کەمپەین بۆ پشگیری لە پەنابەرانی کەمپی ئەشرەف

بانگه‌وازی 121 كه‌سایه‌تی و په‌رله‌مانتار و رێكخراوی ناحكوومیی كوردستان

داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پرسی «ئه‌شڕه‌ف»

هاوكاریی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكات

• داخستنی كه‌مپی په‌نابه‌ران و سه‌ركوت كردن و ده‌ركردنیان له‌ عێراق،كارێكه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی عێراق

دوابه‌دوای راگه‌یاندنی «دوا مۆڵه‌ت» بۆ داخستنی كه‌مپی په‌نابه‌رانی ئێرانی له‌ پارێزگای دیاله‌ (كه‌مپی ئه‌شڕه‌ف) له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ كه‌مپینێكی فراوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی مرۆییانه‌ی دانیشتووانی بێ دیفاع و بێ چه‌كی ئه‌م كه‌مپه‌ و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌ ئاست به‌رنامه‌ی نامرۆڤانه‌ی ده‌ركردنی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ خاكی عێراق. هه‌روه‌ها به‌ سه‌رنجدان له‌ ئابڵووقه‌دانی كه‌مپه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی (3) ساڵ و دوو جار هێرش و په‌لاماردانی خوێناوی بۆ سه‌ر دانیشتووانی و به‌ تایبه‌تی ئه‌و مه‌ترسییه‌ ئاشكرا و هه‌نووكه‌ییه‌ی به‌ره‌و ڕووی په‌نابه‌رانی ئه‌وێ بووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ داكۆكی كردن له‌ مافه‌ مرۆییه‌كانی دانیشتووانی ئه‌و كه‌مپه‌ به‌ ئه‌ركێكی مرۆییانه‌ی خۆمان و هه‌موو تاك و لایه‌نێكی مروڤدۆست ده‌زانین.

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2009وه‌ تاكوو ئێستا، كه‌مپی ئه‌شڕه‌ف له‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی 3400 په‌نابه‌ری سیاسیی ئێرانییه‌، سه‌رباری ئابڵووقه‌دانێكی ته‌واو، زۆر جار هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر، له‌و هێرش و په‌لامارانه‌دا تاكوو ئێستا 47 كه‌س له‌و په‌نابه‌رانه‌ كه‌ پارێزراوی ناو بازنه‌ی چواره‌مین رێككه‌وتننامه‌ی ژنێڤن، كوژراون و به‌ سه‌دان كه‌سی دیكه‌یان لێ بریندار كراون. دوایین هه‌نگاوی دژ به‌ ئه‌وانیش بریتییه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنیان تا كۆتایی ساڵی 2011.

زۆر كه‌سایه‌تی و سیاسه‌تمه‌دار و په‌رله‌مانتار و ئه‌كادیمیست و رێكخراوی گرنگ چ له‌ ئاستی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا یان له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، داوایان له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌ ئه‌و «دوا مۆڵه‌ت»ـه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و فرسه‌ت به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بدات، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

- "ئاد میڵكرد، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی ئه‌ندامانی موجاهیدینی خه‌لق له‌ عێراق ناڕه‌زایی ده‌ربڕی": (ئاژانسی په‌یامنێر 30ی ئاگۆستی 2011).

- "تیمی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق داوای له‌ عێراق كرد كه‌ پابه‌ند بێت به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ كه‌مپی ئه‌شڕه‌ف و پاراستنیان له‌ هه‌موو جۆره‌ راگواستنێك": (رادیۆ نه‌وا 30ی ئاگۆستی 2011).

- كۆمیسیۆی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رۆژی 13ی ئه‌یلوولی 2011 به‌ فه‌رمی دانیشتووانی ئه‌شڕه‌فی وه‌ك په‌ناخواز و پارێزراو راگه‌یاند، داوای له‌ حكوومه‌تی عێراقیش كرد دوا مۆڵه‌ت بۆ داخستنی ئه‌شڕه‌ف درێژ بكاته‌وه‌ و راشیگه‌یاند كه‌ به‌ پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، دانیشتووانی ئه‌شره‌ف ده‌بێ سوودمه‌ند بن له‌ پاراستن و ئاسایش و ئاسووده‌یی.

- رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌یاننامه‌ی گشتیی خۆیدا له‌ رێكه‌وتی 1ی نۆڤه‌مبه‌ری 2011 داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد دوا مۆڵه‌ت بۆ داخستنی كه‌مپه‌كه‌ درێژ بكاته‌وه‌، ئه‌گینا دانیشتووانی كه‌مپه‌كه‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی پێشێل كردنی توندی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به‌‌یاننامه‌كه‌یان واژۆ كردووه‌ به‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ كه‌ ” دانیشتووانی كه‌مپی ئه‌شڕه‌ف كه‌ به‌ هۆی سته‌م و سه‌ركوته‌وه‌ به‌ ناچاری وڵاتی خۆیان جێ هێشتووه‌ و هه‌ر كامه‌یان نزیك به‌ 25 ساڵه‌ له‌ عێراق ده‌ژین، پێویسته‌ وه‌ك به‌شێك له‌ گه‌لی ئێرانی دراوسێ رێز له‌ مافه‌كانیان بگیرێت و له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ به‌ فه‌رمی بناسرێن”، ئه‌وان راشی ده‌گه‌یه‌نن كه‌ ” سه‌ركوت كردنی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژی كردنانه‌ی حكوومه‌تی ئێرانه‌ بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و پێشێل كردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و یاسای نێوده‌وڵه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌له‌كه‌مانه‌”.

پشتیوانان و سپۆنسه‌رانی به‌یاننامه‌كه‌ وێڕای پشتگیری كردن له‌ ده‌ست پێشخه‌رییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئاشتییانه‌ی پرسی ئه‌شڕه‌ف رایانگه‌یاند: ” ئێمه‌ داوا له‌ كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین پێگه‌ی یاسایی دانیشتووانی ئه‌شڕه‌ف بۆ جارێكی دی پشت راست بكاته‌وه‌ بۆ سوودمه‌ند بوونیان له‌ مافی پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی و مانه‌وه‌یان له‌ عێراق و ئاڵای رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌ سه‌ر كه‌مپی ئه‌شڕه‌فدا هه‌ڵبكرێت”.

ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ هه‌تا ئێستا له‌ لایه‌ن 121 په‌رله‌مانتار، كه‌سایه‌تیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، چالاكوانانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان، نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی كوردستانه‌وه‌ و له‌وانه‌: فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ریی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان و یه‌كێتیی په‌رله‌مانتارانی كوردستانه‌وه‌ پشتیوانیی لێ كراوه‌.

 

رێكخه‌رانی كه‌مپین

عه‌دنان ئه‌نوه‌ر، شاهۆ گۆران، تاریق كارێزی

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه