دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هەنگاوێکی دیکە بەئاقاری توندکردنەوەی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بۆرژوازی کوردی!

دامەرزاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە دەزگاکانی ئاسایشی پارتی‌و یەکێتی، دەزگا هەواڵگریە سەربازیەکان‌و دەزگا جاسوسی‌و داپڵۆسێنەرەکانی پاراستن‌و زانیاری، ئاستی دەستێوەردان‌و دەسەڵاتی میلیشیای حیزبی بۆرژوازی کورد نیشان دەدات بەسەر ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستانەوە.

لە هەلومەرجێکی سیاسی‌ تایبەتی کوردستاندا کە بەدوای روداوە شۆرشگێڕی‌و جەماوەریەکانی ناوچەکەو خۆپیشاندان‌و نارەزایەتیەکانی شوباتی پارساڵی کوردستاندا هاتۆتە پێشەوە، دامەزراندنی ئەو دەزگایەو چرکردنەوەی سەرجەم دەزگا جاسوسی‌و هەواڵگریەکانی هەردوو حیزبی فەرمانڕەوای کوردستان لەیەك ئه‌نجومه‌نی ئەمنیدا، تەنها ئەو مانایەی هەیە کە بۆرژوازی کورد پیویستی بە توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی‌و راگرتنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانە لە بێمافی سیاسی‌و ئابووری موتڵەقدا. ئەم هەنگاوەی یەکێتی‌و پارتی پێداویستیەکی سیاسی- ئەمنی چینی بۆرژوازی کوردە لە هەلومەرجێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کە نایەکسانی ئابووری‌و جیاوازی کۆمەڵایەتی‌و چینایەتی بەڕادەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردوەو سامانی دەوڵەمەندان‌و سەرمایەدارانی کورد کە بەشێکی بەرچاویان بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانن، بەشیوەیەکی رۆکێت ئاسا بەرەو ئاسمان چووە. سەرکوت‌و کۆنەپەرستی سیاسی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا پێداویستی پاراستنی هەلومەرجی چەوساندنەوەی ڕەهای کرێکاران‌و هێشتنەوەی هەلومەرجی کاری هەرزانە.

 

بەڵام بێجگە لەوەڵامدانەوە بەو پێداویستیە سیاسی‌و چینایەتیەی بۆرژوازی کورد، ئەم هەنگاوەی یەکێتی‌و پارتی وەکو دوو حیزبی فەرمانرەوای بۆرژوازی کورد، سەرەنجام ئەو ئاکامەی لێدەبێتەوە کە پایەو دەسەڵاتی ئەمنی‌و سیاسی پارتی‌ لەناو سیستەمی دەسەڵاتی میلیشیایی کوردستاندا قایمترو تۆکمەتر دەکات. پارتی دەمێکەیە لەهەوڵی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی خۆیدایەو هەنگاو بەهەنگاو بەرنامەو نەخشەی بۆ دادەڕێژێ. ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار لەسەراسەری کوردستاندا ئەو پرۆژەیەی پارتی دواخست‌و تاڕادەیەکی زۆریش لەناوچەی سلێمانیدا پەکیخست، بەڵام پارتی لەڕێگای دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنەو دانانی کەسی سێهەمی بنەماڵی بارزانی‌‌و بەرپرسی هەستیارترین دەزگای سیخوڕی(پاراستن) بە بەرپرسی ئەو دەزگایە، هاوکات گرێدانەوەی ئەنجومەنەکە بە مەسعود بارزانیەوە، لەلایەکەوە دەیەوێ پرۆژە سیاسیەکەی بەسەرەنجام بگەیەنێ‌و لەلایەکی دیکەشەوە جێگاورێگاو بایەخی ئەم دەزگایەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەو حیزبەو بنەماڵەی بارزانی وەکو بنەماڵەیەکی دەسەڵات بەدەستی بۆرژوازی کورد نیشان دەدات.

 

گلەیی و گازەندەی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوایی کوردیش لە پێکهاتنی ئەم دەزگایە لەوێوەیە کە هیچ جێگاورێگایەک بۆئەوان بەرەسمی نەناسراوەو لەلایەن ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەوە قۆرخ کراوە. نارەزایەتی ئەوان لەوێوە نیە کە ئەم دەزگا سەرکوتگەرە ترسناکە دەتوانێ چ نەخشێکی هەبێ لە سەرکوتی نارەزایەتی جەماوەرری کرێکارو بێبەشی کوردستانداو لە بێماف کردنیان و ناچارکردنیان بە ملدان بە نایەکسانی‌و ژیانی کۆیلایەتییان. مەترسیەکەیان لەوەیە کە ئەو دەزگایانە باڵادەستی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو بەتایبەتی پارتی لەهاوسەنگی سیاسی نێوانیاندا بەزیانی ئەمان دەگۆڕێ‌و بێکاریگەرو لاوازیان دەکات.

 

دامەزراندنی ئەم دەزگایە بەپێچەوانەی بانگەشەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو بەرپرسەکانیەوە، نەك هیچ پەیوەندیەکی بەپاراستنی ئازادی، دیموکراسی، ئارامی‌و ئاسایشی خەڵکی کوردستانەوە نیە، بەڵکو مەترسیە بۆسەر ئاسایش‌و ئارامی خەڵك‌و دەستی تاوانبارانی ئینسانکوژو ئینسان ڕفێنەکان دەکاتەوە بۆ ڕفاندن‌و تیرۆری هەڵسوراوانی کرێکاری‌و چەپ‌و ئازادیخوازو ناڕازی بەدەسەڵاتی چەوسێنەرانەی بۆرژوازی‌و حیزبە میلیشیاییەکانی. ئەو دوو حیزبەو دەزگاکانی ئاسایش‌و پاراستن‌و زانیاری‌و دەزگا هەواڵگریەکانیان مێژوویەکی ڕەشیان هەیە لە تیرۆرو تۆقاندنی خەڵکی ناڕازی‌و هەڵسوراوانی سیاسی‌و جەماوەری‌و رادیکاڵ و لە خزمەتکردنی دەزگا جاسوسی و سیخوڕیەکانی ناوچەکەدا. دامەزراندنی ئەم دەزگایەش بە بڕیاری پەرلەمان‌ بۆ ئەوەیە کە چوارچێوەیەکی یاسایی بە کارنامەی ئەم دەزگا سەرکوتگەرانەیان بدەن. لەبەرئەوە دروستکردنی ئەم دەزگایە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ توندکردنەوەی زنجیری حوکمی سەرکوتگەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی-میلیشیایی بۆرژوای کوردو مەترسی بۆسەر ماف‌و ئازادیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و نارەزایەتی‌و بزووتنەوەکانیان‌. بۆیە دەبێ خواستی هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ ئەم دەزگایە لەپاڵ سەرجەم لقوپۆپەکانیدا ببێتە خواستێکی جەماوەریی سەرجەم خەڵکی یەکسانیخوازو ئازادیخوازی کوردستان.

مەکتەبی سیاسی

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠ی تەمووز

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه