بۆ به‌جیهانی کردنی کێسه‌کانی پشده‌ر و جینۆساید هه‌وڵه‌کان له‌ برۆکسل، له‌نده‌ن و په‌ڕلمانی کوردستان به‌رده‌وامه

 

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان له‌ ڕۆژانی 25 / 26 ی ئایاری 2012 به‌ به‌شداری ده‌یان حزب، ڕێکخراوی سیاسی و مه‌ده‌نی، نوێنه‌ری په‌ڕلمانی کوردستان، که‌سایه‌تی ڕۆشنبیری و چالاک وانی خه‌باتی مه‌ده‌نی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆی زۆر به‌سه‌ر که‌وتووی به‌ست.

شایه‌نی باسه‌ وێڕای پێویستی یه‌ک بوونی ماڵی کوردی، به‌ستنی کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی، دۆزینه‌وه‌ی شێوازێکی ته‌ندروست بۆ پاراستنی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هاتووه له‌ باشوور، پێکه‌وه‌ کارکردن و یه‌کبوونی کوردانه‌ له‌ ڕۆژئاوا، کاری به‌ره‌یی له‌ ڕۆژهه‌ڵات، به‌ره‌و پیش بردنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له باکور، تێکۆشانی مه‌ده‌نیانه بۆ ئازادی سه‌رۆک ئاپۆ و هه‌زاران زیندانی سیاسی تری کورد له‌ زیندانه‌کانی تورکیا، به‌ره‌و پێش بردنی زمان و کلتوری کوردی، پێکه‌وه‌ کارکردن و پێکه‌وه‌ ژیانی کوردانی تاراوگه، دۆزینه‌وه‌ی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و په‌ره‌ پێدانیان، ئه‌کتیڤ کردنی کۆمیته‌ی به‌ جیهانی کردنی کێسه‌کانی جینۆساید، له‌ که‌ش و هه‌وایه‌کی زۆر کوردانه به‌ گه‌رمی ئاخاوتنیان له‌سه‌ر کرا.

له‌ دیدار له‌گه‌ڵ ده‌یان له‌ سیاسه‌ت مه‌دار، نوێنه‌ری حزب و ڕێکخراوه‌کان به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دانا سۆفی نوینه‌ری په‌ڕلمانی کوردستان له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، باس له‌ شێوازی باشتر ئۆرگانیزه‌کردنی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی ناو ووڵات و چۆنیه‌تی چالاک کردنیان بۆ گه‌یاندیان به‌ ئاستی به جیهانی کردنی کێسه‌کانی جینۆساید به‌گشتی ، کێسه‌کانی زانکۆی سلێمانی له‌ قه‌ڵادزێ و ڕاگواستنی پشده‌ر به‌تایبه‌تی کرد.

له‌ به‌رواری 30 ئایار 2012 بۆ به‌دوا داچوون له داواکاریه‌کانی به‌شدارانی یادی 24. 04 له‌ له‌نده‌ن ، به‌رنامه‌ ڕێژی بۆ به‌ستنی سیمینارێکی ئه‌کادیمی له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆکان یان په‌ڕلمانی به‌ریتانیا بۆ یادی ڕاگواستنی ده‌‌ڤه‌ری پشده‌ر له 25. 06. 1989، دۆزینه‌وه‌ی میکانزمێک بۆ شێوازی به‌ ده‌مه‌وه‌ چونی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ داواکانی خه‌ڵک، چۆنیه‌تی به‌شداری پێکردنی زانا، ئه‌کادیمی، ڕۆشنبیر، سیاسه‌ت مه‌دار و چالاکوانانی خه‌باتی مه‌ده‌نی، ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان، شێوازی به‌ شداری پێکردنی خه‌ڵک له‌ به‌جیهانی کردنی جینۆساید زۆر به‌گه‌رمی له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێز به‌یان سامی عه‌بدول ڕه‌حمان و به‌ڕێز خه‌سره‌و ئاژگه‌یی هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر کرا. شایه‌نی باسه به‌ڕێز ئیدریس میران که باوک و برای شه‌هیده له‌ دانیشتنه‌که‌‌دا ئاماده‌ بوو. وا بڕیاره‌ دیالۆگ و دانیشتنه‌کان به‌ کراوه‌‌یی و بێ سانسۆڕی حزبایه‌تی بۆ بازنه‌یه‌کی فراوانتر له‌ خه‌ڵک به‌رده‌وامی هه‌بێت .

به‌ هیوای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ ڕاشکاوانه‌ بێته‌ مه‌یدان و به‌رنامه‌ی ستراتیجی هه‌بێت بۆ پرسه‌ چاره‌ نووس سازه‌کان، به‌ تایبه‌تی کێسه‌کانی به‌ جیهانی کردنی جینۆساید.

یه‌ک ده‌نگی و بڕوا به‌خۆبوونی خه‌ڵکی کوردستان مه‌رجی سه‌ره‌تایی هاتنه‌ دی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پلانسازی پاشه‌ڕۆژێکی پڕشنگ داره بۆ کوردستان.

به‌ر قه‌رارتر بێت (پێکه‌وه بیر کردنه‌وه، کارکردن و ژیان)ی کوردستانیان، له‌ ژێر ئاڵای پڕ شکۆی کوردستان.

 

خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر

له‌نده‌ن، 30 ئایاری 2012

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه