هاورێ "جەمیل ئەمین" جێی هێشتین

بەداخێکی زۆرەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی ئابی٢٠١١، هاوڕێ جەمیل ئەمین عبدالرحمن، ئەندامی حیزب‌و کەسایەتی خۆشەویستی شاری سلێمانی‌و کەرکوك، دوای ململانێێەکی (٥) ساڵی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، لەتەمەنی ٥٥ ساڵیدا لەناو باوەشی خێزان‌و کەسوکارەکەیدا لە شاری کەرکوك گیانی لەدەست دا.

هاورێ جەمیل، کۆمۆنیستی پەیگیرو ماندوونەناس، نمونەیەکی بێوێنەی فیداکاری‌و دڵسۆزی بوو بۆ بیروباوەڕەکەی، بۆ حیزبەکەی‌‌و بۆ هاورێكانی، بۆ چینی کرێکارو سەرجەم جەماوەری چەوساوە. نمونەیەکی ناوازەی نەفس بەرزی‌، سادەیی، بڕوابەخۆبوون، رێزگرتنی بەرامبەر، لەخۆبوردوویی‌و سیمبوڵی پیادەکردنی نەریت‌و فەرهەنگی کۆمۆنیستی بوو لەژیانی شەخسی‌و کۆمەڵایەتی‌و هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا. خاوەنی گیانێکی بەرزی هاوکاری بوو بۆ هەرمرۆڤێك کەلێوەی نزیك بوو یان پێویستی بەهاوکاری‌ ئەو بوو.

هاورێ جەمیل، ٢٨-٦- ١٩٥٦لە شاری کەرکوك لەدایك بوە. ساڵی ١٩٧٨ چوەتە کۆلیژی ئەندازیاری بەشی کارەبا لە زانکۆی بەغدا، بەلام لە ساڵی دووەمی زانکۆ دەبێت کەبەهۆی چالاکی سیاسی‌یەوە لەلایەن دەزگای ئەمنی بەعسەوە دەستگیردەکرێ، بەڵام لەبەرئەوەی هیچی لەسەر ساغ نابێتەوە دوای ماوەیەك ناچاردەبن ئازادی بکەن. بەهۆی ئەوەی کە بەردەوام لەژێرچاودێری دەزگا سیخوریەکانی رژێمدا دەبێ، ناتوانێ بەردەوامی بە خوێندن بدات‌و چەندجارێك خوێندنەکەی دوا دەخات، تا سەرەنجام ناچاردەبێ واز لە کۆلیژی ئەندازیاری بەغدا بێنێت‌و بچێتە پەیمانگای تەکنیکی‌ کەرکوك‌ بەشی ئەلکترۆنیك کە بە پلەی یەکەم تەواوی دەکات. هاورێ جەمیل لە ساڵی ١٩٨٠ ەوە لەگەڵ خەباتی سیاسی کۆمۆنیستیدا تێکەڵ بووەو یەکێك بوە لە کادرە بەرجەستەکانی "رێکخراوی تێکۆشانی کارگەران"، "رەوتی کۆمۆنیست" ‌و دواتر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق. پاش پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەناو ریزی ئەم حیزبەدا درێژەی بە خەباتی کۆمۆنیستی خۆیدا.

هاورێ جەمیل هەروەکو چۆن لەبەرامبەر دوژمنانی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمدا قایم‌و پتەوو بێدوودڵی بوو ئاواش لەبەرامبەر نەخۆشیەکەیدا خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزبوو. تەنانەت لە دواساتەکانی ململانێ‌ی لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا سەرباری ئازاری سەخت‌و لاوازی‌و بێهێزی جەستەیی، بەڵام کێوێك بوو لە وورەو نەیدەویست کەسوکارو مناڵ‌و هاوسەرو هاورێکانی نارەحەت‌و دڵتەنگ بکات کە لە دەوری بوون تا خۆشەویستی‌و میهرەبانیەكی بۆ نیشان بدەن‌و کەمێك لە ئازارەکانی کەم بکەنەوە کە ئەو لەژیانی خۆیدا بۆ یەک بەیەکی ئەوانی نیشاندابوو.

بەداخەوە، حیزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان‌، بە گیان لەدەستدانی هاورێ جەمیل ئەمین، یەکێك لە پەیگیرترین‌ ئەندامەکانی‌و خۆشەویستترین شەخسیەتەکانی‌و چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی کرێکاری‌ لە کوردستان‌و عێراق یەکێك لە دڵسۆزترین‌و ماندوونەناسترین هەڵسوڕاوەکانی خۆیان لەدەستدا.

ئێمە بەبۆنەی ئەم روداوە سەخت‌و دڵتەزێنەوە دڵنەوایی دڵسۆزانەی سەرجەم ئەندامان‌و لایەنگرانی هەردووحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری‌ کوردستان‌و عێراق بۆ هاوسەرو مناڵەکان‌و کەسوکاری هاورێی خۆشەویست‌و میهرەبانمان هاوڕێ جەمیل ئەمین عبدالرحمن نیشان دەدەین‌‌و لەم رۆژە سەختەیاندا لەکەناریاندا بەشانازیەوە دەوەستین.

یادی هاورێ جەمیل لەناو دەرون‌و ویژدانی هەمووماندا زیندوە!

 

حیزبی کۆمۆنسیتی کرێکاریی کوردستان                             حیزبی کۆمۆنسیتی کرێکاریی عێراق

١٧ی ئابی ٢٠١١

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه