نامەیەکی کراوە لە خەڵکی ناوچەکانی دۆڵی شاورێ‌وە بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان

دۆڵی شاورێ دەکەوێتە ناحیەی سەرکەپکان، یەکێکە لەو ناوچە دیارو گەشت و گوزاریانەی دەڤەری راپەڕین کە زیاتر لە 1500 ماڵ و نزیکەی 3600 کەس تێدایە و لە 35 تا 40 گوند نیشتە جێین . ئەو ناوچەیە هەمیشە لانەی شۆڕش و بەر خودانی نوێی گەلەکەمان بووە و خاوەنی چەندین شەهیدی سەرکردەو دەیان جوامێر و پێشمەرگەیە، مێژووی ژیان لەو ناوچەیە بۆ چەندین هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و خەڵکەکەی بە مۆرکی رەسەنی کوردی دەناسرێنەوە. لە رووی ئیدارییەوە ئەو ناوچەئە سەر بە ناحیەی سەرکەپکانە و دەکەوێتە سنوری شارەوانی سەرکەپکانەوە.

بەڵام بەهۆی فراوانی رووبەری ناوچەکە و بوونی تەنها یەک شارەوانی لە سنوری ئەو ناحیەدا، رەنگە نەتوانرابێت وەک پێویست پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا جێ بە جێ بکرێن، هەر بۆیە دانیشتوانەکەی پێویستیان بە زیاتر خزمەتکردن و لالێکردنەوەوە هەیە، بۆیە ئێمە وەک بەشێک لە کەسایەتی و ئەنجومەن و هاوڵاتیانی دۆڵی شاورێ بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردن بە بەرژەوەندی گشتی و وەک هەوڵێک بۆ باشتر ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و زیاتر گرنگیدان بە لایەنی گەشت و گوزاری لە دەڤەری راپەرین بە گشتی دۆڵی شاورێ بە تایبەتی، بەپێویستی دەزانین داوا بکەین کە شارەوانیەکی سەربەخۆ لە دۆڵی شاورێ بکرێتەوە، بەو پێیەی کە ئەو هەنگاوە دەسەڵاتی ئیداری لەو ناوچەکەدا فراوان دەکات و دەبێتە هۆی زیاتر گەشەکردن و ئاوادانکردنەوەی ناوچەکە.

تایبەتمەندیەکانی کردنەوەی شارەوانیەکی سەربەخۆ لە دۆڵی شاورێ، دەبێتە مایەی کۆچی پێچەوانە لە شارەوە بۆ گوند و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش فراواندەکات، بۆیە لەو پەیامەدا داوا لە لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین بە تایبەت لە حکومەتی هەرێم بە گشتی و ئیدارەی راپەرین بە تایبەتی، کە ئەو پێشنیارەمان بە هەند وەربگرن و وەک هەوڵێک بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی دۆڵی شاورێ کاری لەسەر بکەن.

 

 

بەشێک لە کەسایەتی و دانیشتوانی دۆڵی شاورێ

29-7-2012

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه