له‌"٢٤ كاتژمێر"ی رابردوودا چوار رۆژنامه‌نوس له‌به‌رده‌م داگا ئامادبون دوو دوای یاسایش تۆماركرا

 

 

سلێمانی، 29 ئه‌یلول 2011

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان داوا ده‌كات وه‌ك به‌شدارییه‌كی بۆ ده‌ربازبون له‌دۆخی په‌نخورادوی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، پارته‌ سیاسییه‌كان داوا یاساییه‌كانیان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوس‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بكشێننه‌وه‌.

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌دادگای سلێمانییه‌وه‌ به‌ سایتی ئاوێنه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر شوان محه‌مه‌د سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ تۆماركردووه‌. پێشتر سه‌رنوسه‌ری ئاوێنه‌ له‌سه‌ر ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوس ئاسۆس هه‌ردی بابه‌تێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ ناونیشانی (دان به‌تاوانه‌كه‌دا بنێ ئاوێنه‌ لێبورده‌یه‌) پێشتریش له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ری ئاسۆس هه‌ردی، سكاڵای یاسایی لسه‌ر عومه‌ر فه‌تاح تۆماركردبووه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌سیفه‌تی راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌تیف ره‌شید، داوایه‌كی یاسیایی له‌سه‌ر هوشیار عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵی KNN تۆماركرد، رۆژی یه‌كشه‌مه‌ داهاتوو ده‌بێت هوشیار له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ئاماده‌ بێت.

هه‌ر رۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی روداو ئاكۆ محه‌مه‌د‌و رۆژنامه‌نوس رێبوار كه‌ریم وه‌لی له‌سه‌ر داوایه‌كی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ دادگای سلێمانی لێكۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كرا. پێشتر رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ماوی سێ كاتژمێر ده‌ستبه‌سه‌ركران. ده‌ستگیركردنی ئاكۆ محه‌مه‌د وه‌ك كه‌فیلی ریبوار كه‌ریم ئه‌نجامدراوه‌. ئه‌مه‌ش بریارێكی نایاساییه‌.

له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی نیسانی رابردوو عه‌قیدێكی ئاسایش سكاڵای یاسای له‌سه‌ر هوشیار عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی KNN تۆماركردووه‌و دوێنی چوارشه‌ممه‌ (28\9) ناوبراو له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بوو.

هه‌روه‌ها دوێنێ چوارشه‌ممه‌ تاریق فاتح خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی بۆ بیست هه‌مین جار له‌به‌رده‌م دادوه‌ر ئاماده‌ بوو به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك له‌ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی دا.

هه‌روه‌ها به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌ ژماری 488ی رۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان (كۆمه‌ڵَ) مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی سكاڵایه‌ی یاسایی لسه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ تۆماركرد.

سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نێت به‌پێی برگه‌ی 2ی (ماده‌ی چوار) له‌یاسای ژماره‌ 35ی ساڵی 2007 (یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان)، سه‌رنوسه‌ر‌و نوسه‌ر به‌رپرسیارێتی مه‌ده‌نی‌و سزای ئه‌و بابه‌تانه‌یان له‌ئه‌ستۆدایه‌ كه‌بڵاوده‌كرێنه‌وه‌،. هه‌رچی خاوه‌ن ئیمتیازه‌ به‌رپرسیارێتی مه‌ده‌نی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌ نوسینی رۆژنامه‌دا كرد ئه‌وا هه‌مان به‌رپرسیارێتی نوسه‌ر هه‌ڵده‌گرێت.

سه‌نته‌ری میترۆ مافی وه‌ڵامدانه‌وه‌‌و په‌نابردن بۆیاسا له‌وكاتانه‌ی كه‌ رۆژنامه‌ زانیاری نادروستی بڵاوكرده‌وه‌، به‌مافی بێقه‌یدوشه‌رتی هه‌موو كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی ده‌زانێت كه‌بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی پێ په‌یوه‌سته‌.

سه‌نته‌ری میترۆ داواده‌كات "وه‌ك به‌شدارییه‌كی لایه‌نه‌ سیاسی‌و كه‌سایه‌تیه‌كان بۆده‌ربازبون له‌دۆخی په‌نخورادوی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ هه‌موو پارته‌ سیاسی‌و كه‌سایه‌تێكانده‌كه‌ین داوا یاساییه‌كانیان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوس‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بكشێننه‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش میترۆ ئاماده‌ی ناوه‌ندكارییه‌"

كۆتایی

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه