ده‌ستدرێژیی سێكسی؛ لە نێوان دیناره‌كانی ئیسلام و كه‌لێنه‌كانی یاسا و چاره‌سه‌ریی عه‌شایەریدا

رێكخراوی پۆینت بۆ راپرسی و لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان

"راپرسی"

پێشه‌كی:

له‌ سه‌ره‌تای مانگی (مارس/ 2012) كچێكی مه‌غریبی خۆی كوشت؛ ئه‌و كچه‌ ناچار كرابوو شوو به‌و پیاوه‌ بكات كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی دژی ئه‌و ئه‌نجام دابوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سزادانی یاسایی و زیندان رزگاری بیت به‌ پێی یاسای سزادان له‌ وڵاتی مه‌غریب به‌رامبه‌ر تاوانی له‌م جۆره‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی نه‌مانی سزایه‌كان.

(ئه‌مینا فیلالی) كه‌ خه‌ڵكی شارۆچكه‌یه‌كی نزیك شاری (ته‌نجه‌)یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری ئه‌و وڵاته‌، خۆی كوشت، وه‌كو نه‌رازیبوونێك به‌رامبه‌ر به‌شوودانی ئه‌و به‌ زۆڕیی له‌و پیاوه‌ی كه‌ ده‌ستی سێكسیی بۆی بردووه‌، كه‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ پاش ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی عه‌شایریی گه‌یشتببونه‌ ئه‌و بڕیاره‌!! بۆیه‌ش یاسای مه‌غره‌بیی به‌ پێی بڕگه‌یه‌كی یاسایی كه‌ ده‌ڵێت "تاوانباری ده‌ستدرێژیی سێكسی زیندانیی ناكرێت گه‌ر هات و ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ ده‌ستدریّژیی سێكسی دژی ئه‌و ئه‌نجام داوه‌ ماره‌ی بكات" نه‌یتوانی تاونباره‌كه‌ سزا بدات!!.

سزای ده‌ستدرێژیی سێكسی له‌ ئاینی ئیسلام دا؛ ئه‌وه‌یه‌: "پێویسته‌ ده‌ستدرێژكار سزای (زینا) وه‌رگریت، ئه‌ویش كوشتنه‌ (ره‌جم) گه‌ر پارێزراو بیت (ژنی هه‌بیت) به‌ڵام گه‌ر پارێزراو نه‌بیت ئه‌وه‌ ته‌نها سه‌د قامچی لێبدرێت و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ زیندانی بكرێت، دیسان به‌ پێی هندێك زانایانی ئاینی ئیسلام پێویسته‌ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌م كرداره‌ هه‌ستاوه‌ پاره‌ی ماره‌یی ئه‌و ئافره‌ته‌ بدات!! كه‌چی ئاینی ئیسلام باس له‌ مافی ئه‌و ئافره‌ته‌ ناكات كه‌ ده‌ستدرێژیی له‌سه‌ری كراوه‌ ئه‌وه‌ نه‌بیت كه‌ پێویسته‌ چه‌ند دینارێك له‌ لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه‌ راده‌ستی بكرێت پاش ئه‌وه‌ی سه‌د قامچییه‌كه‌ی بخوات!!.

ئه‌و تاوانه‌ كه‌ یه‌كه‌م نییه‌ و دوا تاوانیش نابیت له‌ هه‌موو جیهان، ویژدانی پێشكه‌وتوو و سڤیلی هه‌ژاند له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌ و جیهان، دیسان بووه‌ هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی ده‌نگی داوا كراوانی مافی ئافره‌ت بۆ ئه‌كتیڤ كردنی یاساكانی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی ده‌ستدرێژیی سێكسی و لابردنی هه‌موو ئه‌و بڕگه‌ یاسایانه‌ی باس له‌ رزگار بوونی ده‌ستدرێژكاری سێكسی ده‌كه‌ن گه‌ر هات و ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ ماره‌ی بكات!! چونكه‌ به‌ پێی بۆچوونی پشتیوانانی مافی ئافره‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل ئه‌و بڕگه‌ یاسایانه‌ "به‌رگری له‌ خێزان و داب و نه‌ریته‌كان ده‌كه‌ن به‌ڵام مافی ئافره‌ت وه‌كو تاكێك پێشێل ده‌كه‌ن" بۆیه‌ش ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ داپۆشینی ئه‌م تاوانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێته‌ هاندره‌ێك بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ له‌ لایه‌ن هه‌مان تاوانباره‌كانه‌وە.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ یاسای سزاكانی عیراق تونده‌ به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانی ده‌ستدرێژیی سێكسی، كه‌ زۆر جار سزاكه‌ ده‌گاته‌ له‌سێداره‌دان، كه‌چی زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌كان په‌نا ب دادگاكان نابه‌ن و پێیان باشتره‌ كه‌ په‌نا بۆ رێككه‌وتنی عه‌شایری ببه‌ن كه‌ بریتییه‌ له‌ ناچار كردنی ده‌ستدرێژكارانی سێكسییه‌ قوربانییه‌كانی خۆیان ماره‌ی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رزگاریان بیت له‌ سزای یاسای و بگره‌ عه‌شایریش!.

له‌ كوردستان، كه‌ هه‌مان یاسا به‌رێوه‌ی ده‌بات، زۆرێك له‌م تاوانانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، به‌ڵام هه‌رگیز تاوانی له‌م چه‌شنه‌ له‌ نێو بازنه‌ی بێ‌ ده‌گی دا ده‌مێێته‌وه‌، زۆربه‌ی جارانیش له‌ ترسی هه‌تك و شه‌رمه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، چونكه‌ كوردستانیش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌شایرییه‌ و پیاوی كۆمه‌ڵگه‌ی له‌و چه‌شنه‌ ناتوانیت گرفتێكی وا هه‌تكبه‌ر له‌ نێو هۆڵه‌كان دادگاكان دا بۆ هه‌موو خه‌ڵك ئاشكه‌را بكات، بۆیه‌ش زۆربه‌ی جاران په‌نا بۆ چاره‌سه‌ریی عه‌شایری ده‌به‌ن كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌شوودانی ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌و پیاوه‌ی كه‌ ئه‌م تاوانه‌ی ئه‌نجام داوه‌، هه‌روه‌ها زۆر جاریش پێویسته‌ بنه‌ماڵه‌ی پیاوه‌كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بداته‌ بنه‌ماڵه‌ی ئافره‌ته‌كه‌ یان خوشكێكی خۆی له‌ برا یان ئامۆزایه‌كی ئافره‌ته‌كه‌ ماره‌ بكات، ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ كۆتایی به‌ تاوانه‌كه‌ ده‌هێندرێت هه‌ر وه‌كو شتێك رووینه‌داوه‌ و هه‌ر وه‌كو ئافره‌تێك مافی پێشێل نه‌كراوە.

پرسیاری گه‌وره‌ش لێره‌ دا ئه‌وه‌یه‌: "ئایا تاوانی ده‌ستدرێژیی سێكسی به‌ ماره‌ كردنی ئافره‌ته‌كه‌ له‌ لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه‌ كۆتایی پێدێت؟" زۆربه‌ی زانا سایكۆلۆژییه‌كان پێیان وایه‌ كه‌ شوێنه‌واره‌كانی تاوانی ده‌ستدرێژیی سێكسی به‌ ماره‌ كردن ناسڕینه‌وه‌، چونكه‌ گرفته‌كه‌ له‌وه‌ قۆڵتره‌، بۆیه‌ش پرسیارێكی دیكه‌ دێته‌ ئاراوه‌: "ئایا زۆردار و زۆرلێكراو ده‌توانن پێكه‌وه‌ و له‌ ژێر یه‌ك بان و له‌سه‌ر یه‌ك سیسه‌م بژین؟"!!.

له‌م راپرسییه‌ دا كه‌ هه‌وڵمان داوه‌ به‌ بێ‌ لایه‌نی و به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی ئه‌نجامی بده‌ین، كه‌ (1000) هه‌زار كه‌س له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێك و چین و ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك (كورد، توركمان، كلدوئاشووری، عه‌ره‌ب و ئه‌وانی دیكه‌) و له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز له‌ هه‌ر (5) پارێزگاكانی (هه‌ولێر، سلێمانی، كه‌ركووك، دهۆك و مووسل) به‌شدارییان تیایدا كردووه‌، هه‌وڵمان داوه‌ رای شه‌قامی كورستانی بخۆێنینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر تاونی ده‌ستدرێژی سێكسی كه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سێكی ناپارێزراوه‌وه‌ (بێ‌ ژن) له‌ گه‌ڵ كچێكی شوونه‌كراو دا ئه‌نجام ده‌درێت؛ كه‌ زۆربه‌ی جاران به‌ پێی داب و نه‌ریتی عه‌شایریی كوردستان به‌شوودانی ئه‌و ئافره‌ت له‌ هه‌مان پیاوه‌ كۆتایی پێده‌هێنرێت دوور له‌ دادگاكان، وه‌كوو هه‌وڵێكی رژد له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتنی سروشتی ئه‌م رایه‌ و ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ده‌وه‌ستن، دیسان وه‌كو هه‌وڵێك له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بۆ گه‌ڵاڵه‌ كردنی تێگه‌یشتنێكی ئاشكه‌را و رۆناك بۆ ئه‌م تاوانه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك پێیان وایه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دوڕندانه‌ مافی ئافره‌ت پێشێل ده‌كات.

 

 

 

ئه‌نجامه‌كان

 

01- ئایا پێت وایه‌ ده‌ستدرێژیی سێكسی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تاوانێكی گه‌وره‌یه‌؟

به‌ڵێ‌: 75.7%

نه‌خێر: 11.8%

نازانم: 12.5%

 

02- ئایا پاڵپشتی له‌ لابردنی هه‌ر بڕگه‌یه‌كی یاسایی ده‌كه‌ی كه‌ رێ‌ له‌ گرتن و سزادانی ده‌ستدرێژكاری سێكسی ده‌گریت پاش ماره‌كردنی ئه‌و كچه‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌؟

به‌ڵێ‌: 77.6%

نه‌خێر: 21.3%

نازانم: 01.1%

 

03- ئایا پێت وایه‌ ئاینی ئیسلام بێ‌ ویژدانیی نواندوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافی ئافره‌ت كاتێك پیاوی ده‌ستدرێژكار ناچار كردووه‌ ته‌نها ماره‌یی ئه‌و كچه‌ بدات كه‌ ده‌ستدرێژكاریی به‌رامبه‌ری كردووه‌ و به‌ سه‌د قامچیی سزا بدرێت؟

به‌ڵێ‌: 81.2%

نه‌خێر: 016.3%

نازانم: 02.5%

 

04- ئایا پاڵپشتی له‌ به‌شوودانی به‌ زۆریی و به‌ بێی ئاره‌زوویی ئه‌و كچه‌ی ده‌ستدرێژیی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌و پیاوه‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ و به‌ دواهێنانی ئه‌و تاوانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ی؟

به‌ڵێ‌: 17.4%

نه‌خێر: 79.3%

نازانم: 03.3%

 

05- ئایا پاڵپشتی له‌ به‌شوودانی ئه‌و كچه‌ی ده‌ستدرێژیی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌و پیاوه‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ گه‌ر یه‌كتریان خۆشبوێت و به‌ دواهێنانی ئه‌و تاوانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ی؟

به‌ڵێ‌: 92.3%

نه‌خێر: 04.5%

نازانم: 03.2%

 

 

پوخته‌:

ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ زۆرینه‌ی شه‌قامی كوردستان پێی وایه‌ كه‌ ده‌ستدرێژیی سێكسی تاوانێكی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ش (75.7%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ ده‌ستدرێژیی سێكسی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تاوانێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ شه‌قامی كوردستان كه‌ پابه‌نده‌ به‌ ره‌وشت وه‌كو زۆربه‌ی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دژی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌یه‌ و وه‌كو ده‌رچوونێك له‌ بازنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاینیی باو ته‌ماشا ده‌كات.

ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ زۆرینه‌ی شه‌قامی كوردستان پاڵپشتیی پته‌و له‌ هه‌موار كردنی یاسای سزادانی تایبه‌ت به‌ تاوانی ده‌ستدرێژیی سێكسی ده‌كات، بۆیه‌ش (77.6%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ داكۆكییان له‌سه‌ر پێویستیی لادان و لابردنی هه‌ر بڕگه‌یه‌كی یاساییان كرد كه‌ رێ‌ ده‌دات ئه‌نجامده‌ری ئه‌و تاوانه‌ نه‌گیرێت و سزا نه‌درێت گه‌ر هات و ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ ده‌ستی پیسی بۆ بردووه‌ ماره‌ی بكات، به‌ڵام (21.3%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ دژی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بوون و پێیان وابوو كه‌ بڕگه‌ی له‌م چه‌شنه‌ پێویسته‌ لانه‌درێت، دیاره‌ هۆی هه‌بوونی ئه‌م رایه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ده‌ستدرێژكار بدرێت بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ و به‌دواهێنانی ئه‌م تاوانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كه‌مترین زیانی لێ‌ بكه‌ویته‌وە.

شه‌قامی كوردستان و تێكرای كۆمه‌ڵگای كوردستان و سه‌ره‌ڕای زاڵبوونی به‌هاكانی ئیسلام به‌سه‌ریان دا؛ كه‌چی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ پێی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وایه‌ ئاینی ئیسلام تا رادده‌یه‌ك بێ‌ ویژدان بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافی ئافره‌ت له‌ بابه‌تی ده‌ستدرێژیی سێكسی دا، بۆیه‌ش (81.2%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ ئاینی ئیسلام بێ‌ ویژدانیی نواندووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافی ئافره‌ت كاتێك ته‌نها سزای دانی ماره‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ و وه‌رگرتنی ته‌نها سه‌د قامچی له‌سه‌ری سه‌پاندووه‌!! ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێزارییه‌كی سڤیلی بێ‌ ده‌نگ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و حوكمه‌ ئیسلامییه‌ كه‌ پاڵپشتی له‌ پیاو ده‌كات و كه‌سایه‌تی ئافره‌ت ده‌شكێنیت ومافه‌ سرووشتییه‌كانی به‌فیرۆ ده‌دات.

ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ زۆرینه‌ی شه‌قامی كوردستان پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ له‌ گه‌یشتنی دوو خۆشه‌یست به‌ یه‌كتر ده‌كات گه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی سێكسیش له‌ نێوان ئه‌وان دا رووبدات، هه‌روه‌ها ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ شه‌قامی كوردستان به‌ توندی دژی هه‌موو جورێك له‌ به‌شوودانی به‌ زۆره‌ گه‌ر داپۆشنێكیش بیت بۆ تاوانی ده‌ستدرێژیی سێكسی، بۆیه‌ش (79.3%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ دژی به‌شوودانی به‌ زۆریی ئه‌و ئافره‌ته‌ بوون كه‌ ده‌ستدرێژیه‌ سێكسی له‌سه‌ری كراوه‌ له‌و پیاوه‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ وه‌كو چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ تاوانه‌كه‌! كه‌چی (92.3%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازییان كرد له‌ به‌شوودانی ئه‌و ئافره‌ته‌ی تووشی ده‌ستدرێژیه‌ سێكسی بووه‌ له‌و پیاوه‌ی كه‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ به‌ مه‌رجێك كه‌ یه‌كتریان خۆشبوێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ به‌ كۆتایی بێت، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌قامی كوردستان پاڵپشتی له‌و چاره‌سه‌رییه‌ عه‌شایرییه‌ ده‌كات به‌ مرجی هه‌بوونی خۆشه‌ویستی له‌نێوان هه‌ردوو لا دا.

 

(p00pss)

(NO. 22)

 

(MARCH – 2012)

 

( ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it ( ( ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it )

(00964) (07504479839) (07701629888)

 

POiNT

www.pointnumber.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه