هه‌موو وه‌زاره‌تێک ده‌توانێت باشترین یان خراپترین بێت بۆ پێدانی زانیاری

سلێمانی، ١٠ی ئابی ٢٠١٢

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نوسان داوا له‌ دامه‌زروه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌کات ده‌رگای زانیارییه‌کان بۆ خه‌ڵکو رۆژنامه‌نوسان ئاوه‌لاَ بکاتو جه‌ختده‌کاته‌وه‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ به‌ وه‌کاله‌ت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌که‌ن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی فه‌رمانگه‌کانی و ناکرێت زانیارییان لێبشارنه‌وه‌.

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ٩ی ئاب له‌ شاری‌ هه‌ولێر سه‌نته‌ری‌ ئاسو‌وده‌ بۆ راپرسی و په‌ره‌پێدانی گه‌نج ئه‌نجامی راپرسی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندن و وته‌بێژه‌کانی وه‌زاره‌ته‌کانی‌ سه‌ر به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بلاَوکرده‌وه‌ .

به‌وپێی راپرسی سه‌نته‌ره‌که‌یان راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ کارو کاروباری کۆمه‌لاَیه‌تی زۆرترین و سامه‌نه‌ سروشتیه‌کان که‌مترین زانیاریی‌ به‌ رۆژنامه‌نو‌وسان ده‌ده‌ن.

سه‌نته‌ری میترۆ له‌ کاتێکدا که‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌تو فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌ت ده‌کات ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ ژوره‌ تاریکه‌کانه‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ روناکی، به‌تایبه‌تیش داوا له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌کات له‌ سه‌ر پره‌نسیپی شه‌فافیه‌ت که‌ ئامرازێکى به‌هێزى قه‌لآچۆکردنى گه‌نده‌ڵى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوساندا بکات.

سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نێت " دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت ده‌رگای زانیارییه‌کان بۆ خه‌ڵکو رۆژنامه‌نوسان ئاوه‌لاَ بکه‌ن چونکه‌ دامه‌زراوانه‌ به‌ وه‌کاله‌ت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌که‌ن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌تو ناکرێت ئه‌وان به‌ناوی خه‌ڵکه‌وه‌ زانیاری له‌ خه‌ڵک بشارنه‌وه‌" جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌" هه‌موو وه‌زاره‌تێک ده‌توانێت وه‌ک وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌لاَیه‌تی بێت"

له‌ کۆتایى ئه‌و کۆنگره‌ى که‌ ڕێکخراوى یونسکۆ و کۆلێژى ڕۆژنامه‌وانى له‌ زانکۆى کوینز لاند (بریسبان ، ئوسترالیا)، له‌میانه‌ى یادى ڕۆژى جیهانى ئازادى ڕۆژنامه‌ نوسیدا، له‌به‌روارى ٢و٣ ى ئایارى ساڵى ٢٠١٠ ڕاگه‌یاندنى مافى گه‌یشتن به‌ زانیارییه‌کان په‌سه‌ند کرا.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌ ئاماژه‌ده‌دات به‌وه‌ى که‌ زامنى به‌ده‌ست هێنانى زانیارى هۆکارێکى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى بڕیاره‌ ئاشکراکان بۆ به‌شداریکردن له‌ ژیانى دیموکراسى و چاودێریکردنى ڕێو شوێنه‌ گشتى یه‌کان و چه‌سپاندنى شه‌فافیه‌ت و لىَ پرسینه‌وه‌ و به‌ ئامرازێکى به‌هێزى قه‌لآچۆکردنى گه‌نده‌ڵى داده‌نرێت ، ئه‌م مافه‌ش له‌میدیادا ڕۆڵى کاریگه‌ر ده‌گێڕىَ بۆ به‌ده‌ست هێنانى تواناى گه‌ل و چه‌سپاندنى متمانه‌ى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و پته‌وکردنى یه‌کسانى له‌نێوان سه‌رجه‌م توێژه‌کانى کۆمه‌ڵگا ، له‌نێویشیاندا ئافره‌تان و کۆمه‌ڵگا ڕه‌سه‌نه‌کان.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان و مافه‌کانیان. ئه‌م رێکخراوه‌، له‌ هه‌رێمی کوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌کان (JFO) ده‌کات که‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌کی له‌ به‌غدایه‌.

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه