یاساى پیرۆزییه‌ ئاینییه‌کان راگرن

سلێمانی، ٦/١٠/٢٠١٢

سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان داوا له‌ په‌رله‌مانتارانى کوردستان ده‌کات ده‌نگ به‌ پرۆژه‌ یاساى پێشنیارکراوى پیرۆزییه‌ ئاینییه‌کان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان نه‌ده‌ن و یاساکه‌ راگرن، راشیده‌گه‌یه‌نێت یاساکه‌ دژى ئازادییه‌کان و به‌هاکانى مافى مرۆڤ و یاساى کارى رۆژنامه‌نووسى هه‌رێمى کوردستانه‌.

بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو ٨/١٠/ ٢٠١٢ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ دانیشتنى ژماره‌ ١٠ى ئاسایى خولى گرێدانى یه‌که‌م، ساڵى چواره‌م له‌ خولى سێیه‌میدا، خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پرۆژه‌ یاساى پیرۆزییه‌ ئاینییه‌کان بکات.

یاساى پێشنیار کراوى پیرۆزییه‌ ئاینییه‌کان له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى کاروبارى ئاینى په‌رله‌مانى کوردستان پێشنیار کراوه‌، که‌ تیایدا به‌ پێچه‌وانه‌ى یاساى کارى رۆژنامه‌نووسى ژماره‌ ٣٥ى ساڵى ٢٠٠٧ رۆژنامه‌نووس به‌ بڕێکى زۆرى پاره‌ و راگرتن و داخستنى که‌ناڵى راگه‌یاندن و زیندانیکردن سزا ده‌درێت.

له‌ کاتێکدا له‌ مادده‌ى ٩ى یاساى رۆژنامه‌نووسى به‌ ٧ خاڵ و ٤ بڕگه‌ سزاکانى تایبه‌ت به‌ "سوکایه‌تیکردن به‌ بیرو باوه‌ڕ و رێو ره‌سمه‌ ئاینییه‌کان" هه‌روه‌ها "سوکایه‌تیکردن به‌ سیمبول و پیرۆزییه‌کانى هه‌ر ئاین و ئاینزایه‌ک و له‌که‌دار کردنیان" روونکردۆته‌وه‌ و سزاکانیشى دیارکردووه‌. جگه‌ له‌وه‌ى مادده‌ى ١٠ ى هه‌مان یاسا تایبه‌ته‌ به‌ ناوه‌ڕۆکى ته‌واوکارى مادده‌ى ٩و بڕگه‌کانى.

سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان داوا له‌ په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات "ده‌نگ به‌ یاساکه‌ نه‌ده‌ن و رایگرن، چونکه‌ ناوه‌ڕۆکى یاساى پیرۆزییه‌ ئاینییه‌کان مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌ییه‌ بۆ سه‌ر ماف و ئازادییه‌کان و پێچه‌وانه‌ى ناوه‌ڕۆکى یاساى کارى رۆژنامه‌نووسى هه‌رێمى کوردستان و جاڕنامه‌ى گه‌ردوونى مافه‌کانى مرۆڤه‌"

سه‌نته‌رى میترۆ دواى چه‌ندین جار ئاگادارکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان و لیژنه‌کانى له‌ ده‌ستدرێژى و مه‌ترسییه‌کانى سه‌ر رۆژنامه‌نووسان چاوه‌ڕوانیده‌کرد، "له‌ برى ئاماده‌کردنى پرۆژه‌ یاسایه‌ک بۆ کۆت و به‌ندکردنى بیرو راى ئازاد و رۆژنامه‌نووسان، لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون له‌ سه‌رپێچیکاران بکه‌ن و بۆ لێپرسینه‌وه‌ بانگهێشتى په‌رله‌مانى کوردستانیان بکه‌ن"

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان و مافه‌کانیان. ساڵی ٢٠٠٩ دامه‌زراوه‌، نوسینگه‌ی سه‌ره‌کی له‌ شاری سلێمانییه‌، ئه‌م رێکخراوه‌، له‌ هه‌رێمی کوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌کان (JFO) ده‌کات که‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌کی له‌ به‌غدایه‌.

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه