٨٠٠ نوسخه‌ی تازه‌ له‌كۆی هه‌زار نوسخه‌ی توێژینه‌وه‌ی "راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمی كوردستان" سوتێندرا

ماڵپەری قەڵادزێ:

بەداخەوە له‌مانگی رابردوودا 800 نوسخه‌ی تازه‌ له‌كۆی هه‌زار نوسخه‌ی توێژینه‌وه‌ی (راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمی كوردستان..) سوتێندرا، له‌لایه‌ن رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان P.D.A، هه‌روه‌ها ستافێكی میدیایی ئه‌و رێكخراوه‌ش كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ سه‌رنوسه‌ری سایتی چاوی خه‌ڵك بوو، كاره‌كه‌ی له‌ده‌ستدا له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی گرت‌و هه‌ڵوێست‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌سوتاندنی نوسخه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌؟! (هه‌ر كه‌س بیه‌ویت به‌ڵگه‌كانی ئه‌م پرسه‌ی بۆ ده‌نێرین)

توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ساڵی 2007دا، له‌لایه‌ن رێكخراوی P.D.A به‌هاوكاری رێكخراوی N.P.A ئه‌نجامدراوه‌، له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا راپرسی كراوه‌ له‌گه‌ڵ 1452 رۆژنامه‌نووس له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستانداو راكانیان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌ دووتوێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا خرابوونه‌ڕوو.

كاره‌ مه‌یدانی‌و تیۆرییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ نزیكه‌ی دووساڵی پێچووه‌، به‌تێمێكی نۆ كه‌سی‌و سه‌رپه‌رشتیاری زانستی توێژینه‌وه‌كه‌ كراوه‌ له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، پاش ته‌واوبوونی له‌ساڵی 2009دا چاپكراوه‌و ژماره‌ی سپاردنی بریتیه‌ له‌ 1633ی ساڵی 2009.

توێژینه‌وه‌كه‌ به‌ تیراژی هه‌زار دانه‌ چاپكرا، به‌قه‌باره‌ی 100 لاپه‌ڕه‌ی ئه‌یفۆر، به‌ڵام ته‌نها دووسه‌د نوسخه‌ی لێ دابه‌شكرا، 800 نوسخه‌ی كه‌ مابوه‌وه‌ له‌مه‌خزه‌نی رێكخراوی P.D.A، له‌مانگی رابردوودا سوتێندران له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆی سلێمانی، ئه‌ویش به‌ بڕیارێكی ده‌سته‌ی ته‌نفیزی رێكخراوه‌كه‌؟!

چاپی هه‌ر نوسخه‌یه‌ك له‌و توێژینه‌وه‌یه‌ نزیكه‌ی سێ دۆلاری تێچوبوو، واته‌ ته‌نها كۆی تێچوونی چاپی ئه‌و هه‌شتسه‌د نوسخه‌یه‌ 2400 دۆلار بوو، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆماوه‌ی نزیكه‌ی دووساڵ تیمێكی نۆ كه‌سی‌و سه‌رپه‌رشتیاری زانستی له‌و پرۆژه‌یه‌دا كاریان كردووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ته‌نفیزی رێكخراوی P.D.A نوسخه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌یان سوتاند، له‌هه‌ڵوێستێكی "مه‌ده‌نی‌و دیموكراتییانه‌دا" به‌ نوسراوی ره‌سمی كارمه‌ندێكی رێكخراوه‌كه‌شیان له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی دوورخسته‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ سوتاندنی نوسخه‌كانی توێژنه‌وه‌كه‌؟! (وینه‌ی ئه‌م نوسراوه‌ش له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت)

ئه‌و كارمه‌نده‌ی كه‌ به‌هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی كاره‌كه‌ی له‌ده‌ستدا، بۆماوه‌ی سێ ساڵ كارمه‌ندی رێكخراوه‌كه‌و سه‌رنوسه‌ری سایتی چاوی خه‌ڵك بوو، كه‌ ئه‌و سایته‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌كانی رێكخراوه‌كه‌.

سوتاندنی 800 نوسخه‌ توێژینه‌وه‌ی میدیا، كێشه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی‌و میدیاییه‌،‌و زۆر بێ مانایه‌، له‌وه‌ش بێماناتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ستافێكی رێكخراوێك كاره‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه‌، به‌راستی ئه‌وه‌ش پرسیار زۆر هه‌ڵده‌گرێت.

ئایا ئه‌كرێت رێكخراوێك 800 نوسخه‌ توێژینه‌وه‌ بسوتێنیت به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی دوو ساڵه‌ له‌ مه‌خزه‌ن دانراوه‌؟ ئه‌ی بۆ له‌مه‌خزه‌ن دانراوه‌و بۆ دابه‌شی نه‌كردووه‌؟

(ده‌بوایه‌ رێكخراوی دۆنه‌ر، به‌هۆی راپۆرتی سه‌رپه‌رشتی‌و مۆنیته‌ری خۆیه‌وه‌ به‌وه‌ی بزانیایه‌، كه‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ دوو ساڵه‌ له‌ مه‌خزه‌نی رێكخراوه‌كه‌یه‌و دابه‌شنه‌كراوه‌؟!)

ده‌كرا به‌دواداچوون بكرێت بۆئه‌وه‌ی بزانرێت كێ به‌رپرسه‌ له‌مانه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌و سزابدرێت، نه‌ك توێژینه‌وه‌كان بسوتێنیت.

ئاخر خۆ توێژینه‌وه‌كه‌ موڵكی تاكه‌ كه‌سێك نه‌بووه‌، تا بسوتێندرێت، موڵكی گشتی‌و رۆژنامه‌نوسان بوو، چونكه‌ بوجه‌ی رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی تیاسه‌رفكرا، رێكخراوه‌كه‌ بوجه‌ی وه‌رگرتووه‌ به‌ پاساوی خزمه‌تكردن‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵ‌و پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌م به‌ كۆمه‌ڵگا، ئیتر چۆن ده‌كرێت به‌رهه‌مه‌كه‌ بسوتێنیت.

سوتاندنی نوسخه‌كانی ئه‌و توێژنه‌وه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، كاتێك له‌كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی رووبه‌رووی ئافره‌تان‌و ژنان ده‌بێته‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی بچن چاره‌سه‌ری گونجاوی كێشه‌كه‌ بكه‌ن، ده‌چن ئافره‌ته‌كه‌ ده‌كوژن یان ده‌یسوتێنن.. ئاخر ئێستا ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ هاتووه‌ته‌ ناو رێكخراوه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی كێشه‌ی دابه‌شنه‌كردنی توێژینه‌وكه‌ چاره‌سه‌ربكات، ده‌چێت توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌سوتێنیت.

ئه‌مه‌ چ عه‌قڵیه‌تێكه‌، له‌كوێی دونیا كتێبی مێژووی سوتێندراوه‌؟ له‌ كوێی دونیا توێژینه‌وه‌ی زانستی سوتێندراوه‌؟ مه‌گه‌ر له‌ زه‌مانی مه‌غول‌و هۆلاكۆ كتێب ستونێندرابێت، ئایا ئێمه‌ له‌ چ زه‌مه‌نێك ده‌ژین، تا توێژینه‌وه‌ بسوتێنیت؟

ئه‌ویش توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌دوو ساڵ‌و به‌ تیمێكی نۆ كه‌سی ئه‌نجامدرابێت له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان‌و تیادا 1452 رۆژنامه‌نوس راپرسی له‌گه‌ڵ كرابێت ..

ئه‌گه‌ر سوتاندنی نوسخه‌كانی ئه‌و توێژنه‌وه‌یه‌ له‌ وڵاتێكی پێشكه‌وتوو بوایه‌ه‌، ئه‌وا سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی بڕیاری سوتاندنیان داوه‌، داوای لێبوردنیان ده‌كردو راسته‌وخۆ ده‌ستیان له‌كار ده‌كێشایه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ كه‌وتونه‌ته‌ پاساوی مناڵانه‌‌و ده‌ركردنی كارمه‌ند، تا خۆیان بهێڵنه‌وه‌‌و ئه‌و دۆلارانه‌یان له‌كیس نه‌چێت كه‌ مانگانه‌ وه‌ریده‌گرن.

درۆ به‌دوای درۆ و پاساو له‌دوای پاساو ده‌یكه‌ن بۆ په‌رده‌پۆشی ئه‌و كاره‌یان، (هه‌ر كه‌س داوای به‌ڵگه‌كانی كرد، ده‌توانین به‌ڵگه‌كان‌و ئیمه‌یڵی پاساو دوای پاساویان بۆ بنێرین.)

چه‌ند ناشرینه‌ به‌ درۆو پاساوی مناڵانه‌ په‌رده‌پۆشی كاری سوتاندی توێژینه‌وه‌كان بكرێت.. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و چیرۆكه‌ وایه‌ كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌: رۆژێك راستی‌و درۆ له‌به‌رگی مرۆڤدا ده‌گه‌ن به‌یه‌كتر، درۆ داوا له‌ راستی ده‌كات كه‌ فێری مه‌له‌ی بكات، به‌ڵام راستی نازانێت كه‌ ئه‌وه‌ درۆیه‌، بۆیه‌ متمانه‌ی پێ ده‌كات، بڕیارده‌دات فێری مه‌له‌ی بكات، هه‌ردووكیان جله‌كانیان داده‌كه‌نن‌و ده‌چنه‌ ناو ده‌ریاچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی فێری مه‌له‌ی بكات، دوای ئه‌وه‌ی شێوازو ته‌كنیكه‌كانی مه‌له‌كردن فێری درۆ ده‌كات، درۆ دوای ئه‌وه‌ی فیچری مه‌له‌كردن ده‌بێت، زووترو خێراتر له‌ ئاوه‌كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌و جله‌كانی راستی له‌به‌رده‌كات‌و ڕاده‌كات... راستیش ده‌ڵێت كوره‌ مه‌ڕۆ ئه‌وانه‌ی له‌به‌رتكرد جلی منه‌، فێلً و خیانه‌ت مه‌كه‌.

ئه‌م بابه‌تی سوتاندنی توێژینه‌وه‌یه‌ زۆر له‌و چیرۆكه‌وه‌ نزیكه‌، ئێستا درۆ جلی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌به‌ردایه‌و هه‌رجاره‌ی پاساوێك دێنێته‌وه‌ بۆ په‌رده‌پۆشی كاره‌ نامه‌ده‌نییه‌كه‌ی، ئێستا درۆ به‌رگی به‌ڕێوبه‌ری پرۆژه‌ی میدیاو پرۆژه‌ی ژنانی له‌به‌ردایه‌.

وا ده‌زانن به‌ده‌ركردنی كارمه‌ند‌و ریزكردنی پاساوی منداڵانه‌و درۆكردن ده‌توانن په‌رده‌پۆشی كاره‌ نامه‌ده‌نییه‌كه‌یان بكه‌ن، نازانن كه‌ به‌ڵگه‌كان هه‌ن، هه‌روه‌ها شاهیده‌كان هه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ توێژینه‌وه‌كانیان به‌وان سوتاند، كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ترسێندرێن، ئه‌وا به‌رگی درۆیان له‌به‌ر داده‌كه‌نن.

چه‌ند ناشرینه‌ به‌ درۆكردن‌و ده‌ركردنی كارمه‌ند بته‌ویت پارێزگاری له‌ موچه‌كه‌ت بكه‌یت؟!

سوتاندنی نوسخه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ په‌له‌یه‌كی ناشرینه‌ به‌سه‌ر ره‌وشی میدیاو كاری رێكخراوه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌شێت بپرسین، چۆن رێكخراوێك دێت 800 نوسخه‌ له‌كۆی هه‌زار نوسخه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆی ده‌سوتێنێت، ئه‌م به‌هه‌ده‌ردانه‌ له‌پای چی؟

به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا سه‌رفكراوه‌، به‌هه‌ده‌ردانی جوهدی ئه‌و هه‌موو ستافه‌ی له‌و توێژینه‌وه‌دا كاریان كردوو‌و ماندووبوون؟

ده‌پرسین: بۆچی رێكخراوێكی ناوخۆیی پاره‌ له‌ رێكخراوی بیانی وه‌ربگرێت بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌و پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌م به‌ كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام دواتر به‌رهه‌م‌و پرۆژه‌كه‌ی بسوتێنیت... به‌راستی ئه‌مه‌ نیشانه‌ی پرسیارو سه‌رسورمانه‌.. ئایا ته‌نها مه‌به‌ست وه‌رگرتنی پاره‌كه‌یه‌و به‌س؟! ئیتر كێشه‌ نیه‌ با به‌رهه‌م‌و پڕۆژه‌كه‌ بچێت بۆ زبڵدانی تانجه‌رۆ؟!

جێی خۆیه‌تی بپرسین: بۆچی له‌م وڵاته‌دا رێكخراوی ناوخۆیی گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ به‌رهه‌م‌و توێژینه‌وه‌كانی خۆی بسوتێنیت‌و ئاماده‌ش بێت ستافی ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی دووربخاته‌وه‌؟؟!!

سوتاندنی توێژینه‌وه‌كان‌و دوورخستنه‌وه‌ی ستافی میدیای رێكخراوه‌كه‌ دوو پێشێلكاریی بواری رێكخراوه‌یی‌و میدیاییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

داواكارین مه‌حكومی ئه‌م دوو كاره‌ نامه‌ده‌نییه‌ی به‌رپرسانی رێكخراوی P.D.A بكه‌ن.

هه‌ر لایه‌نێك ده‌یه‌وێت زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ وه‌ربگرێت، ئه‌وا بۆ وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌نامه‌و ئیمه‌یڵ‌و نوسراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌ ده‌توانیت په‌یوه‌ندی بكات به‌م ناونیشانانه‌ی خواره‌وه‌:

 

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

ژماره‌ی مۆبایل: 07702201898

هادی ئه‌مین ـ سه‌رنوسه‌ری پێشووی سایتی چاوی خه‌ڵك له‌ رێكخراوی P.D.A

 

وینه‌ی هاوپێچ بریتیه‌ له‌ به‌رگی توێژینه‌وه‌ سوتاوه‌كه‌.

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه