چونکه‌ سیاسه‌تی بێکارسازی ئه‌مڕۆ له‌ کرێکارانی ده‌واجنه‌ سبه‌ی له‌وانیشه‌ بۆیه‌ تا به‌هه‌موومان بتوانین به‌ربه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ بگرین که‌ده‌کرێته‌ سه‌رکارو ژیانمان. ئێمه‌ وه‌کو رێکخراوی بیناسازی له‌م رێگایه‌دا ته‌واوی توانامان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ر بۆ هاوپشتی کرێکارانی ده‌واجن و هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌ده‌ین هاوپشتی کرێکاران و رێکخراوه‌ کرێکاریه‌کانی دنیا بێنینه‌ پشتی.

نا بۆ سیاسه‌تی بێکارسازی

رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی

30-11-2011

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه