با کارزان به‌ پێی یاسی رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت

سلێمانی، ٦ی ئابی ٢٠١٢

سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان داوا له‌حکومه‌تى هه‌رێم و ئاسایشى گشتى ده‌کات دۆسیه‌ى رۆژنامه‌نووس کارزان که‌ریم له‌ رێگاى دادگایه‌کى ئاشکراو به‌پێى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت، نه‌ک به‌ یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی په‌رله‌مانی کوردستان.

کارزان که‌ریم ئه‌ندامی ئه‌ندامی‌ کارای‌ سه‌ندیکای‌ رۆژنامه‌نوسان- لقی‌ هه‌ولێره‌.له‌ساڵی‌ (٢٠٠١) ه‌وه‌ تاکو ئه‌و کاته‌ی‌ ده‌ستگیرکراوه‌ وه‌ک رۆژنامه‌نوس کاری کردوه‌ بۆ: رادیۆی‌ نه‌وا،رۆژنامه‌ی‌ ئاسۆ، رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات،گۆڤاری‌ خێزان، رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی، ده‌زگای‌ ئاراس (ئاکا نیوز)، رۆژنامه‌ی‌ (الدول العربی)،رۆژنامه‌ی‌ (الشرق الاوسگ).

وا بڕیاره‌ که‌ سبه‌ینێ سێ شه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر دانیشتنی دادگایکردنی به‌ڕێوه‌بچێت.

ناوبراو دواى بلاَوکردنه‌وه‌ى پێنج بابه‌تى رۆژنامه‌وانى که‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ هه‌بوونى "گه‌نده‌ڵى" له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر له‌شێوه‌ى رفاندن ده‌ستگیرکراوه‌ و به‌ وته‌ى خێزانه‌که‌شى له‌ یه‌که‌م سه‌ردانیان بۆ لاى کارزان "ئاسه‌وارى ئه‌شکه‌نجه‌یان به‌ جه‌سته‌ى کارزانه‌وه‌ بینیوه‌" و دواتریش زانیویانه‌ که‌ "له‌ زیندانى تاکه‌که‌سى به‌ندکراوە.

رۆژنامه‌نووس کارزان که‌ریمى ته‌مه‌ن ٣١ ساڵ، که‌ هاوکات فه‌رمانبه‌رى فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێریش بووه‌، رۆژى ٥/١١/٢٠١١ به‌بىَ ئاگادربوونى بنه‌ماڵه‌که‌ى به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌یه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێت و دواى دوو رۆژ که‌سێک خۆى به‌هاوڕێى کارزان خۆی ده‌ناسَنێت ئۆتۆمبێله‌که‌ى ده‌باته‌وه‌ به‌ده‌رگاى ماڵه‌وه‌یان و سویچى ئۆتۆمبێله‌که‌ ده‌داته‌ ده‌ست خێزانه‌که‌ى کارزان و پێیان ده‌ڵێت "کوره‌که‌تان سه‌فه‌رى کردووه‌ بۆ تورکیا"

خێزانى کارزان دواى دۆزینه‌وه‌ى ژماره‌ ته‌له‌فۆنى ئه‌و که‌سه‌ى ئۆتۆمبێله‌که‌ى هێناوه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ندى پێوه‌ ده‌که‌ن ئه‌ویش پێى وتوون "من هاوڕێیى ئه‌وم و له‌ کۆیه‌ داده‌نیشم و کارزان سه‌فه‌رى کردووه‌ بۆ تورکیا".

خێزانى کارزان دواى گه‌ڕانێکى زۆر پاش ١٥ رۆژ ده‌زانن که‌ کارزان له‌ ئاسایشى گشتى هه‌ولێر ده‌ستگیرکراوه‌ و ئه‌و که‌سه‌ى که‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ى ئه‌وى هێناوه‌ته‌وه‌ فه‌رمانبه‌رى ئاسایش بووه‌ نه‌ک هاوڕێى

که‌ریم محه‌مه‌د باوکى رۆژنامه‌نووس کارزان که‌ریم ئه‌مرۆ دوو شه‌ممه‌ به‌ سه‌نته‌رى میترۆى وت "له‌ رێگاى پارێزه‌ره‌که‌مانه‌وه‌ پێمان راگه‌یه‌ندرا، که‌ ئاسایشى گشتى پێیان وتووه‌ کارزان دۆسییه‌ى تیرۆرى به‌سه‌ردا ساغ بۆته‌وه‌ و ئێستا به‌پێى دۆسییه‌ى تیرۆر مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت".

وتیشی "کارزان دوور و نزیک هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌ تیرۆریستانه‌وه‌ نه‌بووه‌" جه‌ختیکرده‌وه‌"ئه‌مه‌ بابه‌تێکى دروست کراوه‌ تاوه‌کو تۆڵه‌ى نووسینى ئه‌و پێنج بابه‌ته‌ى لێبکه‌نه‌وه‌"

بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر سه‌نته‌رى میترۆ په‌یوه‌ندى به‌ چیمه‌ن سه‌باح پارێزه‌رى کارزان که‌ریم کرد، به‌لاَم ژماره‌که‌ى یه‌که‌مى پیاوێک وه‌لاَمى دایه‌وه‌ که‌ ژماره‌که‌ى ئه‌وى به‌ هه‌ڵه‌ ناساند و ژماره‌ ته‌له‌فۆنى دووه‌میشى له‌لایه‌ن پیاوێک که‌ خۆى به‌ شوفێرى پارێزه‌که‌ ناساند به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ وه‌لاَمى سه‌نته‌رى میترۆى دایه‌وه‌ و وتى "بۆ دۆسیه‌که‌ى کارزانته‌؟ ئه‌و لێره‌ نییه‌". هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و خۆى وه‌ک شوفێرناساند، به‌لاَم ده‌یویست له‌برى پارێزه‌ره‌که‌ وه‌لاَمبداته‌وه‌ بۆیه‌ سه‌نته‌رى میترۆ نه‌یتوانى بۆچوونه‌که‌ى وه‌رگرێت.

کاروان که‌ریم براى رۆژنامه‌نووسه‌که‌ به‌ میترۆى وت "ئه‌و پارێزه‌ره‌مان دوو مانگ به‌ر له‌ ئێستا به‌ ئێمه‌ى راگه‌یاندووه‌ که‌ کارزان به‌ دۆسییه‌ى تیرۆره‌وه‌ تێوه‌گلێندراوه‌. ئه‌و به‌ڵێنى دا هه‌وڵى خۆى بخاته‌کار بۆ داکۆکیکردن لێى وه‌ک پارێزه‌رێک، به‌لاَم ئه‌وه‌ ماوه‌ى دوو رۆژه‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندى پێوه‌ ده‌که‌ین وه‌لاَممان ناداته‌وه‌".

سه‌نته‌رى میترۆ بۆ به‌دواداچوونى زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ سه‌رۆکى لیژنه‌ى مافه‌کانى مرۆڤ سالار مه‌حمود کرد، له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ میترۆى وت"هیچ سکالاَیه‌ک نه‌هاتۆته‌ لاى لیژنه‌که‌مان و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌ باره‌ى ئه‌م دۆسییه‌ به‌ فه‌رمى ده‌ست ئێمه‌ نه‌که‌وتووه‌".

له‌ ئێستادا سه‌نته‌رى میترۆ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ رێکخستنى دانیشتنێک له‌ نێوان لیژنه‌ى مافى مرۆڤ و خێزانى کارزان تاوه‌کو سکالاَکه‌یان به‌ ده‌ست په‌رله‌مانى کوردستان بگه‌یه‌نن و له‌و باره‌یه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ن.

کاروان که‌ریم به‌ میترۆى وت "پاش سىَ مانگ و هه‌ژده‌ رۆژ و توانیمان ته‌نیا بۆماوه‌ى پێنج خوله‌ک کارزان ببینین"

باسیله‌وه‌شکرد که‌ براکه‌ی ره‌نگى ته‌واو تێک چووبوو و "ئاسه‌وارى ئه‌شکه‌نجه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاربووه‌" هه‌روه‌ها"له‌ ژێرچاودێرى سىَ کارمه‌ندى ئاسایش ئه‌ومان بینى که‌ نه‌یده‌وێرا هیچ شتێک بڵێت. ته‌نانه‌ت هه‌ستمان ده‌کرد به‌ ئامێرێک ده‌نگمان تۆمار ده‌که‌ن".

که‌ریم مه‌حه‌مه‌د باوکى کارزان به‌ میترۆى وت "کارزان زۆر جار له‌ زیندانى تاکه‌که‌سى زیندان کراوه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کى قورسه‌ بۆ کوڕکه‌م و له‌ ژووره‌کانى تریش که‌ زیندانى بووه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌س که‌ به‌ تۆمه‌تى جیاجیا گیراون کارزانیان له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌ند کردووه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئاسایشی گشتی که‌ نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکرێت به‌ میترۆی وت" کارزان به‌ پێی ماده‌ی ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ستگیرکراوه‌و له‌ماوی ده‌ستگیرکردنیشیدا سه‌ردانی هه‌بووه‌" جه‌ختیکرده‌وه‌" کارزان کارمه‌ندی ئاسایشه‌و ئه‌شکه‌نجه‌ نه‌درواوه‌"

یاسای ژماره‌(٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣- ی په‌رلاه‌مانی هه‌رێمی کوردستان له‌کارخستنی مادده‌ گه‌لێکه‌ له‌یاسای سزاکانی عێراقی ژماره‌١١١ی هه‌مواکردنی ساڵی ١٩٦٩.

له‌ مادی یه‌کی هه‌موارکراوی یاسای ئاماژه‌ پێدرودا هاتوه‌: ماده‌ی یه‌ک ( یعاقب بالسجن المۆبد او المۆقت کل من ارتکب عمدا فعلا یقصد المساس بامن الدوله‌ واستقرار

وسیاده‌ مۆسسات اقلیم کوردستان العراق بای کیفیه‌ کانت وکان من شانه ان یۆدی الى ژلک).

به‌ پێ قسه‌کانی باوکی کارزان بۆ میترۆ له‌کاتى بینینى کارزاندا کوڕه‌که‌ی به‌ مه‌به‌ستی ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵی بابه‌تی بلاَوکردۆته‌وه‌ " وتم کوڕم تۆ بۆچى وات کرد، وتى بابه‌ وام زانى ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ بلاَوبکه‌مه‌وه‌ پاداشت ده‌کرێم نه‌مزانى من ده‌سگیر ئه‌که‌ن و گه‌نده‌ڵه‌کانیش ئازاد ئه‌بن".

سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان رایده‌گه‌یه‌نێت "دادگاییکردنی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ به‌ پێی ئه‌و ماده‌یه‌ ده‌رگا ئاوه‌لاَ ده‌کات بۆ ترساندنو تۆقاندنی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ نیه‌تی چاکسازیو روبه‌روبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی زانیاری بلاَوده‌که‌نه‌وه‌."

سه‌نته‌رى میترۆ داوا له‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌کانی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ ده‌کات که‌یسی رۆژنامه‌نووس کارزان که‌ریم له‌ رێگاى دادگایه‌کى ئاشکراو به‌پێى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت، نه‌ک به‌ یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕی دڵره‌قی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌ نهێنی دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت ده‌رده‌که‌ن.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان و مافه‌کانیان. ئه‌م رێکخراوه‌، له‌ هه‌رێمی کوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌کان (JFO) ده‌کات که‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌کی له‌ به‌غدایه‌.

 

(کۆتایی)

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه