ڕاگه‌یاندراوێک له‌لایه‌ن سکرتاریه‌تی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانه‌وه‌، بۆرای گشتی

له‌ژێر گڵنان وتۆمار نه‌کردنی ناوی هاوڕیانی قوربانی له‌په‌لاماردانه‌که‌ی 14/7ی 2000دا، تاوانێکیتر ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی نه‌وشیروان مسته‌فا وسه‌رکردایه‌تی ئه‌وکاتی یه‌کیه‌تی نیشتمانیه‌وه‌!

ڕاگه‌یاندراوێک له‌لایه‌ن سکرتاریه‌تی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانه‌وه‌، بۆرای گشتی

 

ساڵی پار له‌به‌رواری 14\9\2011 له‌دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی حزبمان به‌ڕه‌سمی داوای یاسایی له‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و کاته‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و هه‌ریه‌که‌ له - نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، مسته‌فا سه‌ید‌ قادر، خه‌سره‌و گوڵ محمه‌د و سه‌ر‌که‌وت حه‌سه‌ن جه‌لال( سه‌رکه‌وتی کوبه‌)‌‌- تۆمار کرد، به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که‌سه‌رپه‌رشتیار و جێبه‌جێکه‌ری هێرش و په‌لامارێک بوون، بۆسه‌ر سه‌ر بنکه‌ و باره‌گاکانی حزبمان له‌شاری سلێمانی و‌به‌هۆیه‌وه‌5 که‌س له‌ هاوڕێیانمان له‌و تاوانه‌ نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوه‌دا گیانایان له‌ده‌ستدا.

ئێستا ‌که‌ پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگایی بۆ سه‌لماندنی ڕاستیه‌کانی ڕوداوه‌که‌ به‌رده‌وامه‌‌، به‌پێویستی ده‌زانین له‌م ڕێگایه‌وه‌ ڕای گشتی ومیدیاکان له‌دوا زانیاریه‌کان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگایی کردنه‌که‌و ئه‌و ڕێگریه‌ی هاتۆته ‌به‌رده‌می، ئاگادر بکه‌ینه‌وه‌:

به‌ گوێره‌ی داواکاریه‌کانی دادوه‌ر پێویست ده‌کات ئێمه شهاده‌ی وه‌فات‌ "به‌ڵگه‌نامه‌ی گیان له‌ ده‌ستدان"ی هاورێیان که‌ده‌بوایه‌ له‌ طب عدلی "پزیشکی دادوه‌ری" سلێمانی له‌ 14/7/2000دا تۆمارکرا بێت به‌ده‌ست بهێنێن‌و بیخه‌ینه ‌سه‌ر فایلی لێکۆڵینه‌وه‌کان. به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی ئێمه‌و ئاسایشی سلێمانی بۆ به‌ دوادا چوون‌و به‌ده‌ست هێنانی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی "پزیشکی دادوه‌ری" بێئه‌نجام مایه‌وه‌. به‌تایبه‌تی که‌ کارمه‌ندانی پزیشکی دادوه‌ری پێیان راگه‌یاندین که‌ هاوڕیانمان له‌م فه‌رمانگه‌یه‌، هیچ پێشینه‌یه‌کیان نییه‌و ناویان تۆمار نه‌کراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات که ‌جێ‌به‌جێ که‌رانی تاوانی ‌14/7/2000 له‌ هه‌مان ڕۆژادا، به‌مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌که‌یان وبه‌ده‌سته‌وه ‌نه‌دانی به‌ڵگه‌، لاشه‌ی قوربانیانی ئه‌و روداوه‌یان به‌ده‌ر له‌هه‌ر عورف وعاده‌تێکی باوی یاسایی وئیداری و وه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵکوژی له‌ژێر گڵ ناوه‌و شاردویانه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌نجامیش نه‌یان هێشتووه‌ ناویان له‌ فه‌رمانگه‌ی پزیشکی دادوه‌ری تۆمار بکرێت. ئه‌م کاره‌ش جگه‌له‌ کرده‌وه‌یه‌کی دڕندانه‌و نامرۆڤه‌نه‌، هاوکات وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی به‌عسه‌و به‌پێ‌ی هه‌ر یاساو پێوانه‌یه‌کی ویژدانیش بکه‌ران‌و به‌رپرسیارانی ده‌خاته‌ خانه‌ی تاوانبارێتیه‌وه‌، که‌ده‌بێ سزای یاساو دادگایان له‌سه‌ر بچه‌سپێ. له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ ئه‌م کرده‌وه‌ چه‌په‌ڵه‌ وه‌ تاوانێکی تر له‌که‌یسی به‌دادگا سپاردنی سه‌رانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان‌و ئه‌وانه‌ی ناویان هاتووه‌، زیادده‌که‌ین و به‌رپرسانی ئه‌وکاتی ئاسایش ڕووبه‌ڕووی دادگاده‌که‌ینه‌وه‌، تاله‌سزای تاوانه‌که‌یان ده‌رنه‌چن. شایانی باسه‌ به‌هۆی نه‌بونی شه‌هاده‌ی وه‌فاتی هاوڕیانمانه‌وه‌ له‌فه‌رمانگه‌ی دادوه‌ری پزیشکی سلێمانی، ڕیگری له‌ چوونه‌پێشه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام دواکه‌وتنی پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگایی کردنی ئه‌وانه‌ی ناویان له‌م ڕاگه‌یاندنه‌دا هاتووه‌، دروست بووه‌. هه‌روه‌ک دادوه‌ریش له‌ رێنوێنه‌کانیدا بۆئێمه‌ی‌ ئاشکرای کردووه‌ که‌ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م حاله‌ته‌دا و بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌م ڕیگریه‌، رێگه‌ی یاسایی تر بگرینه‌ به‌ر تا تاوانباران ڕوبه‌ڕووی دادگابکرێنه‌وه‌ وسزای تاوانه‌کانیان وه‌ربگرن.

بێگومان هێچ ڕیگریه‌ک به‌دوادا چوون و پێداگری هه‌وڵه‌کانی ئێمه‌ تا گه‌یاندنی تاوانبارن بۆ به‌رده‌م دادگا وبه‌سزا گه‌یاندنیان، خاوناکاته‌وه. هاوکاتیش ئێمه‌‌ به‌مه‌به‌ستی ئاگادار کردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ڕای‌گشتی هاولاتیانی کوردستان له‌م که‌یسه‌و ‌هه‌وڵه‌کانمان و ئه‌نجامه‌کانی پڕۆسه‌ی لێکۆلێنه‌وه‌کان، ڕاگه‌یاندن بلاو ده‌که‌ینه‌وه‌

10/7/2012

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه