نەخشە رێگایەك بۆ چارەسەركردنی دۆخەی ئێستای كوردستان

 

فەرەیدون بێوار:

بۆ بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان

بۆ بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بۆ بەرێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

بۆ بەرێز سەرۆكی حزبەكانی ( یەكێتی و پارتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی و

سەرجەم پارتە سیاسییەكانی كوردستان)

 

ئێستا كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەر دەبێت و رۆژ بە رۆژ بارگرژییەكان روو لە زیاد بوون دەكەن، بەتایبەتی ململانێی حزبە سیاسییەكان قوڵتر بۆتەوە و خەریك لە سنوور دەردەچێت. پێشمانوایە لەم بارە گرژ و ئاڵۆز و بەسەربازگە كردنەی هەندێك شار و شارۆچكە و زمانی توندی راگەیاندنەكان، قورسە لایەنە سیاسییەكان بتوانن دیالۆگ بكەن و بگەنە رێكەوتنێكی هاوبەش، جا بۆ ئەوەی زەمینەی دیالۆگ بۆ لایەنە سیاسییەكان برەخسێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە (هەڵبەت مەبەستمان لە چاوپۆشینی تاوانەكانی ماوەی رووداوەكان و گەندەڵی و ناداپەروەری و هەنگاوەكانی گۆڕین و چاكسازی نییە) و ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە، بەر لەوەی لە دەست دەربچێت و بتەقێتەوە، ئەوا ئێمە ئەم پێشنیارانەی خوارەوە دەخەینەروو:

1. بڕیار بدرێت بە راگرتنی شەڕی راگەیاندن لەسەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن بە راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و ئەهلییەوە، بەهەر سێ بوارەكەی (مەبەستمان هێرشكردنە سەر كەسایەتی و لایەنەكان، هەڵدانەوەی لاپەرەی كۆن و رابردوو، گواستنەوەی وێنە و دیمەنی توندوتیژی كە هانی خەڵك بدات) پێویستە رۆژ و كاتژمێری راگرتنەكە دیاریكراو بێت و لەدوای ئەو بەروار و كاتە دیاریكراوەوە، هەر دەزگایەكی راگەیاندن پێشێلی بكات و پابەند نەبێ، خێرا ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر و دابخرێت.

 

2. بڕیار بدرێت "لەماوەیەكی دیاریكراودا" سەرجەم تۆمەتبارە دیتراوەكان و تەقەكەرەكان دەستگیر بكرێن و بخرێنە زیندانەوە، مەبەستمان ئەو كەسانەیە كە ناسنامەیان ئاشكرایە، جا لەهەر پلەیەكی حزبی و حكومی دابن، تا ئەو كاتەی دادگا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات. بۆ تۆمەتبار و گۆمانلێكراوەكانیش ئەوە دەبێ لیژنەی لێكۆڵینەوە و دادگا بڕیاری یەكلا كەروە بدات.

 

3. بڕیار بدرێت سەرجەم هێزە جوڵە پێكراوەكان لەرۆژ و كاتژمێری دیاریكراودا، لەسلێمانی و دەروبەری بكشێنرێنەوە.

 

4. بڕیار بدرێت كۆبوونەیەكی "نائاسایی" لەنێوان هەر سێ حزبی ئۆپۆزسیۆن و یەكێتی و پارتی، بەبێ پێشمەرج، بەڵام ئەجندای كۆبوونەوەكە دیاریكراو بێت، هەروەها رۆژ و كاتژمێری كۆبوونەوەكەش دیاریكراو بێت، ساز بدرێت، بەمەرجێك لەسەر ئاستی كەسی یەكەمی حزبەكان بێت نەك نوێنەر و مەكتەبی سیاسی. دوای ئەو كۆبونە پێنج قۆڵییە، دواتر كۆبوونەوە لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و سەرجەم حزبەكانی بەشدار لەحكومەت ئەنجام بدرێت، دواتریش كۆبوونەیەكی بەرفراوان لەنێوان سەرجەم حزب و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان ساز بدرێت. هەر لایەنێك پابەندی كۆبوونەوەكە و راسپاردەكانی نەبێت، ئەوا بەپێی یاسا كارپێكراوەكان ئیجرائاتی لەگەڵ بكرێت.

 

5. بڕیار بدرێت بە دامەزراندنی "دەستەی سەربەخۆی باڵای ریفۆرم لەكوردستان" كە نوێنەری سەرجەم حزب و لایەنەكانی تێدا بێت، ئەم دەستەیە پرۆژەی چاكسازی و گۆڕانكاری دابڕێژێت و حكومەتیش پابەندبێ پێوەی.

 

6. پرۆژەی چاكسازی و گۆڕانكاری بە بەشداری و هاوبەشی سەرجەم لایەنەكان، لەسەرجەم بوارەكانی حكومڕانی شەفافانە بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت و ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ دابنرێت، ئەگەر پرۆژەكە لەماوەی دیاریكراودا جێبەجێ نەكرا، ئەوا لەدوای ئەو ماوەیە حكومەت بە هەڵوەشاوە هەژمار بكرێت.

 

7. بەزووترین كات، لەماویەكی دیاریكراودا یاسای خۆپیشاندان و یاسای حزبەكان هەموار بكرێتەوە.

 

8. بڕیار بدرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو خۆپیشاندان لە كوردستان رابگیرێت، تا زەمینە خۆش بكرێت بۆ دیالۆگی لایەنە سیاسییەكان و دەسەڵات لەو ماوەیەی كە بۆی دیاری دەكرێت گۆڕانكاری و چاكسازی بكات، ئەگەر دەسەڵات پابەند نەبوو بەپرۆژە چاكسازیەكەی دەستەی سەربەخۆی باڵای ریفۆرم لەكاتی دیاریكراودا، ئەوە خۆپیشاندان بەشێوەیەكی رێكخراو سازبدرێتەوە و حكومەت هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.

 

9. گرتن و راوەدوونانی هاوڵاتیان رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و مامۆستایانی رابگیرێت و ئەوانەشی كە بەبێ بڕیاری دادگا گیراون لەماوەیەكی دیاریكراودا ئازاد بكرێن و بەپێی یاسا كارپێكراوەكان قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێنەوە.

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه