به‌باننامه‌ی لیژنه‌ی کاتی سه‌باره‌ت به‌یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵناسانی هه‌ولێرو کۆمه‌ڵه‌ى کۆمه‌ڵناسانو ده‌رونناسانى سلێمانی

سڵاوى کارو زانست

پاش ئه‌وه‌ی زیاتر له‌دوو ساڵ تێپه‌ربوو به‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی یاساییو مه‌عنه‌وه‌ی هه‌ردوو (هه‌ردوو کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵناسانی هه‌ولێرو کۆمه‌ڵه‌ى کۆمه‌ڵناسانو ده‌رونناسانى سلێمانی) دا.. چه‌ندین که‌س کرابوون به‌ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ردن، بێ ئه‌وه‌ی که‌س ده‌نگی پێدابن یاخود نوێنه‌رى هه‌ڵبژێردراوى توێژه‌ران بن.. چه‌ندین که‌سی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن ده‌ستیان له‌کارکێشابوه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی ئیعلانکرابێت.. سه‌دان توێژه‌ری تازه‌ دامه‌زراو ده‌نگیان نه‌دابوو له‌سه‌ر جومگه‌کانو پرسه‌کانی کۆمه‌ڵه‌، ئه‌وانه‌ هه‌مووی جێگه‌ی نیگه‌رانی بوون بۆ سه‌دان توێژه‌ر.

بۆیه‌ ئێمه‌ به‌خۆبه‌خشانه‌و له‌سه‌ر ویستو ئیراده‌ى چه‌ندان توێژه‌ر هه‌ستاین به‌دروستکردنی لیژنه‌یه‌ک به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ر دوو کۆمه‌ڵه‌که‌ تا یه‌کبگرنه‌وه‌و کۆنگره‌و هه‌ڵبژاردنێکی شه‌فاف سازبدرێت، بۆبنیاتنانی یه‌ک سه‌ندیکای به‌هێزو چالاک که‌ جێگه‌ى متمانه‌ى توێژه‌رانى کۆمه‌ڵناسى ده‌روونناسانى بێت نه‌ک وه‌ک حاڵى ئێستا که‌ دووکۆمه‌ڵه‌ى کارتۆنىو بێئیراده‌و حیزبى مافى توێژه‌رانى کردبوه‌ چه‌ک بۆ به‌دیهێنانى خواسته‌ شه‌خسیه‌کان .

له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین کارو کاریگه‌رمان هه‌بوو، له‌وانه‌ش:

- پرسی دوو کۆمه‌ڵه‌ی ماوه‌به‌سه‌رچوو، پرسی هه‌ڵبژاردنو کۆنگره‌مان، کرد به‌بابه‌تی ده‌یان که‌ناڵی راگه‌یاندن.

- گفتوگۆو ئاڵوگۆڕی بیرورامان دروستکرد له‌لای کۆمه‌ڵناسانو ده‌روونناسانو توێژه‌ران له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه‌.

- کاریگه‌ریمان هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ر دوو کۆمه‌ڵه‌ی ماوه‌به‌سه‌رچوو، تا هاتنه‌سه‌رخه‌تو که‌وتنه‌خۆیانو چه‌ندین لێدوانو کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

- سه‌ردانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نیداره‌کانمان کرد، تا کارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ئه‌رکى خۆى هه‌ستاو به‌نوسراوى ژماره‌(٧٨٥٧) له‌(٢٩/٣/٢٠١٢) دا که‌ ئاراسته‌ى هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێرو سلێمانى کراوه‌ تا هه‌ردوو کۆمه‌ڵه‌که‌ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ که‌ رۆژى (٧/٤/٢٠١٢) له‌وه‌زاره‌ت ئاماده‌بن بۆ مه‌به‌ستى وتووێژ له‌سه‌ر یه‌کگرتنه‌وه‌و کۆنگره‌، ئه‌وه‌بوو له‌رۆژى (٨/٤/٢٠١٢) له‌جیانى (٧/٤) هه‌ردوو کۆمه‌ڵه‌که‌ له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆو به‌ئاماده‌بونى دوان له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌ى کاتى کۆبونه‌وه‌که‌ ئه‌نجامدراو سه‌ره‌نجام له‌ژێر گوشارى وه‌زاره‌ت بریار درا که‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ى (٣٠) رۆژدا هه‌ردوو کۆمه‌ڵه‌که‌ یه‌کبگرنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌نوسراوى ژماره‌(٩١١٣) له‌رۆژى(١١/٤/٢٠١٢)ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ دا ئاماژه‌ى پێدراوه‌ و دواجار له‌رۆژی ١٦-٦-٢٠١٢ ئیعلانی یه‌کگرتنه‌وه‌یان کرد.

 

ئێمه‌ له‌لیژنه‌ى کاتى ئاماده‌سازى کۆنگره‌ ، هه‌نگاوی یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌ئیجابی ده‌زانین، چونکه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌کێک بوه‌ له‌داواکاریه‌ بنه‌ره‌تیه‌کانى لیژنه‌که‌مان، به‌مه‌به‌ستی بنیاتنانی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی چالاکو ئه‌کتیڤ، هاوکات ئه‌م ره‌خنانه‌مان هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازی یه‌کگرتنه‌وه‌که‌:

١- به‌گشتى ئه‌م یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌ زیاتر بۆ رازیکردنی ویستی دوو حیزبی ده‌سه‌لآتدار بوو، نه‌ک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی توێژه‌ران، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کگرتنه‌وه‌که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی دوو ئیداره‌ییو دوو حزبی ده‌سه‌لآتداری پێوه‌دیاره‌، ئه‌ویش به‌دابه‌شکردنی پۆسته‌کان به‌شێوه‌ی په‌نجابه‌په‌نجا، سێ مانگ سه‌رۆکایه‌تی بۆ نوێنه‌ره‌که‌ی پارتیو سێ مانگیش بۆ نوێنه‌ره‌که‌ی یه‌کێتی. که‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌.

٢- سه‌باره‌ت به‌خاڵى دووه‌م له‌رێکه‌وتنه‌که‌ که‌ ده‌ڵێت: (هه‌موو کۆمه‌ڵناسو ده‌رونناسێک ده‌بێته‌ ئه‌ندامو دێته‌ کۆنگره‌ به‌مه‌رجێک مماره‌سه‌ى کارى توێژه‌رى بکاتو عنوانى وه‌زیفى (ناونیشانى پیشه‌یی)توێژه‌رى کۆمه‌لآیه‌تىو ده‌رونى بێتو له‌سه‌ر میلاکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بێت) ئێمه‌ ئه‌م خاڵه‌ ره‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌ داوا ده‌که‌ین ده‌ست به‌جێ لاببرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که‌:

ا- ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه‌ بسه‌پێت ئه‌وا خاڵى یه‌که‌م له‌رێکه‌وتنامه‌که‌ پوچه‌ڵ ده‌بێتو ده‌بێت بگۆردرێت به‌(کۆمه‌ڵه‌ى توێژه‌رانى کۆمه‌ڵناسىو ده‌رونناسى)

ب- به‌م خاڵه‌ گشت توێژه‌رانى فه‌لسه‌فه‌ که‌ ئێستا ئه‌ندامن له‌کۆمه‌ڵه‌ى هه‌ولێر له‌ئه‌ندامێتى ده‌که‌ون.

ج- به‌م خاڵه‌ گشت توێژه‌رانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ناوخۆو خوێندنى بالآو ته‌ندروستى له‌ئه‌ندامێتى ده‌که‌ون.

دـ- ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه‌ وه‌ک خۆى له‌م رێکه‌وتنامه‌ حیزبیه‌دا بمێنێت ئه‌وا توێژه‌رانى خاڵى (ب.ج) له‌رێگه‌ى دادگاوه‌ ده‌توانن ناونیشانى کۆمه‌ڵه‌که‌ له‌به‌رێزتان بسه‌ننه‌وه‌.

٣- له‌خاڵی هه‌شته‌مدا نوسیویانه‌: سکرتارییه‌تی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵه‌ لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ پێکده‌هێنێت.

*ئێمه‌ ره‌خنه‌مان هه‌یه‌ له‌م خاڵه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی رونو ئاشکراو بێپاساوه‌ که‌ سکرتارییه‌تى نوێى کۆمه‌ڵه‌ (که‌ پێکهاته‌ى دوو حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌که‌ن)، ده‌توانن لیژنه‌یه‌کى ئاماده‌کاری بۆ کۆنگره‌ پێکبهێنن که‌ به‌خواستو مه‌رامی دوو حزبی ده‌سه‌لآتدار بێتو تا رێگه‌ خۆشکه‌ربێت چۆنیان ویست کۆنگره‌ به‌قازانجى خۆیان کۆتاى پێبهێنن.

بۆیه‌ ئێمه‌ داواکارین لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ستافه‌کانی دوو کۆمه‌ڵه‌که‌ پێکبهێنرێت له‌که‌سانی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌نو جێ متمانه‌ی توێژه‌ران. ته‌نانه‌ت گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ به‌هه‌لبژاردن پێکبهێنرێت.

٤- سه‌باره‌ت به‌خاڵی نۆیه‌مو ده‌یه‌م، ره‌خنه‌ی توندمان هه‌یه‌.

پێویست ناکات به‌نۆره‌، جارێک نوێنه‌ره‌که‌ی پارتی سێ مانگ سه‌رۆک بێتو دواتر نوێنه‌ره‌که‌ی یه‌کێتی، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بوونی یه‌ک ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری بێلایه‌ن، کافییه‌ بۆ راپه‌راندنی کاره‌کانی ئه‌م قۆناغه‌، نه‌ک بوونی سه‌رۆک.

 

هاوکات ئێمه‌ دڵنیانین له‌وه‌ى :

یه‌که‌م: له‌ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش مانگه‌دا، ئیستغلالی پۆسته‌ حکومییه‌کانو ئیمکانیاتی کۆمه‌ڵه‌ نه‌کرێت بۆ مه‌رامی شه‌خسیو کۆکرنه‌وه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ کاندیدی دوو حزبی ده‌سه‌لآتدار.

دووه‌م: دڵنیانین که‌ له‌م ماوه‌یه‌دا منه‌ت به‌سه‌ر توێژه‌راندا نه‌که‌ن به‌وه‌ی "فلان کارمان بۆ کردوون" یان (دامان مه‌زراندوون)، ئێمه‌ پێمانوایه‌ که‌ توێژه‌رانی کۆمه‌لآیه‌تیو ده‌روونی له‌به‌ر پێداویستی کۆمه‌ڵگه‌ له‌شوێنه‌ جیاجیاکانی حکومه‌ت دامه‌زراون، بۆ کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵناسانو ده‌روونناسان له‌ئێستاو داهاتوشا نییه‌، منه‌ت بکات به‌وه‌ی که‌ ئه‌وان توێژه‌رانیان دامه‌زراندوه‌، و منه‌تباریان بکه‌ن تا ده‌نگ به‌کاندیده‌کانیان بده‌ن.

ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و کۆنگره‌که‌ جیاوازبێت له‌هه‌موو کۆنگره‌و هه‌ڵبژاردنی رێکخراوه‌کانی دیکه‌، که‌ خوازیارین رێگه‌نه‌درێت لیستی حزبی هه‌بێت،و توێژه‌رانو کۆمه‌ڵناسان‌و ده‌روونناسان دابه‌شنه‌کرێن به‌سه‌ر لیستی حزبه‌کاندا، چونکه‌ ئێمه‌ ئامانجمان کۆمه‌ڵگه‌یه‌، نه‌ک خزمه‌تی حزبو به‌رزکردنه‌وه‌ی نفوزو ره‌سیدی حیزبه‌کان. جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ لیستی کاندیدان له‌سه‌ر ئاستی تاکه‌که‌سیو شیاوی بێت، نه‌ک له‌سه‌ر لیستو ته‌زکییه‌ی حزبی.

ئێمه‌ چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین له‌هه‌موو کۆمه‌ڵناسانو ده‌رووناسانی به‌ڕێز، که‌ رێگه‌نه‌ده‌ن که‌س مافه‌کانیان بخوات،و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌زکییه‌ی حزبی ده‌نگنه‌ده‌ن به‌کاندیده‌کان، ئێمه‌ کارمان به‌رجه‌سته‌کردنی نفوزو ره‌سیدی حیزبه‌کان نییه‌، به‌ڵکو مه‌به‌ستمان بنیاتنانی سه‌ندیکایه‌کی ئه‌کتیڤو چالاکه‌.

هاوکات پێشنیارده‌که‌ین که‌:

له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی داهاتوو، بڵاوکراوه‌یه‌کی ده‌وری ده‌ربچێندرێت به‌ناوی به‌ره‌و کۆنگره‌، بۆئه‌وه‌ی ئاڵۆگۆڕی بیرورای تیابکرێت، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ چۆن کۆنگره‌و هه‌ڵبژاردنێکمان ده‌وێت، ئه‌و بڵاوکراوه‌یه‌ ده‌کرێت مانگانه‌ دووجار ده‌ربچێت، به‌تیراژی ژماره‌ی توێژه‌ران چاپکرێتو بگه‌یه‌ندرێته‌ ده‌ست هه‌موو توێژه‌ران،و ده‌رگای بخاته‌سه‌رپشت بۆ بیروراو بابه‌تو وتاری هه‌مووان به‌بێ جیاوازی.

 

تێبینی:

یه‌که‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و داواکارییو خالآنه‌ی له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا خستومانه‌ته‌ڕوو له‌به‌رچاونه‌گیرێت، ئه‌وا هه‌ڵوێستمان ده‌بێت.

دووه‌م: له‌به‌ر پێویستی قۆناغه‌که‌، لیژنه‌که‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، که‌ لیژنه‌یه‌کی کاتی بوو به‌ناوی (لیژنه‌ی کاتی ئاماده‌سازی بۆ کۆنگره‌وو هه‌ڵبژاردن)، واته‌ له‌دوای ئه‌م به‌یاننامه‌وه‌ شتێک نییه‌ به‌ناوی لیژنه‌ی کاتی ئاماده‌سازی کۆنگره‌و هه‌ڵبژاردن.

هاوکات به‌نیازین له‌داهاتوویه‌کی نزیکدا گروپێک به‌ناوی (گروپی چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنو کۆنگره‌) دروستبکه‌ین، بۆ چاودێری هه‌ر لادانو خروقاتێک که‌ له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵناسانو ده‌روونناسانه‌وه‌ بکرێت، که‌ لێی بێده‌نگ نابینو رای گشتیو توێژه‌رانی لێ ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌.

هه‌ر به‌ڕێزێک ده‌یه‌وێت ناوی له‌و لیژنه‌یه‌دا هه‌بێت تکایا ئاگادارمان بکاتو ناوی سیانی خۆییو ئیمه‌یڵو ژماره‌ ته‌له‌فۆنی خۆی بنێرێت بۆمان.

 

له‌گه‌ڵ رێزمان بۆ هه‌موو لایه‌ک

به‌هیوای بنیاتنانی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌کتیڤو چالاک بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵناسانو ده‌روونناسانی کوردستان

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه