سیاسه‌تی هەرەشەی گرتن وپه‌نابردن بۆدادگا، نیشانەی ترسی دەسەڵاتە لەهاتنەوە مەیدانی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!

بەدوای تێبەربوونی ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ هەڤدەی شوباتدا وپاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەرێگەی سەرکوت وهێزی چەکدارەوە توانیان به‌ر به‌درێژه‌ کێشان وبه‌ریبونه‌وه‌ بەو خۆپیشاندانانە بگرن و ناوه‌ندی شاره‌کانی کوردستان وه‌ک مەیدانێکی به‌رده‌وامی سەربازی ڕابگرن، بەڵام ترس له‌هاتنه‌وه‌ مه‌یدانی ئەم بزوتنەوەیه‌و نارەزایەتیە جەماوەریه‌کان، له‌ئاستێکدا که‌سه‌رتاپای ده‌سه‌ڵات بخاته‌به‌رده‌م داڕمانه‌وه‌، به‌رده‌وام چینی فه‌رمانڕه‌وا وحزبه‌کانی وه‌ک یه‌کیه‌تیو پارتی له‌دڵه‌ڕاوکێ وقه‌یرانێکی سیاسیدا، ڕاگرتووه‌. به‌تایبه‌تی که‌هه‌م خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان سورن لەسەر خواستە ڕەواکانی خۆیان وهه‌م ڕۆژانه‌ش له‌سه‌ر مه‌سائیلی جۆراوجۆری ژیان وئازادیه‌کانیان، دێنه‌مه‌یدانه‌وه‌ وله‌فرسه‌تێک ده‌گه‌رێن تا دووبارە ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان به‌ره‌و بەرپاکردنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری وسەرتاسەی، په‌ره‌پێبده‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕاستیه‌دایه‌ که‌سه‌ڵاتداران، وه‌ک هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی تری چینی بۆرژوازی که‌که‌وتۆته ‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی وبڕیاری هاوڵاتیانی ژێرده‌ستیه‌وه‌، په‌نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی گرتن و زیندان ویاسا ودادگا وتۆقاندان ده‌بات تا له‌م ڕێگایانه‌وه‌ خه‌ڵکی چاوترسێن بکات وله‌ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی وهاتنه‌ نێوشه‌قام دوریان بخاته‌وه‌.

له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌شدا ئەمرۆ پۆلیسی سلێمانی نزار محەمەد یەکێک لەرێکخەرانی خۆپیشاندانی رۆژی ١٧ ی شوباتی ساڵی پاریان دەستگیرکردو پاشان بەکەفالەتی ٥٠٠ هەزار دینار ئازادیان کرد، هەروەها بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر بەتومەتی قسەکردن لەسه‌ر کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان وتێکدانی ئاسایشی هەرێم داوای یاسایی لەسەر هەریەک لەسەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی گۆڤاری لڤین وستاندەر تۆمارکردوە..

ئاشکرایە ئەم هه‌نگاوانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌کاتێکدایه‌ که‌نه‌ک هه‌ر که‌مترین وه‌ڵامی به‌خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان نه‌داوه‌ته‌وه‌، بگره‌ ته‌قه‌که‌ران وبکوژانی خه‌ڵکی ناڕازی به‌رده‌وام له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزێۆنه‌کانه‌وه‌، ته‌کریم وپله‌دارتر ده‌کرێن‌. ئه‌م سیاسەتەی دەسەڵاتداران که‌هاوکاتە لەگەڵ پروپاگەندەکانیان سەبارەت بەچاکسازی ونەهیشتنی گەندەڵی ودەستبردن بۆ سیناریۆ پوچەکانیان سه‌باره‌ت به‌کێشە لەگەڵ حکومەتی مالکی.. هه‌مووی ڕووی له‌وه‌یه‌ واقعیه‌تی ترسو له‌رزۆکی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ وناوه‌ڕۆکه‌ دژی خه‌ڵکیه‌که‌ی پێ په‌رده‌پۆش بکرێ. ئەم رەفتارانەی گرتن وپه‌نابردن بۆدادگا، درێژکراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی ڕاکێشانی له‌شکرو هیزی چه‌کدار وتوندکردنه‌وه‌ی سه‌رکوتگه‌ری سیاسیه‌ له‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان وترسی هاتنه‌وه‌مه‌یدانی خه‌ڵک‌. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئازادی خوازه‌وه‌ به‌رپه‌چ بدرێته‌وه‌ وبەبزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری سنوریک بۆ ئه‌م دەستدرێژیانه‌ دابنرێت.

ئێمە لەکۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا بەتوندی نارەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم رەفتارە سەرکوگەرانەی دەسەڵات دەردەبرین وئیدانەی دەکەین، لەهەمان کاتدا بانگەوازی سەرجەم کرێکاران وخەڵکی ئازادیخواز دەکەین، کەلەبەرامبەر ئەم سیاسەتی هەرەشەو تۆقاندنە بێنە دەنگ ونارەزایەتیه‌کانی خۆیان بەهێزتر ویه‌کگرتووتر بکەن.

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان

٢٦ ی ئازاری ٢٠١٢

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه