هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ سڵ له‌ لێپرسینه‌وه‌ ناكه‌نه‌نه‌وه‌

سلێمانی، 23ی ئابی 2011:

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان ئیدانه‌ی هێرش‌و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نوسی ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان ‌و رایده‌گه‌یه‌نێت هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ سڵ له‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ناكه‌نه‌وه‌.

شه‌وی دووشه‌ممه‌ له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندنی كۆمه‌ڵێك هاوڵاتی له‌شه‌قامی سالمی شاری سلێمانی، شه‌ش رۆژنامه‌نوس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆوه‌ پێشێلكاریان به‌رامبه‌ر كرا.

هاوكار عه‌بدولستار په‌یامنێری NRT به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت "به‌بێ ئه‌وه‌ی جارێ ده‌ست به‌وێنه‌گرتن بكه‌ین هێرشیانكرده‌ په‌یامنێر و وێنه‌گره‌كه‌مان و كامێراكه‌یان شكاندین و وێنه‌گره‌كه‌یان برینداركردین."

ره‌نجده‌ر عومه‌ر سه‌عید وێنه‌گر له‌كه‌ناڵی KNN به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت "له‌كاتی وێنگرتندا بووم چوار چه‌كدار هێرشیان كرده‌ سه‌رم و بردیانم كامێراكه‌یان شكاندم ‌و كاتژمێرێك لای ئۆتۆمبیله‌كه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر بووم." ره‌نجده‌ر جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌یانوت نابێت وێنه‌ی خۆپیشاندن بگرن."

هه‌ر له‌كاتی روماڵكردنی هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌كه‌دا هه‌ردوو وێنه‌گری كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان هاوڕێ قادرو ڕه‌وا عومه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ رێگریان لێكراوه‌.

عومه‌ر كه‌ریم په‌یامنێری كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت"هه‌ردوو په‌یامنێره‌كه‌مان رێگریان لێكراوه‌و په‌یامنێرێكمان سوكایه‌تی پێكراوه‌" ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئه‌و هێزانه‌ داوای كاسێته‌كانیان له‌ په‌یامنێره‌كانمان كردووه‌."

ته‌لان كۆسره‌ت وێنه‌گری كه‌ناڵی NRT به‌ میترۆی وت"كه‌سێكی باڵا به‌رزی سمێڵ ره‌ش قاتی له‌به‌ر بوو وتی وێنه‌ مه‌گره‌, پرسیم بۆ؟ لێیدام"

دیار ئه‌حمه‌د سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری كلیل به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت"بێ ئه‌وه‌ی داوای پێناسم لێبكه‌ن ‌و خۆم بناسێنم هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ هێرشیانكرده‌ سه‌رم‌و كامێراكه‌یان بردم" جه‌ختیكرده‌وه‌"پاش یه‌ك سه‌عات كامێراكه‌یان بۆ گه‌ڕاندمه‌وه‌ به‌بێ پاتری."

سه‌نته‌ری میترۆ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ندێ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداروه‌ كرد كه‌ رۆژنامه‌نوسان تۆمه‌تباریان ده‌كردن به‌و پێشێلكاریانه‌، ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بون لێدوان له‌م باره‌یه‌ بده‌ن.

ئه‌م كردانه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراوه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌كانی ماف‌و ئیمتیازاتی رۆژنامه‌نوسانه‌ له‌یاسای ژماره‌ 35ی ساڵی 2008 (یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان).

یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، " هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌رۆژنامه‌نوس بكات، یان ده‌ستدرێژیی بكاته‌ سه‌ر ئه‌وا هه‌مان ئه‌و سزایه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌كاتی یان به‌هۆی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی دانراوه‌"

له‌ به‌شی چواره‌م ، ماده‌ی حه‌وتم برگه‌كانی( چواره‌م‌و پێنجه‌م) دا هاتوه‌"رۆژنامه‌نوس مافی ئاماده‌بونی له‌كۆنگره‌و چالاكییه‌ گشتییه‌كاندا هه‌یه‌"

سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ كارمه‌ندێكی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ له‌سه‌ر پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان روبه‌روی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی نه‌بۆته‌وه‌، بۆیه‌ هیچ كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئاسایش سڵناكانه‌وه‌ له‌ لێپرسینه‌وه‌ به‌پێی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ناڕه‌زایی‌و ئیدانه‌ كردنه‌."

كۆتایی

 

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان و مافه‌كانیان. ئه‌م رێكخراوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كان (JFO) ده‌كات كه‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ به‌غدایه‌.

 

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه